X
ئ|

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی هاوسەرۆكانی یەكێتیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئاشكراكرا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێش 2 هەفتە     1108 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی٥ـی٢٠٢١، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازییان كرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەیدقادر جێگرانی سەرۆكی ھەرێم.

لە دیدارێكدا كە ڕەفعەت عەبدوڵڵا و ڕزگار عەلی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و ئەمین بابە شێخ و د.میران محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆ كرا دەربارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نووسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و كاری پێكەوەیی لە پێناو درووستكردنی متمانەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێككەوتنە ئیمزاكراوانەی كە لە نێوان لایەنەكان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە  نیشتیمانیی و ستراتیژییەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.

هاوكات جەختكرایەوە لەسەر درووستكردنی كەشێكی ئارام و وەلانانی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان و دۆزینەوە و دیاریكردنی چوارچێوەیەكی هاوبەش كە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەكان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكان و بەرگریكردن لە مافەكان.

لە دیدارەكەدا هاوسەرۆكان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی كە دەیبینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هاوكات ڕووناكییان خستە سەر ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە مایەی قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان. ڕوانینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكردەوە بۆ یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و هەر پڕۆژە و بڕیارێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.

وەك كوردیش بە پێویستیان زانی لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنەكان درووست بكرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بكرێت لە پێناو داكۆكیكردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەكان و بەھێزی پێگەی كورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و نەفەوتانی دەنگی كورد.

لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەڵوێست و ڕوانینە واقیعییەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی نێوان لایەنەكان.




هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاووتوێكردنی ڕەوشی فەڵەستین كۆدەبێتەوە

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

خوێندنی ناو پۆل دەستیپێكردەوە

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هاووڵاتییەك بە دەستی براكەی كوژرا