میللەت
عەرەبستانی سعودی
ڕایدەگەیەنێت، کە تەنیا ئەوانەی پارێزراون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانن لە مانگی
ڕەمەزاندا بۆ بەجێهێنانی عومرە سەردانی وڵاتەکە بکەن و لە هەرێمی کوردستانیش
تێچووی عومرە بووە بە دوو ئەوەندەی ساڵانی ڕابردوو.
سەرچاوەیەی بەرپرس
لە وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ڕایگەیاندووە، کە تەنیا ڕێگە پێدان بۆ ئەو
کەسانەیە کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پارێزراون، واتا ئەوانەی کە دوو ژەمی ڤاکسینی
کۆرۆنایان وەرگرتووە، یان 14 ڕۆژ بە سەر وەرگرتنی یەکەم ژەمە ڤاکسیندا تێپەڕیوە،
یان ئەو تووشبوانەی نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە.
لای خۆیەوە نەبەز
ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی ھەرێم ڕایگەیاندووە، لە 21ی
ئازارەوە گەشتی عومرە لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ سعودیە دەستی پێكردووە و تا ئێستا 3
گەشت ئەنجام دراون.
روونیشیكردووەتەوە،
بەپێی ئەو رێكارانەی سعودییە گرتویەتیەبەر بۆ ئەمساڵ پارەی گەشتی عومرە بەراورد بە
ساڵانی رابردوو دوو ھێندە زیادی كردووە و ھەر ھاووڵاتییەك بە ھەزار و 350 دۆلار دەتوانێت
عومرە ئەنجام بدات.
راشیگەیاند، ساڵانە
لە رێگەی نزیكەی 100 كۆمپانیاوە 26 ھەزار كەس بۆ ئەنجامدانی گەشتی عومرە لە ھەرێمی
كوردستانەوە سەردانی سعودیەیان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی گرانبوونی نرخی گەشت و بڵاوبونەوەی
كۆرۆنا پێشبینی دەكرێت كەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە گەشتی عومرە ئەنجام بدەن.