X
ئ|

کاریگەری گرووپە ئایینییەکان لەسەر کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ

کراوەیی ئیسلامی

5 رۆژ پێش ئێستا     197 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

ئەحمەد قادر

ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ، بۆ "ڕێگری لە توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی دژی ئافرەتان" وەک ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ کە بە "ڕێککەوتنی ئەنجومەنی ئەوروپاش ناو دەبرێت. ڕێککەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ٤٥ وڵاتی دیکەوە ئیمزا کراوە. لە ٧ نیسانی ٢٠١١ ڕێککەوتنەکە نووسراوە و لە ١١ ئایاری هەمان ساڵدا ئیمزای لەسەر کراوە. لە ١ ئابی ٢٠١٤ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ١٩ ئەم مانگەدا لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیاوە بە پاساوی کاریگەری ڕێککەوتنەکە لەسەر شێواندنی شیرازەی خێزانی تورکیا، زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە، ڕاستەوخۆ بە ڕاست وەرگرتنی وتەی ژنان لەلایەن دادوەرەوە لە کێشە خێزانییەکاندا و ڕێگەخۆشکردن بۆ هاوڕەگەزبازی و زیادبوونی نائاسایی ژمارەی هاوڕەگەزبازان لە تورکیا بڕیاری کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ دەرکرا.

داد و گەشەپێدان، لە حیزبێکی پارێزگارەوە بۆ ئیسلامیی

پاش لەدەستدانی هەموو شارەوانییەکانی شارە گەورەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ مارتی ٢٠٢٠ لەلایەن ئاک پارتییەوە. لە هەمانکاتدا توندوتۆڵبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئاک پارتی و پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا (MHP) وای لە ئاک پارتی کرد زیاتر بەلای تەوژمی ئیسلامیی و گرووپە ئاینییەکانی تورکیادا بابداتەوە.

ماوەیەکیشە لەلایەن پارتە سیاسییە ئیسلامییەکان و گرووپە ئیسلامییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ و کاریگەری لە سەر شیرازەی خێزان، زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوە و زیادبوونی ڕێژەی هاوڕەگەزبازان کراوەتە ڕۆژەڤی بەشێک لە میدیای تورکی. تەنانەت بەکارهێنانی ئاڵا و لۆگۆی هاوڕەگەزبازان لەلایەن شارەوانی بەشێک لە شارەکانەوە وەک بەشێک لە کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ ڕاڤە دەکرێت و بە تایبەت لەلایەن گرووپە ئایینییەکانەوە وەک مەترسییەکی گەورە وێنا دەکرێت کە لە چوارچێوەی یاسادا ئەنجامدەدرێت.

ئیدی ئاک پارتی لەوە تێگەشتووە کە دەنگی زۆرینەی ئەوانەی لە دەستداوە و لەدەستدەدات کە تەنها لە پێناو ژیانێکی ئاسودە و تورکیایەکی بەهێزی عەلمانی، یان هیچ نەبێت دوور لە بنەماکانی بەڕێوەبردنی ئیسلامیی بەڕێوەببرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە تورکیادا تا دێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەری ئاک پارتی فراوان و بەهێزتر دەبێت کە زیاتر پشت بە دەنگی چەپ و کەمالیستەکان و ئەو گرووپانە دەبەستن کە زیاتر مەیلیان بەلای عەلمانییەت و خۆرئاوا و سیستەمێکی سێکیولارەوە هەیە.

ئاک پارتی دەیەوێت بە تەواوی خۆی یەکلایی بکاتەوە، وەک پارتێکی ئیسلامیی نیمچە نەتەوەپەرست دەنگی تەواوی لایەنگرانی ئیسلامییەکانی تورکیا بەدەست بهێنێت و بە کردەوە خۆی بە ئاڵا هەڵگری ئیسلامییەکانی تورکیا بناسێنێت.

پێش بڕیاری کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ، ئەردۆگان لە ٢٤ تەمموزی ٢٠٢٠ بڕیاری دووبارە کردنەوەی مۆزەخانەی ئایاسۆفیای بۆ مزگەوت دەرکرد، بەمەش پاش هەشتا و شەش ساڵ لە غەمباری ئیسلامییەکان جارێکی دیکە خۆشحاڵی کردنەوە. لە دوای ئەم بڕیارەوە ئیدی ئیسلامییەکانی تورکیا زیاتر لە جاران لە هەوڵی کاریگەری دروستکردنن لە سەر ئەردۆگان و ئاک پارتی بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی خۆیان بێت.

گرووپە ئایینییەکان، دەركەوتنێكی بەهێزتر

کاریگەری گرووپە ئایینییەکان لەسەر ئاک پارتی و ناوەندی بڕیار لە تورکیا بووەتە ڕۆژەڤی تورکیا، زۆرێک لە شارەزایانی ئەو وڵاتە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆککۆمار لەژێر کاریگەری و تەنانەت فشاری گروپە ئایینییەکاندا بڕیارەکەی دەرکردووە، بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئاک پارتیش دان بەو ڕاستییەدا دەنێن.

گروپە ئایینییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە خاوەن باکگراوندێکی ئیسلامیین و وەک ڕێکخراوە سێبەرەکانی ئاک پارتی و حیزبە سیاسییە ئیسلامییە یاخود پارێزگارەکانی تورکیا دەناسرێن، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە ڕێگەی ڕاپۆرت و بەیاننامەوە مەترسییەکانی ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵیان ڕوونکردۆتەوە، زۆرێک لەو ڕاپۆرتانەش بە خودی ئەردۆگان گەیەنراوە. باس لەوەش دەکرێت کە لە سەردان و دانیشتنە تایبەتییەکانی سەرۆکی تەریقەتەکان و کەسایەتییە ئایبنییەکان ڕاستەوخۆ بابەتەکە لەگەڵ ئەردۆگاندا باس کراوە، تەنانەت ئەو کەسایەتییە ئایینییانە گلەیی ئەوەیان لە ئەردۆگان کردووە کە "نەدەبوو لە درەنگانی شەوێکی ساڵی ٢٠١١ دا و لە کۆبوونەوەیەکی ٢٠ خولەکی پەرلەماندا بە ڕەزامەندی هەر چوار گەورە پارتی ئەو کاتەی تورکیا (MHP, HDP,CHP,AKP) ڕێککەوتنەکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت. لەم چوارچوێوەیەشدا پارتی بانگەوازی ئازاد HÜDA PAR (پارتێکی کوردی ئیسلامییە، لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئامەد دامەزراوە و چەقی چالاکییەکانی زیاتر ناوچە کوردییەکانی تورکیایە.) ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا هەم لە ڕێگەی بەرنامەی میدیایی و هەمیش لە ڕێگەی ڕاپۆرت و بەیاننامەوە.

دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت، لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەک وەک پێویست ڕێککەوتنەکە لەلایەن دەسەڵات و ئاک پارتییەوە بڵاونەکرایەوە و نەخرایە بەردەستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارەزایان تاوەکو شیکاری و تێچێنی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنەکە بخەنە ڕوو، لەلایەکی دیکە لە درەنگانێکی شەودا پەرلەمانی تورکیا بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی هەر چوار پارتەکەی پەرلەمان ڕێککەوتنەکەی پەسەند کرد. لە دوای پەسەندکردنیشی نزیکەی ٦ ساڵ ڕێککەوتنەکە تەنها "مەرەکەبی سەر کاغەز" بوو. دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا هێواش هێواش دەستکرا بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە. بە دیاریکراویش دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی "پراۆگرامی یەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی کە خاڵێکی ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵە و داوای یەکسانی دەکات لە نێوان کچ و کوڕ لە کۆمەڵگە و دامەزراوە پەروەردەییەکاندا. ئیدی ڕێککەوتنەکە بوو بە ڕۆژەڤی تورکیا و گرووپە ئایینییەکان بە هەموو شێوەیەک فشاریان دروستکرد بۆ کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنەکە و دواجاریش سەرکەوتوو بوون.

لە یەکێتی ئەوروپاوە بۆ چارەسەری کۆمەڵایەتی کێشە خێزانییەکان

لەلایەکی دیکەوە لە وتار و شیکارییە ڕۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنییەکاندا، بەرپرسان و شرۆڤەکاران باس لە دروستکردنی دامەزراوەی ناوبژیوانی و بەشداریپێکردنی کەسانی بە تەمەن و ڕیشسپی لە چوارچێوەیەکی نیمچە ڕەسمیدا بۆ چارەسەری کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان پێش ئەوەی بگاتە دادگا دەکەن. تەنانەت ڕۆژی هەینی ٢٦ مارت لەلایەن سەرۆکی گشتی سەندیکای مەعنەوی و ئایینی تورکیا جەلالەدین گول پێشنیارێکی لەو شێوەیە کرا کەوا لە ڕەشنوسی پرۆژەی "ڕێککەوتنی ئەنقەرە"(پرۆژەی ڕێککەوتنی ئەنقەرە وەک بەدیلی ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ئاک پارتی و حکومەتەوە باسدەکرێت. واتە لە بری ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ بە دەربڕینی خۆیان "ڕیککەوتنێکی شایستە بە کۆمەڵگە و خێزانی تورکیا کە مافەکانی ئافرەتان دەستەبەر بکات" بکرێت.) جێگیر بکرێت. ئەم پێشنیارە لەگەڵ ئەوەی وەک چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی تورکیدا تەواوی بابەت و چارەسەرە کۆمەڵایەتییەکان ڕەهەندێکی ئایینییان هەیە و پیاوانی خاوەن نفوزی کۆمەڵایەتی لە هەمانکاتدا پیاوانی ئایینین. هەر لەبەرئەوەشە پارتی گەلی کۆماری کە خۆی بە میراتگری کەمال ئەتاتورک دەزانێت بە توندی بەرپەرچی هەر جۆرە پێشنیارێکی لەو جۆرە دەداتەوە. هەڵبەت پێشنیارێکی لەم شێوەیە تازە نییە و لە پرۆگرامی بەشێک لە پارتە سیاسییە ئیسلامییەکانی تورکیادا هەیە، بۆ نموونە لە پرۆگرامی گشتی پارتی بانگەوازی ئازاد دا بە ڕوونی جەختی کراوەتە سەر.

لێرەوە ئەوەی تێبینی دەکرێت کاریگەری بەردەوام و فراوانی سەندیکا و گرووپە ئایینییەکانە لەسەر ناوەندی بڕیار و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەو بابەتانەی کە ڕەهەندێکی ئایینیییان پێوە دیارە و مایەی مشتومڕ و ململانێی نێوان ئیسلامیی و عەلمانییەکانی تورکیان.

هەڵکشانی بەرەی ڕاستڕەوی ئیسلامیی لە ناو ئاک پارتی

لەلایەکی دیکەوە، ئەردۆگان لە کۆی گشتی وتارێکیدا لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە بە ڕوونی مەیلی ئاک پارتی بۆ سیستەمێکی نیمچە نەتەوەپەرستی پارێزگار یاخود ڕاستڕەوی نەتەوەپەرستی پارێزگاری پێوە دیار بوو. ئەمەش بۆ مەبەستی ڕازیکردنی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا و کوردەکان و ئیسلامییەکانیش لە یەک کاتدا لە خۆی.

لە ناوخۆی پارتی داد و گەشەپێدانیشدا باس لەوە دەکرێت کە ڕەوتی ڕاستڕەوی ئیسلامیی زیاتر کاریگەرن و دەوری ئەردۆگانیان داوە. بەڵگەش بۆ ئەوە بەهەدەرچوونی هەوڵی کەسایەتییە دیموکرات و کراوەکانی ناو ئاک پارتی بوو بۆ ڕێگری لە کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ، بە جۆرێک لەگەڵ سەرنەگرتنی هەوڵەکانیان خۆشیان ڕووبەڕووی سزای ناڕەسمی ناو پارتەکەیان بوونەتەوە و لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی داد و گەشەپێدان وەک پێویست کەسایەتییە دیموکراتەکان سەرنەکەوتن بۆ سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی ئاک پارتی.

لەمانەش زیاتر، پێشتر پارتە سیاسییە پارێزگارەکانی وەک ئاک پارتی و پارتی سەعادەت زیاتر لە ڕێگەی پشتیوانی گرووپە ئایینییە کۆمەڵایەتییەکان و مەدرەسەکانەوە ڕای گشتی ئیسلامیی تورکیایان لەسەر بابەتە گشتییەکان قەناعەت پێدەکرد، یاخود هاندەدا. بەڵام ئیدی ئەو قۆناغەش تێپەڕی و ئێستا بەرپرس و لایەنگرانی ئاک پارتی لەگەڵ ئەوەی کارمەندی دەوڵەتن و نابێت لایەنداری سیاسی خۆیان بە ئاشکرا دەرببڕن، بەڵام لە مانگی ئازاردا پاش زیادکردنی سوی بانکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیاوە ئیمامی مزگەوتی ئایا سۆفیا مەهمەد بۆینوکاڵن لە ڕێگەی تویتەرەوە داوای ئارامگرتن لە گەلی تورکیا دەکات و پێی وایە کە وەک "سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهان تورکیا لە جەنگێکی سەختدایە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان".

لێرەوە دەردەکەوێت کە ڕەوتە ئایینییەکان لە جاران زیاتر تەنها لە چوارچێوەی گرووپی کۆمەڵایەتیدا نەماون و جێگەی خۆیان لە جومگە سەرەکییەکانی حیزب و حکومەت و دەوڵەتدا قایم دەکەن، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ناوەندی بڕیار هەیە و لە هەر بابەتێکدا دەتوانن لۆبی دروست بکەن لە دژی چەپ و سێکیولارەکانی تورکیا.

دەرەنجام

تورکیا و حکومەتەکەی ئاک پارتی لە قۆناغێکدایە کە بەبێ وەرگرتنی بیروڕای گرووپە ئیسلامییەکان و باڵی دەستڕۆشتووی ئیسلامیی و پارێزگاری ناو پارتەکەیی و کەسایەتییە ئایینییەکانی تورکیا ناتوانیت بڕیاری گرنگ و هەستیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری دەربکات. ئیدی تورکیا و ئەردۆگان بۆ قەبوڵکردنی هەر ڕێککەوتنامەیەک یاخود کشانەوە لێی دەبێت پێشتر و ڕاوێژ بەو گرووپ و کەسایەتییانە بکەن، بە پێچەوانەوە پاش چەندین ساڵ لە پەسەندکردنی ڕێککەوتن یان یاسایەک تەنانەت لەلایەن خودی ئەردۆگانیشەوە، دواجار ناچار دەبێت هەر بە ئیمزای خۆی لەو ڕێککەوتنە بکشێتەوە.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ھاتوچۆی گەشتیاریی نێوان ھەرێم و ئێران دەستپێدەکاتەوە

زۆرترین خوێنراو