X
ئ|

ئامانجی سەرەکی جموجۆڵە سیاسیەکانی ئەم دواییە چین؟!

سۆشیال میدیا

پێش 2 هەفتە     258 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

دەستور بەرامبەر پۆست!

(ئامانجی سەرەکی جموجۆڵە سیاسیەکانی ئەم دواییە چین؟!)

هۆشدارییەک بۆ مێژوو..

هیچ کات دژی یەکڕیزی نیشتیمانی نین بەو مەرجەی لەسەر بنەمای کۆمەلێک ئامانجی نیشتیمانیی بێت و لەبەرژەوەندی و سودی هاوڵاتیاندا بێت، ئەمما ئەگەر ئەم  جموجۆڵە سیاسییەی ئێستا ناونیشانەکەی یەکڕیزی و ناوەرۆکەکەی دابەشکاری پۆستەکانی خولی داهاتوی پەرلەمان و حکومەت بێ لە بەغدا، کارەساتە.

چارەسەر لە گۆڕینی ریشەیی سیستمی سیاسی هەرێمدایە نەک باوەشکردنەوەیەکی نوێ بەیەکتریدا لەسەر حسابی خەڵک و هاوڵاتیان.

چارەسەری نەخۆشیەکانی حوکمڕانی هەرێم بە جارێکی تر گەڕانەوە بۆ سەردەمی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی نابێ، دەبێ ستراتیژ گۆڕینی ریشەیی فەلسەفەی حوکمڕانی بێت لە هەرێمدا، لە سیسمتێکی سیاسی حزبی و عائیلیەوە بۆ حکومەتی هاوڵاتی و حوکمڕانیەکی رەشید و  یاسا سەروەر.

هیوادارم سیاسیەکانی کورد بە تایبەتی بکەرە سەرەکیەکانی بە فعلی لەوە تێگەیشت بن کە چیتر ناتوانن بەم هەمو گەندەڵی و بەدکاری و عەقڵیەتە دواکەوتوە حزبی و عائیلیەوە حوکمڕانی بکەن.

هیوادارم تێگەیشتبن خەڵک لێیان بێزارە بەڵام ناچارە. تێگەیشتبن حیکایەتێکیان نەماوە خەڵک متمانەی پێ بکا، دروشمێکیان نەماوە نەسوابێ. هیوادارم تێبگەن کە بێ گۆڕینێکی ریشەیی لە فکر و بەرنامە و کاریاندا خۆشیان و هەرێمەکەش دەدەنە دەست ئایندەیەکی نادیار و تاریک.

هیوادارم کۆی پرۆسەی ئەم سەردان و هاتوچۆ و دیدار و کۆبونەوانەی کە دەکرێن لە هەرێم بۆ گۆڕانکاری ریشەیی بن نەک پرۆسە و سەفقەی (دەستور لە هەرێم بۆ پارتی بەرامبەر پۆست لە بەغدا بۆ یەکێتی).

یەکێتی ئەمە بکا، هەمان هەڵەی ستراتیژی ساڵی ۲٠٠٥ دوبارە دەکاتەوە، کاتێک بەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەرێمی لەسەر سینیەکی ئاڵتونی رادەستی پارتی کرد.

مافی خۆمانە گومان بکەین کە بۆچی لە ئێستادا پرسی دەستور هاوزەمانی هەڵبژاردنەکانی عێراق دێتەوە سەر ساحەی سیاسی، ئایا لە ئێستادا دەستور زەرورە یا گۆڕینی ئەم حکومەتە شکستخواردوە و ئەم پەرلەمانە پەککەوتوە؟!

کامیان زەرورترن دەستور یان چارەسەری موچە؟! کامیان ئەولەویەتیان هەیە دەستور یا بژێوی و ژیانی رۆژانەی گەنج و خەڵکی بێکار و بێدەرامەت؟!

 پرسی دەستوری هەرێم لەو سەردەمەدا کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی گۆڕان بوو یەکێک بو لە پرسە هەستیار و نیشتیمانییە پڕ بایەخەکان و لە ژێر هیچ فشار و دەسکەوتێکی حزبیدا ئامادەنەبو بچێتە ژیر باری رازیبون بە دەستورێکی حزبی و کەسی و عائیلی، دەبێ ئێستاش هەمان نەفەس بەردەوام بێ نەک بێ هیچ گرەنتیەک (بەڵێ) بۆ دەستورێکی خراپ بکرێ هاوشیوەی زۆر (بەڵێ) ی تری پێشو.

دەستور؛ وەک مەرجەعی باڵای یاسایی و دایکی یاساکان و چەتری سیستمی سیاسیی هەرێم رەهەندێکی نیشتیمانی گەورە و باڵای هەیە و دەبێ دەستورێکی دیموکراتی پڕ لە ماف و ئازادی بێ و بە باڵای گەل بنوسرێ نەک بە باڵای خێزان و بتە سیاسییەکان.

دەستور؛ دەبێ بەرێکەوتن و سازانی تێکرای چین و توێژ و هێز و لایەنە سیاسیەکان بنوسرێ نەک بە سەفقەی سیاسی. دستورێکی خراپ دەبێتە ئەو مڵۆزم و بەڵایەی بۆ دەیان ساڵی تر حوکمڕانی چەتەیی و بەدکار بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ. بۆیە دەبێ هەمو تاکێک لە مەترسیەکانی پرسی دەستور وەک خۆی تێبگا.

کات وەڵامی هەمو ئەو گومان و پرسیارانە ڕون دەکاتەوە.

له‌ فه‌یسبووكی‌ هۆشیار عەبدوڵا وه‌رگیراوه‌.


هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 21 خولەک پێش ئێستا

شەش منداڵ لە كاتی یاریكردنیان بە بۆمبێك بوونە قوربانی

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاووتوێكردنی ڕەوشی فەڵەستین كۆدەبێتەوە

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

خوێندنی ناو پۆل دەستیپێكردەوە