X
ئ|

هۆشت لەسەر چی رابگری، ئەوی!

سۆشیال میدیا

پێش 2 هەفتە     122 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

کاتی خۆی نیکۆلا تێسلا گوتی ئەوەی هەیە وزەیەکی گەردوونییە. دوای ئەو ئەلبێرت ئەنشتاین گوتی وزە و مادە هەر یەک شتن، پاشان زانستی فیزیای کوانتۆم ئەم هەقیقەتی سەلماند کە هەزاران ساڵە یۆگی و عارف و دواتریش زاناکانی وەکوو تێسلا و ئەنشتاین و…هتد ئاماژەیان پێدابوو.

ئەوەی هەیە وزەیە. هەرچییەکی دەیبینین، بۆنی دەکەین، تامی دەکەین، دەیبیسین و بەریدەکەوین وزەیە. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی بەشی هەرە زۆری ئێمە لێی بێ خەبەرین ئەوەیە هەر شتێک بە باش و بە خراپەوە لە رێگەی ٥ هەستەکەوە بێتە ناومانەوە بە تایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەک هۆشمانی لەسەر رابگرین، ئەگەری زۆرە درەنگ و زوو لە ئێمەشدا وەکو وزەیەک وەگەڕ بکەوێ و لە کردارماندا بەرجەستە بێتەوە. بۆ نمونە کاتێ رووداوێکی هاتووچۆ سەیر دەکەی، گوێ لە هەواڵی توندوتیژییەک دەگری، بیر لەکەسێک دەکەیتەوە کە نەخۆشییەکی مەترسیداری هەیە، بیر لە نەخۆشی و ناخۆشییەک دەکەیتەوە یان لێی دەترسی، ئاگات لەوە نیە کە خەریکی بەدەستی خۆت وزەی ئەو حاڵەتە ناسروشتییە لەخۆتدا دادەبەزێنی، ئەویش درەنگ و زوو بە جۆرێک لە جۆرەکان تێتدا بەرجەستە دەبێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوە نەخوازراوەکان لەم سەردەمەدا رێک ئەمەیە کە هەموو کەس رۆژانە لە رێگەی راگەیاندنەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وزەی نەرێنی ئەم رووداوانە وەردەگرێ. ئەم پرۆسەیە لە کاتی منداڵیدا زۆر زەقە کە لە گەورەکانیشدا هەر هەیە، بەڵام کەس پەی پێنابا. بۆ نمونە منداڵ سەیری فیلمە کارتۆنییەکان دەکا و لاسایان دەکاتەوە، منداڵەکەی خۆم رقی زۆری لە هەندێ خۆراک بوو، بەڵام لە رێگەی فیلمە کارتۆنییەکانەوە حەزی بۆیان گۆڕا و ئێستا دەیانخوا.

کەواتە ئاگادار بە رۆژانە سەرنجی چی دەدەیت و هۆشت لەسەر چی رادەگری و بە چییەوە سەرقاڵ دەبی.

دەڵێی ناخۆشم. دەڵێی وزەی نەرێنی بەسەرمدا زاڵ بووە. دەڵێی نەخۆشم و…هتد. ئازیزانم! ئێستا هەموو کەس بە ئاسانی خاوەنی سەرچاوەیەکی لەبڕان نەهاتووی وزەی نەرێنی و نەخۆشی و ناخۆشییەکانە، ئەویش راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. هەموو کەس بەدەستی خۆی، خۆی نەخۆش و ناخۆش دەکا. بەدەستی خۆی وزەی خۆی نەرێنی دەکا. بۆ نمونە ئێمە ١ خولەک سەردانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین یان سەیری تەلەفزیۆنەکان بکەین، بەسە بۆ ئەوەی یەک رۆژ تا یەک حەوتوو و…زیاتریش وزەمان بۆ وزەی نەرێنی بگۆڕێ و دوای ئەوە نەخۆش و ناخۆش بین. هەرکەس رووداو و هەواڵ و قسە و باسی نەرێنی چ بە مەبەستی لایەنگریی لێ کردن، چ بە مەبەستی دژایەتی کردن و رەتکردنەوەی بڵاوبکاتەوە، هەرکەس رووداو و هەواڵ و قسەوباسی نەرێنی سەرنجی رابکێشە و پێیانەوە سەرقاڵ بێ، ئەوە وزەی ئەو کەسە نەرێنییە، تەنانەت کەسێکی ئەرێنیش خۆی بەو جۆرە بابەتانەوە سەرقاڵ بکا، بەرە بەرە دەبێ بە کەسێکی نەرێنی. کەواتە لەم سەردەمەدا و بە تایبەت لە کوردستان بە پلەی یەکەم راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی سەرەکی وزەی نەرێنین، تۆ لە فەزای مەجازییەوە خەریکی ژیانی هەقیقی خۆت وێران دەکەی.

چارەسەر ئەوەیە یان سەیری راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکەی بە کارێان نەهێنی یان سنوورێک بۆ خۆت دابنێی. من وەک خۆم بە هیچ شێوەیەک قەت سەیری تەلەفیزیۆنەکان ناکەم و ئەو کاتەش دێمە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە تەنیا لە لاپەڕە و ماڵی خۆمدا دەمێنمەوە، هەوڵدەدەم بابەتێکی ئەرێنی بڵاو بکەمەوە و وەڵامی کامێنت و نامەی ئازیزان بدەمەوە. ئەگەر چەند ساتێکی کەمیش بچمە ناو ماڵی گشتییەوە چاوەدێری خۆم دەکەم ئەو هەمووە نەرێنیاتە لەگەڵ خۆیان نەمبەن و زوو دێمە دەرەوە.

مەحمود شێرزاد

لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ وەرگیراوە

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 6 خولەک پێش ئێستا

شەش منداڵ لە كاتی یاریكردنیان بە بۆمبێك بوونە قوربانی

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاووتوێكردنی ڕەوشی فەڵەستین كۆدەبێتەوە

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

خوێندنی ناو پۆل دەستیپێكردەوە