X
ئ|

حەماس

کراوەیی ئیسلامی

پێش 4 هەفتە     345 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

ئیدریس سیوەیلی

بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامیی (حركة المقاومة الاسلامیة – حماس)، جارێكی تر لە چەند رۆژی رابروو بووە سەردێڕی هەواڵەكان و باسوخواسی گشتیی، ئەمەش بە هۆی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی مزگەوتی ئەقسا و دواتریش موشەكبارانی ئیسرایل لەلایەن حەماس و هێرشی ئەو دەوڵەتە بۆسەر كەرتی غەزە، لێرە هەوڵدەدەین بە كورتی ئەو بزووتنەوەیە، هەڵوێست و ئامانجەكانی بخەینەڕوو.

مێژوو و پێناس
بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامیی (حەماس) یەكەم بەیاننامەی خۆڕاگەیاندنی لە 15 كانونی یەكەمی 1987 بڵاوكردوەتەوە، لەسەر دەستی شێخ ئەحمەد یاسین و بە هاوكاری چەند كەسایەتییەكی تری فەلەستینی دامەزراوە، لەوانە: ئیبراهیم یازوری، محەمەد شەمعە، عەبدولفەتاح دوخان، عەبدولعەزیز رەنتیسی، سەلاح شەحادە و عیسا نەشار. لە 18 ئاب 1988 میساقی بزووتنەوەكە بڵاوكرایەوە كە تێیدا پێناسی بزوتنەوەكە، هەڵوێست و دید و تێڕوانینەكانی و شێوازی كاری خراوەتەڕوو.

لەو میساقەدا حەماس وا خۆی دەناسێنێت كە "بزووتنەوەیەكی ئیسلامییە، ئیسلام مەنهەج و سەرچاوەی بیركردنەوە و دونیابینی و تێروانینێتی بۆ گەردون، ژیان و مرۆڤ"، لە ماددەی دووەمدا هاتوە كە "حەماس باڵێكی ئیخوان موسلیمینە، كە گەورەترین بزووتنەوەی ئیسلامیی سەدەی بیستە و دیدێكی قوڵ و گشتگیری هەیە بۆ سەرجەم چەمكە ئیسلامییەكان لە تەواوی بوارەكانی ژیان".

وەك لە پێناسەكەوە رووندەبێـەوە حەماس خۆی بە بەشێك لە ئیخوان موسلیمین دەناسینێت، هەڵبەت لە رووی مێژووییەوە كاری ئیخوان لە فەلەستین ریشەیەكی قوڵتری هەیە و بە چەندین ساڵ بەر لە دروستبوونی حەماس لە ژێر ناوی جیاوازدا چالاكی نواندوە، لەوانە: "المرابطون على أرض الاسراء" و"حركة الكفاح الاسلامي".

لەدوای خۆڕاگەیاندنیەوە، حەماس كەوتە چالاكیی جۆراوجۆر دژی ئیسرائیل، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل كەوتە گرتن و راوەدونانی ئەندامانی حەماس، تا لە 1989 دامەزرێنەری بزووتنەوەكە شێخ ئەحمەد یاسین دەستگیر كرا، لە 1991 حەماس باڵی سەربازی لەژێر ناوی (كەتیبەكانی شەهید عیزەدین قەسام) راگەیاند، بەمەش چالاكییەكانی دژی ئیسرائیل پێینایە قۆناغێكی نوێوە.

لە 2000 بەدواوە باڵی سەربازی بزووتنەوەكە گەشەی زیاتری بەخۆەوە بینی و وەكو سوپایەكی سەربازی ئاست و پلەكانی جیاكرابوونەوە، لە رووی توانای سەربازیشەوە گەشەی بە خۆیدا، لە 2001 یەكەم موشەكی دەستكردی بزووتنەوەكە بە ناوی (قەسام1) ئاراستەی ئیسرائیل كرا، لەو كاتەوە بەردەوام حەماس گەشەی بە بواری سەربازی خۆیداوە و چەندین جۆری موشەكی دروستكردوە و ئیسرائیلی بە ئامانج گرتووە.

لەسەر ئاستی سیاسیی حەماس بەشداری هەڵبژاردنەكانی فەلەستینی لە 2006 كرد و لە كۆی 132 كورسی 76 كورسی بەدەستهێنا، بە كردەوەش لە 2007 بەدواوە كەرتی غەزە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەلایەن هەندێك وڵاتەوە بزووتنەوەی حەماس وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ئەژمار دەكرێت، لەوانە: كەنەدا، یابان، ئەمەریكا و ئیسرائیل. بەڵام لەلایەن هەندێكی ترەوە تەنها باڵی سەربازی (كەتیبەكانی قەسام) وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ئەژمار دەكرێت نەك بزووتنەوە سیاسییەكە، لەوانە: ئوسترالیا، بەریتانیا.

دید و تێڕوانین

حەماس بڕوای وایە كە فەلەستین زەویەكی وەقفی ئیسلامییە تا رۆژی دوایی و كەس مافی ئەوەی نییە بیبەخشێت و دەستبەرداری نابن، چارەسەری كێشەی فەلەستینیش تەنها بە جیهاد دەكرێت، دەستپێشخەری و كۆنگرەی نێودەوڵەتی كات كوشتنە و هیچ سودێكی نییە بۆ دۆزی فەلەستین، رزگاركردنی فەلەستین لەسەر سێ ئاستە: بازنەی فەلەستین، بازنەی عەرەبی و بازنەی ئیسلامیی، هەریەك لەو بازنانە رۆڵ و ئەركی تایبەتی خۆی هەیە.

پەیوەندییەكان

تاكە دەروازەی پەیوەندی حەماس و كەرتی غەزە بە جیهانی دەرەوە لە رێگەی دەروازەی رەفەح-ە كە دەیبەستێتەوە بە میسرەوە، بۆیە حەماس لە هەوڵدایە پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بكات، هەرچەندە پەیوەندییەكانی حەماس و فەلەستین هەڵكشان و داكشانی بەخۆوە بینیوە، زۆرجاریش میسر دەروازەكەی بە تەواوی داخستوە و دواتر بۆ كاری مرۆیی كردویەتییەوە، لە شوباتی 2015 دادگایەكی میسر حەماسی خستە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام لە حوزەیرانی هەمان ساڵ حوكمێكی تری دادگا دەرچوو ئەوەی پێشوی هەلوەشاندەوە، حەماس پێشوازی لەم بڕیارە كرد و بە راستكردنەوەی هەڵەی رابردوو ناوزەدی كرد، بەگشتیی پەیوەندی حەماس و میسر لە دۆخێكی ناجێگیردایە، سەبارەت بە سعودیە لە دوای 2006 جۆرێك لە پەیوەندی لە نێوان حەماس و سعودیە هەیە، لە 2007 سعودیە سەرپەرشتی رێكەوتنێكی نێوان حەماس و بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستینی كرد كە بە رێكەوتنی مەككە ناسراوە، لە ئێستاشدا جۆرێك لە ساردوسڕی لە پەیوەندی نێوان هەردولادا هەیە.

سەبارەت بە قەتەر پەیوەندییەكانی حەماس لەگەڵ ئەو وڵاتە تا رادەیەك بەهێزە و لە 2016 بەدواوە حكومەتی قەتەر سەرپەرشتی دانوستانی نێوان حەماس و بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین دەكات، ئەمە وێڕای ئەوەی قەتەر هاوكاری ماددی پێشكەشی حكومەتەكەی حەماس دەكات. لەگەل ئوردن پەیوەندیەكانی حەماس تا كۆتایی سەدەی رابردوو لە ئاستێكی بەهێزدابوو، بەڵام لە 1999 حكومەتی ئوردن بڕیاری دورخستنەوەی پێنج سەركردەی حەماسی بۆ سوریا دەركرد، بەمەش تا رادەیەك پەیوەندییەكانیان بەرەو ئاڵۆزی رۆیشت و تا ئێستاش حكومەتی ئوردن تەنها بۆ كاری مرۆیی رێگە بە سەركردەكانی حەماس دەدات سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.

سەبارەت بە سوریا پەیوەندییەكانی حەماس لەگەڵ ئەو وڵاتە لە ئاستێكی بەرزدابوو نووسینگەی كردبوویەوە و چەندین سەركردەی بزووتنەوەكە لەو وڵاتە نیشتەجێبوون،، ئەمە تا هەلایسانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی درێژەی كێشا، بەڵام دوای بەهاری عەرەبی و پشتیوانی حەماس لە شۆڕشەكان پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوریا رووی لە ئالۆزی كرد و نووسینگەكەی لەو وڵاتە داخرا.

پەیوەندی حەماس لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی حەماس، یەكەم شاندی حەماس لە 1990 بە فەڕمی سەردانی تارانی كرد و سالێك دوای ئەوەش لە تاران نووسینگەی بزووتنەوەكە كرایەوە، لەو كاتەوە پەیوەندی ئەو دوانە لەبەهێزیدا بوو تا هەڵایسانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی و پشتیوانی حەماس لە گەلانی سوۆیا و پشتكردنە بەشار ئەسەد پەیوەندییەكانی حەماس و ئێرانیش بەرەو لاوازی رۆیشت، بەڵام لە 2017 ئێران بانگهێشتی شاندی حەماسی كرد بۆ تاران و جارێكی تر پەیوەندییەكانیان بەرەو بەهێزی دەڕوات. سەبارەت بە توركیا لە 2009 لە دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگان لە كۆڕبەندی داڤۆس دوای مشتومڕی لەگەڵ شەمعۆن پیرێز سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كۆڕبەندەكەی جێهێشت، پەیوەندی حەماس و توركیا بەرەو بەهێزی رۆیشت و دواتریش حەماس نووسینگەی خۆی لە ئەنقەرە كردەوە و تا ئێستاش پارێزگارییان پەیوەندییەكانیان كردوە لە هەمان ئاستدا.

هەواڵی زیاتر