X
ئ|

شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا... توندترین شه‌ڕی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا

ڕاپۆرت

6 رۆژ پێش ئێستا     2882 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت 
شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا به‌ توندترین شه‌ڕی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ 2003دا داده‌نرێت و به‌وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌وكاتی‌ عێراقی‌، سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه‌ عێراقییانه‌ی‌ تیایدا به‌شداربوون به‌ چه‌كی‌ نائاسایی‌ له‌ناوبران و جه‌نگه‌كه‌ی‌ یه‌كلاییكرده‌وه‌.


له‌ 19ی‌ ئازاری‌ 2003دا هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ سه‌ر عێراق ده‌ستپێكرد و له‌ 1ی‌ ئایاری‌ هه‌مان ساڵدا به‌ رووخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن كۆتایی هات و له‌و ماوه‌یه‌دا و به‌ دیاریكراوی‌ له‌ 9ی‌ نیساندا به‌غدای‌ پایته‌ختیان كۆنترۆڵ‌ كرد.

له‌ماوه‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌، چه‌ندین شه‌ڕی‌ توند روویاندا و توندترینیان شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بوو كه‌ چه‌ند رۆژێك به‌رده‌وام بوو و دواجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌مریكییه‌كان كۆتاییهات و رێخۆشكه‌ربوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ ناو به‌غدا و رژێمی‌ عێراق بڕووخێنن.

فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌

فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای‌ به‌غدای‌ پایته‌خت به‌ دووری‌ 19 كیلۆمه‌تر و به‌ گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه‌ له‌ عێراق داده‌نرێت و ناوه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ چالاكییه‌كانی‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ عێراقه‌.

فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌ رووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ گرنگی‌ ستراتیژی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ و به‌ڕێگایه‌كی‌ خێرای‌ وشكانییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ناوه‌ندی‌ شاری‌ به‌غدا.

له‌ كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراقدا توندترین شه‌ڕی‌ نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان كه‌ به‌رگرییان له‌ پایته‌خت ده‌كرد و هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا تیایدا روویدا.

شه‌ڕه‌كه‌ به‌هیچ جۆرێك هاوسه‌نگ نه‌بوو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ عێراق له‌ ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ له‌ژێر ئابڵوقه‌ی‌ ئابووری‌ نێوده‌وڵه‌تیدا بوو، سوپاكه‌ی‌ نه‌یتوانیبوو له‌ رووی‌ چه‌ك و كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ خۆی‌ نوێ بكاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراق له‌لایه‌ن هێزی‌ ئاسمانی‌ ئه‌مریكاوه‌ به‌ته‌واوی‌ تێكشكێندرابوو.

فه‌ریق روكن ره‌عد ئه‌لحه‌مدانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ دووی‌ حه‌ره‌س جمهوری‌ "گاردی‌ كۆماری‌" له‌ كتێبه‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ "به‌رله‌وه‌ی‌ مێژوو جێمان بێڵێت"، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هۆكاری‌ راسته‌وخۆی‌ هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ خێرایی به‌ره‌و به‌غدا و فڕۆكه‌خانه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ 2ی‌ نیسانی‌ 2003دا فه‌رمانده‌یی سه‌ربازی‌ عێراق فه‌رمانێكی‌ راسته‌وخۆی‌ پێكرا تا زۆربه‌ی‌ یه‌كه‌كانی‌ له‌ باشووری‌ به‌غدا به‌ره‌و باكووری‌ پایته‌خت و رۆژئاوای‌ له‌ به‌ری‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار بكێشێته‌وه‌.

ره‌عد ئه‌لحه‌مدانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئه‌م فه‌رمانه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبوو كه‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاتی‌ عێراق پێیوابوو كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ باشووری‌ پایته‌خت ته‌نها فێڵێكی‌ سه‌ربازییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ میحوه‌ره‌كانی‌ باكوور و رۆژئاواوه‌ گه‌وره‌ترین هێرش بۆسه‌ر به‌غدا ئه‌نجام بدات.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌لحه‌مدانی‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌و فه‌رمانه‌ رازی‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام فه‌رمانه‌كان ده‌رچوون، ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خێرایی دۆخی‌ شه‌ڕه‌كه‌ بگۆڕێت و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ عێراق له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا بڕووخێن به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ باڵاده‌ستی‌ ته‌كنینی‌ و ئاسمانی‌، ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا بچنه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.

خۆڕاگری‌ هێزە عێراقییه‌كان

شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا بۆ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا ئاسان نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ داخراو بوو و هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبوونی‌ هاوڵاتیانی‌ لێنه‌بوو، به‌ڵام رووبه‌ڕووی‌ به‌رگرییه‌كی‌ توندی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بوونه‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ نه‌ده‌كرد.

ئه‌فسه‌رێكی‌ سه‌ربازی‌ عێراقی‌ كه‌ مه‌رجی‌ ئه‌وه‌بوو ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كرێت، رایگه‌یاند كه‌ شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا، جه‌نگی‌ عێراق و كۆنترۆڵكردنی‌ پایته‌ختی‌ یه‌كلاییكرده‌وه‌ و ئه‌و هێزه‌ عێراقییانه‌ی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كه‌ بوون، به‌ چه‌كی‌ نائاسایی به‌ته‌واوی‌ له‌ناوبران.

ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ ئه‌فسه‌ر بووه‌ له‌ هێزه‌كانی‌ گاردی‌ كۆماری‌ بۆ ماڵپه‌ڕی‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ ده‌ڵێت: "شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌، نزیكه‌ی‌ سێ‌ رۆژ كه‌وتنی‌ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ دواخست و به‌هۆی‌ باڵاده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ هێلیكۆپته‌ری‌ ئاپاچی‌ و تۆپخانه‌ هه‌ر جموجوڵێكیان له‌ ده‌وروبه‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ و چوارده‌وری‌ به‌ئامانج ده‌گرت، هێزه‌ عێراقیه‌كانی‌ به‌رگریكار له‌ فڕۆكه‌خانه‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك ده‌كه‌وتن".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ رایگه‌یاند كه‌ "هێزه‌ عێراقییه‌كان توانییان به‌ درێژایی 72 كاتژمێر خۆیان رابگرن ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ بوونی‌ خه‌نده‌قه‌كان و كێڵگه‌ی‌ مین و كرانه‌وه‌ی‌ لیوای‌ 26ی‌ گاردی‌ كۆماری‌ كه‌ بووبوون به‌ چه‌ند گروپێكی‌ بچووك و توانییان خۆیان بشارنه‌وه‌ و به‌ چه‌كه‌كانیانه‌وه‌ جموجوڵ‌ بكه‌ن و توانییان زیانێكی‌ زۆر به‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا بگه‌یه‌نن، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش هێزه‌ به‌شداره‌كان له‌ به‌رگریكردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ فیدایی بوون و ده‌یانزانی‌ كه‌ ئه‌ركیان ته‌نها دواخستنی‌ پێشڕه‌وی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكایه‌".

رۆژنامه‌نووس مسته‌فا كامیل ئه‌و رایه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و بۆ جه‌زیره‌ نێت رایگه‌یاند كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كانی‌ چوارده‌وری‌ فڕۆكه‌خانه‌، ناوچه‌ی‌ سه‌ربازی‌ بوون، به‌ڵام توانی‌ بچێته‌ ناوچه‌ی‌ شه‌قامی‌ فڕۆكه‌خانه‌ تا ورده‌كاری‌ شه‌ڕی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ عێراق و ئه‌مریكا ببینێت.

مسته‌فا كامیل كه‌ له‌و كاته‌دا سكرتێری‌ رۆژنامه‌ی‌ فه‌رمی‌ "جمهوریه‌" بوو، ده‌ڵێت: "له‌ 5ی‌ نیسان و له‌ نزیك په‌یكه‌ری‌ عه‌باس كوڕی‌ فرناس چاوم به‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری‌ ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ تایبه‌ت كه‌وت و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ عێراق سه‌رپه‌رشتی‌ شه‌ڕێكی‌ دژی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌ له‌ به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ دزه‌یان كردبوو".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ به‌ چاوی‌ خۆی‌ ژماره‌یه‌ك زرێپۆشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ شه‌قامی‌ فڕۆكه‌خانه‌ بینیوه‌ كه‌ سووتاون و له‌ كاتی‌ هه‌وڵدانیان بۆ پێشڕه‌وی‌ به‌ره‌و پایته‌خت تێكشكێندرابوون.

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ زرێپۆشه‌ سه‌ربازییه‌ سووتاوه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ سێ‌ ناوچه‌ی‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ بوون یه‌كه‌میان له‌ ناوه‌ڕاسی‌ شه‌قامی‌ فڕۆكه‌خانه‌، دووه‌میان له‌ژێر پردی‌ رێگای‌ خێرا له‌ نزیك مزگه‌وتی‌ ئوم ئه‌لتبول و سێیه‌میان به‌رامبه‌ر سوق مه‌ركه‌زی‌ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ عامل له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌.

3 شه‌ڕ

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ وه‌لید ئه‌لراوی‌ عه‌مید روكن له‌ سوپای‌ پێشووی‌ عێراق و سكرتێری‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ عێراق له‌ ساڵانی‌ 1996 تا 2003 له‌ لێدوانێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌، جه‌نگی‌ عێراقی‌ یه‌كلاییكرده‌وه‌.

وه‌لید ئه‌لراوی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا سێ‌ شه‌ڕ روویاندا نه‌ك شه‌ڕێك و هه‌وڵی‌ سه‌ره‌كی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ باشووری‌ به‌غدا بوو به‌دیاریكراوی‌ فیرقه‌ی‌ سێی‌ پیاده‌ی‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌ 3ی‌ نیسان به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ پێشڕه‌وی‌ كرد و ده‌ستی‌ به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكیدا گرت.

وتیشی‌: "پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ عێراق و لیوای‌ 26ی‌ گاردی‌ كۆماری‌ دژه‌ هێرشێكیان ئه‌نجام دا و هێزی‌ پێشڕه‌وی‌ هێرشبه‌ریان له‌ناوبرد كه‌ له‌ 7 زرێپۆشی‌ ئه‌مریكی‌ پێكهاتبوون و به‌وهۆیه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ره‌و هێڵی‌ هاتووچۆی‌ خێرا كه‌ ناوچه‌ی‌ یوسفیه‌ به‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌بوغرێب ده‌به‌ستێته‌وه‌، كشانه‌وه‌".

وه‌لید ئه‌لراوی‌ له‌ شایه‌تیدانه‌كه‌یدا ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ "هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ 7 لاوه‌ هێرشیان كرده‌سه‌ر هێزی‌ به‌رگریكار له‌ فڕۆكه‌خانه‌ و بووه‌هۆی‌ ئیباده‌كردنیان و داگیركردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا بۆ جاری‌ دووه‌م له‌ 4ی‌ نیساندا".

 ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی‌ سوپای‌ پێشووی‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "هێزه‌كانی‌ گاردی‌ كۆماری‌ دژه‌ هێرشێكی‌ به‌رفراوانیان بۆسه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ ده‌ستپێكرد و زیانێكی‌ زۆریان له‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا دا، به‌ڵام به‌هۆی‌ ناهاوسه‌نگی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و عێراق له‌ رووی‌ چه‌كه‌وه‌، هێزه‌كه‌ له‌ناوبران و نزیكه‌ی‌ هه‌زار سه‌ربازی‌ عێراقی‌ كوژران".

وه‌لید ئه‌لراوی‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ "هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا چه‌كێكی‌ تایبه‌تیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ عێراق به‌كارهێنا، چونكه‌ ته‌رمی‌ سه‌ربازه‌ عێراقییه‌كان بووبوو به‌ خه‌ڵوز".

به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی‌ گاردی‌ كۆماری‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌كرا ئاسته‌نگ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان دروستبكرایه‌ گه‌ر سه‌ركردایه‌تی‌ عێراق پلانه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ جێبه‌جێ بكردایه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی‌ بۆمبڕێژ بكرایه‌، ئه‌وكات نه‌یانده‌توانی‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌كاری بهێنن.

هۆكاری‌ شكستهێنانی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان

ره‌عد ئه‌لحه‌مدانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ دووی‌ حه‌ره‌س جمهوری‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ نه‌گونجاوی‌ ئه‌و بڕیاره‌ سه‌ربازییانه‌ داوه‌ كه‌ له‌ كاتی‌ جه‌نگی‌ عێراقدا دران و بوونه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ و به‌غدا به‌ خێرایی بكه‌ونه‌ ده‌ست ئه‌مریكییه‌كان.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ كه‌س پێشبینی‌ نه‌ده‌كرد  هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌و خێرایی و ئاسانییه‌ بچنه‌ ناو به‌غدا به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ رۆژه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ جه‌نگدا هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له‌ باشوروی‌ وڵات رووبه‌ڕووی‌ به‌رگرییه‌كی‌ توند بوونه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا لیوا روكن ماجید ئه‌لقه‌یسی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌رنامه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ له‌ ناوه‌ندی‌ دروستكردنی‌ سیاسه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامانجی‌ ئه‌مریكا له‌و پلانه‌ی‌ له‌ جه‌نگی‌ عێراقدا كاری‌ پێكرد ئه‌وه‌بوو له‌ سه‌ره‌تادا له‌ڕێی‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ بگاته‌ ناوجه‌رگه‌ی‌ به‌غدا.

لیوا روكن ماجید ئه‌لقه‌یسی‌ بۆ جه‌زیره‌ نێت باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مریكییه‌كان پلانێكی‌ هاوشێوه‌یان بۆ عێراقییه‌كان دزه‌ پێكرد كه‌ بۆ سه‌رلێشێوان بوو و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ عێراق 13 فیرقه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ باكووری‌ به‌غدا جێگیر كرد و له‌ شه‌ڕی‌ فڕۆكه‌خانه‌ و پایته‌ختدا به‌كاری‌ نه‌هێنان و پێیوابوو كه‌ ئه‌مریكا هێرشێكی‌ به‌رفراوان له‌ باكووره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

به‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ئه‌مریكا توانی‌ به‌خێرایی بچێته‌ پایته‌خت و له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژدا ته‌واوی‌ پایته‌ختی‌ كۆنترۆڵكرد و له‌ 9ی‌ نیساندا كه‌وتنی‌ شاری‌ به‌غدای‌ راگه‌یاند.

ماجید ئه‌لقه‌یسی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ شه‌ڕی‌ به‌رگریكردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا و پایته‌ختدا سه‌ركردایه‌تی‌ عێراق كه‌وته‌ زۆر هه‌ڵه‌ی‌ ستراتیژییه‌وه‌ و پێیوایه‌ كه‌ بوونی‌ فره‌ناوه‌ندی‌ بڕیاردان له‌ نێوان وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ و گاردی‌ كۆماری‌ و پاسه‌وانی‌ تایبه‌ت وایكردبوو بڕیاری‌ نه‌گونجاو بدرێت.

ئاشكراشیكرد كه‌ به‌پێی‌ پلانه‌كه‌ی‌، ئه‌مریكا چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كرد جه‌نگی‌ عێراق و كۆنترۆڵكردنی‌ به‌غدا 90 بۆ 120 رۆژ بخانه‌یه‌نێت، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی‌ عێراقییه‌كان ماوه‌كه‌ی‌ كه‌مكرده‌وه‌ بۆ ته‌نها 19 رۆژ.









هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ھاتوچۆی گەشتیاریی نێوان ھەرێم و ئێران دەستپێدەکاتەوە

زۆرترین خوێنراو