X
ئ|

ئایا تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی هەڵبژاردنی کۆن

توێژینەوە

5 رۆژ پێش ئێستا     160 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ١ی شوباتی ٢٠٢١ ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە. ئەردۆگان وتی "کاتی ئەوە هاتووە دووبارە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نكه‌ره‌ باس لە دەستوورێکی نوێ بکه‌ن بۆ وڵاته‌كه‌. سەرجەم کێشەکانی تورکیا لە ساڵی ١٩٦٠وە لە دەستوورەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەلایەن کودەتاچییەکانەوە نووسراوەته‌وه‌".

سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا هاوڕان لەسەر ئەوەی هەردوو دەستووری ساڵانی ١٩٦١ و ١٩٨٢ کە لە دوای کودەتا سەربازییە خوێناوییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٨٠ نووسراون چارەسەری کێشەکان ناکه‌ن كه‌ لە ئێستادا تورکیا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە دەکات.

لە ٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢١دا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئاماژەی بەوەکرد کە نایەوێت ستانداردە دیموکراتییەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵات لاواز بکرێت، ئەو دەوڵەتانەی مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە پرۆسەی دیموکراتیدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادەن لە سەر داوای کەسانێکی دیاریکراو. ئەمە وەڵامی ئەردۆگان بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا. لە نێوەندی ناکۆکییەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە ١ی شوباتی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام نادرێت و هەڵبژاردنی ئاسایی لە وادەی خۆیدا لە حوزەیرانی ٢٠٢٣دا بەڕێوەدەچێت. ئەم ململانێ سیاسیانە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕوویاندا لە دەرئەنجامی پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیی و جیهانییەکان. تەنیا چەند ڕۆژێک داوای دەستبەکاربوونی، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا جۆ بایدن چەندین بڕیاری پێشووی هەڵوەشاندەوە و پێچەوانەی کردنەوە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە درابوون، بەمەش پەیوەندییەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. لە کۆتایی کانونی دووەمی ٢٠٢١ دا، ئیدارەی ئەمەریکا ڕاگەیاند بە شێوەیەکی کاتی فرۆشتنی چەکی بە ئیمارات و سعودیە ڕاگرتووە کە بەهاکەی بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە نێوان دیکتاتۆریەت و هاوپەیمانی ئەمەریکادا

لە سێ مانگی کۆتایی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن تیشکی خستە سەر سیاسەتی داهاتووی بەرامبەر بە تورکیا و بە تایبەت سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کە پێشتر بە دیکتاتۆرێک وەسفی کردووە و جەختی لەپشتگیری کردنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردۆتەوە بۆ ئەوەی سەربکەون بەسەر ئەردۆگاندا. جۆ بایدن دەیوت ڕێچکەیەکی جیاواز دەگرێتە بەر لە بەرامبەر تورکیادا جیاواز لەوەی ئیدارەکەی سه‌رۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ. پەیوەندیەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە لەسەر بنەمای پەیوەندی باشی هاوڕێیانە و هاوسۆزی نێوان سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و سەرۆک ئەردۆگان بووه‌، بە هەمان شێوەی پەیوەندیەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان.

تا ئێستا چەندین کێشەی سەرەکی بەکراوەیی ماوەتەوە لە پەیوەندیەکانی نێوان ئەم دوو ئەندامەی ناتۆدا، هەر لە هەڵوێستەکانیەوە لە بەرامبەر قەیرانی سوریا و پاڵپشتی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سەردەمی ئیدارەکەی ئۆباماوە کە پارتێکی کوردیە لە سوریا و پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەیە (پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرست لە قەڵەم دراوە له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و چه‌ند وڵاتێكه‌وه‌). ئامانجی سه‌ره‌كی توركیا له‌ سوریا بریتی بووه‌ له‌ ڕێگریكردن له‌ دروستبوونی هه‌رێمێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ له‌ سوریا كه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكاری كوردانی توركیا یان ئه‌و هه‌رێمه‌ كوردییه‌ی سوریا‌، له‌كاتی دروستبوونیدا، له‌ دژی ئاسایشی توركیا به‌كاربهێنرێت. 

دامەزراندنی برێت ماک گۆرگ کە هاوپەیمانێکی نزیکی یەپەگەیە لەلایەن جۆ بایدنەوە وەک ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە شکستێکی دبلۆماسی گەورە دادەنرێت بۆ تورکیا. ئەمە بە درێژەپێدانی سیاسەتی ئەمەریکای سەردەمی باراک ئۆباما دادەنرێت لە بەرامبەر تورکیا. ئەمەریکا چه‌ند سزایه‌كی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندووه‌ وەک ڕاگرتنی هەمئاهەنگی لەگەڵ سوپای تورکیا لە دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ و ڕاگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەكه‌ به‌ ئه‌نكه‌ره‌ بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا. کێشەکراوەکانی تر وەک سەپاندنی سزا بەسەر هالک بانک دا لە لایەن ئەمەریکاوە ( کە لەلایەن حکومەتی توركیاوە خاوەندارێتی دەکرێت و واشنتن تاوانباری كردوه‌ به‌ پێشێلكردنی سزا ئابووریه‌كانی سه‌ر ئێران)، هه‌روه‌ها هەوڵێستی ئەمەریکا بەرامبەر فەتحوڵا گولەن (کەسایەتیەکی دیاری تورکی جیابوەوەیە لە ویلایه‌تی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژیت و ئەنکەرە تاوانباری دەکات بە ڕێکخستنی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦). له‌ دوای ڕوودانی كوده‌تاكه‌وه‌ توركیا چه‌ندین به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر تاوه‌نباربوونی گوله‌ن پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگه‌ پێشكه‌شكراوانه‌ی توركیا تا ئێستا نه‌یتوانوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌مه‌ریكا بكات تا گوڵه‌ن ناچار به‌ ده‌ركردن یان ڕاده‌ستی توركیای بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌، پرسی گوڵه‌ن، چه‌ندین دانیشتنیان له‌گه‌ڵ توركه‌كان ئه‌نجام داوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌ حوكمه‌تی توركیا ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و قوتابخانه‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌ ‌كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شوێنكه‌وتوانی گوڵه‌نه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.

وەک پیشاندانی نیازپاکی، ئەنکەرە چەند هەنگاوێکی دبلۆماسی ناوە لەم دواییانەدا بەرامبەر ئیدارە نوێکەی ئەمەریکا وەک ناردنی ئاماژەی ئەرینی بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ یۆنان و یەکێتی ئەوروپا و ڕکابەرەکانی لە ناوچەکەدا وەک سعودیە و ئیسڕائیل. دوای ساڵانێک لە چەقبەستنی سیاسی، تورکیا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بەردەوام بێت لە دانووستانەکان لەسەر قوبرس. لەم ڕۆژانەی دواییدا، تورکیا پەیامێكی دۆستایەتی بۆ ڕکابەری مێژوویی ئەرمینیا ناردووە و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی سنورەکانی بەڕوویدا.

حکومەتی تورکیا لاپەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ یۆنان دا دوای چەندین مانگ لە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکانی دەریای ناوڕاست. لە ٢٥ کانونی دووەمی ئەمساڵدا گەڕێكی تری دانووستانەکان لە نێوان یۆنان و تورکیا لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو لەسەر گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا.

لادانی سیاسی تورکیا لە لیبیا و دەریای ناوڕاستدا

لە لیبیا، تورکیا هاوپەیمانەکانی دوێنێی لە دەستدا لەناو حکومەتی تەرابلوس کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە. ئەندامانی دیداری دیالۆگی سیاسی لیبیا لە جنێف ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی سێ کەسیان هەڵبژارد لە ٥ی شوباتی ٢٠٢١ کە لەلایەن محمد یونس مەنفی یەوە سەرکردایەتی دەکرێت لە کاتێکدا سیاسەتمەدار و بازرگانی لیبی عەبدول حەمید دبەیبە وەک سەرۆک وەزیری وڵاتەکە دیاری کرا.

هێشتا ڕوون نیە حکومەتی نوێی لیبیا هەڵوێستی چۆنە لەسەر ڕێکەوتنی دەریایی نێوان تورکیا و لیبیا کە لە ٢٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ واژۆکرا سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی سنوره‌ ده‌ریاییه‌كان. ساڵی ٢٠٢٠ تورکیا ئەم ڕێکەوتننامەیەی بەکارهێنا بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گازدا لە دەریای ناوڕاست لە ڕێگەی کەشتیەکانیەوە، کە هەندێک جار گرژی و ئاڵۆزی و پێکدادانی لێدەکەوتەوە لەگەڵ یۆنان و کەشتیە چاودێرەکانی ئەوروپا.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا شارەزایانە ئەم پەیوەندیە نوێ و چاوەڕوان نەکراوانە بەکاردەهێنن لەگەڵ هەلەکانی بواری سیاسەتی دەرەوە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی تورکیا و دەستکەوتنی دەسەڵات لە سیستمی سەرۆکایەتیدا. یەکێک لە ڕەخنەگرە بەهێزەکان ئەحمەد داود ئۆغلۆیە (ئەندامی باڵای پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان، وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی توركیا لە ڕابردوودا) کە پارتی داهاتووی دامەزراند لە ساڵی ٢٠١٩ دا. ئەحمەد داود ئۆغلو بەوە ناسراوە سیاسەتی دروستنەکردنی کێشە پەیڕەو دەکات لەگەڵ دراوسێکانی تورکیا، هەرچەندە لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا تورکیا هیچ هاوڕێیەكی نەمابوو لە نێو دراوسێکانیدا.

ئازایەتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا - داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی

لە کۆتایی کانونی دووەمی ٢٠٢١ دا ، موحەرەم ئینچە (کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی کە ڕکابەرایەتی ئەردۆگانی دەکرد) دەستی لەکارکێشایەوە و وازی لە سەرەکیترین پارتی ئۆپۆزسیۆن هێنا کە پارتی کۆماری خەڵکی یە (جەهەپە). موحەرەم ئینچە پارتێکی نوێی دامەزراند بەناوی بزووتنەوەی شارەکەم و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ وێنەی سیاسەتی تورکیا دادەڕێژرێتەوە لە قۆناغێکی هەستیاردا بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە. وەک کاندیدی پارتی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی ٢٠١٨ لە تورکیا، ئینچە ٣٠.٦٨٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا بەمەش له‌ پله‌ی دووەمدا بوو لە دوای ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە کە براوەی هەڵبژاردنەکەبوو بە ڕێژەی ٥٢.٥٩٪ی دەنگەکان. ئینچە سیاسەتمەدار و سەربازی کۆنە لە هەمان کاتدا قسەکەرێکی بەتوانایە کە هەندێک جار کاریزماکەی بە کاریزمای سەرۆک ئەردۆگان بەراورد دەکرێت.

سەرۆک ئەردۆگان خراپی دۆخەکە دەبینێت بۆ پارتەکەی (پارتی داد و گه‌شه‌پێدان - ئاک پارتی) کە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگی لایەنگرە تەقلیدیەکانی لە دەستداوە، بەتایبەت لە نێوگەنجەکاندا. ئەنجامی ڕاپرسیەک لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بڵاوکرایەوە لەلایەن دەزگای توێژینەوەی ئەوروپا - ئاسیا پیشانیدا کە ڕێژەی لایەنگرانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار ئەکەپە -مەهەپە بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە لەوکاتەوە ئەردۆگان هاتوەتە سەر كورسی دەسەڵات ١٨ ساڵ لەمەوبەر.
بە گوێرەی ئەنجامی ئەو ڕاپرسیە، ٣٢.٧٪ دەنگەکان بۆ هاوپەیمانی دەسەڵاتدار بووە ( هاوپەیمانێتیەکی تایبەتە لە هەڵبژاردنەکانی شوباتی ٢٠١٨ لە نێوان پارتی دەسەڵاتدار ئەکەپە و پارتی نەتەوە پەرستی ئۆپۆزسیۆن مەهەپە دروستکرا)، بەڵام ٣٢،٢٪ دەنگەکان بۆ هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆن (هاوپەیمانی نەتەوەکان) بوو کە هاوپەیمانێتی یەک بوو لە نێوان چوارپارتی ئۆپۆزسیۆن لە ئایاری ٢٠١٨ دا دروستبوو: پارتەکانی جەهەپە، پارتی لیل، پارتی بەخشین و پارتی دیموکراتی.

پێویستە بزانرێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ دا هاوپەیمانی دەسەڵاتدار ٥٣،٧٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا لە کاتێکدا هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن ٣٣،٩٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ دا پارتی داد و گەشەپێدان ٤٢.٦٪ دەنگەکانی به‌ده‌ستهێنا لەکاتێکدا پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی جەهەپە ڕێژەی ٢٢.٦٪ دەنگەکانی به‌ده‌ستهێنا ، ئەمەش مانای ئەوەبوو پارتی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانێتی یەکەی ڕێژەیەکی بەرچاوی لایەنگرەکانی لەدەستداوە. بەپێی ئەم هاوکێشەیە و بۆچونی شرۆڤه‌كاران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەتوانێت ڕێژەی دەنگەکانی بگەیەنێتە ٥٢،٥٪ لەکاتێکدا هاوپەیمانی دەسەڵاتدار ناتوانێت ڕێژەی ٤٧.٥٪ زیاتر بەدەست بهێنێت.

هۆکاری سەرەکی دابەزینی لایەنگرانی پارتی دەسەڵاتدار خراپبوونی دۆخی ئابوریە کە زۆر زیادی کردووە بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەگەڵ داڕمانی زیاتری بەهای لیرەی تورکی و بەرزبوونه‌وه‌ی نرخی شت و مەک، هاوكات زیادبوونی ڕێژەی بێکاری.

خراپبوونی دۆخی ئابوری وڵات کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بناغەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەنگدەرانی پارتی دەسەڵاتدار کە زیاتر خەڵکانی چینی مام ناوەند و گوندنشینەکانی وڵاتەکەن. هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کاریگەری هەبووە لەسەر زیاتر خراپبوونی باری ئابوری تورکیا و دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان. ناجێگیری پەیوەندی داهاتووی نێوان ئیدارە نوێیەکەی دیموکراتەکان و تورکیا مەترسی زیاتری دروستکردووە لەسه‌ر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئەنکەرەدا.

سەرۆک ئەردۆگان بە ئاشکرا دەڵێت ئامانجی هەموارکردنەوەی دەستوور نیە بەڵکو داڕشتنی دەستوورێکی نوێیە بۆ وڵاتەکە بە بەشداری سەرجەم پارتەکانی تورکیا. به‌شێك لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئامادەییان پیشانداوە بۆ هەمئاهەنگی کردن لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان لەم بارەیەوە. بۆیە ئەردۆگان تۆپەکەی فڕێداوەتە ساحەی ئۆپۆزسیۆن بەڵام ئەوان زۆر بە پەرۆش نین دەربارەی ئەم پرۆسەیە چونکە پێویستی بە گشتپرسیەکی جەماوەری هەیە لەسەر ئاستی وڵات.

لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن پەلەیەتی و ئامانجی سەرەکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە چونکە هەلێکی زێڕینیان بۆ هاتۆتە ئاراوە کاتێک ئەکەپە و هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە قەیرانێکی قوڵدان و ڕەنگە ئەم هەلەش دووبارە نەبێتەوە.

ئایا تورکیا دەگەڕێتەوە سەر سیستمە کۆنەکەی هەڵبژاردن؟

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی ئێستای تورکیا، شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان وڵاتەکە لەسەروبەندی هەڵبژاردنێکی نوێدایە کە پێدەچێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووبدات نەک دووساڵی تر.

هەندێک له‌ شرۆڤەکاران دەڵێن هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت لە تورکیا لە کۆتایی ئەمساڵ دا لەسەر پێشنیاری ئەردۆگان خۆی. هەرچەندە لەم ساتەدا ئەردۆگان بەتوندی لە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختدایە، بەڵام متمانەی بەخۆی هەیە کە هەڵبژاردنەکان بباتەوە و تاقیبکاتەوە لەبری چاوەڕوانیکردنی هەڵبژاردنی ئاسایی لە ساڵی ٢٠٢٣ و قبوڵكردنی مەترسی زیاتر خراپبوونی دۆخی ئابوریەکەی.

شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم ئەردۆگان بریتیە لە گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستیەی کە لە سیستمی سەرۆکایەتیدا ئەردۆگان پێویستی ٥١٪ دەنگەکانە بۆ ئەوەی هەڵبژێردرێتەوە وەک سەرۆک کە ئەمەش ئەستەمە بەدیبهێنرێت.

گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی هەل بۆ ئەردۆگان دەڕەخسێنێت دەسەڵات بگرێتەوە دەست ئەگەر پارتەکەی زیاتر لە ٣٠٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت، کە ئەمەش کارێکی ئەستەم نیە. چونکە ئەم ڕێژەیە ئاسانە پارتەکەی ئەردۆگان بە دەستی بهێنێت لە هەموو ئەگەرێکدا و لە پێشەوەی پارتە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان بمێنێتەوە.

ئەردۆگان بەردەوام بڕوا بەخۆبوونی لە زیادبووندایەوە و توانا بەرگریکاریە ناوخۆییەکانیشی لەگەشەکردندایە، بۆیە چیتر نایەوێت ئەندامێکی گوێڕایەڵ بێت لە هاوپەیمانێتی وڵاتانی خۆرئاواییدا و لەو بڕوایەدایە تورکیا دەبێت دوای بەرژەوەندیەکانی خۆی بکەوێت لەهەر شوێنێکی جیهاندا بێت. لە ئێستادا تورکیا پەیوەندی ئابوری و سیاسی زۆر باشی هەیە لەگەڵ ڕوسیا و چین دا كه واشنتنی‌ نیگه‌ران كردووه‌. له‌بواری سه‌ربازیشدا ئه‌نكه‌ره‌ و مۆسكۆ هه‌مئاهه‌نگی ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ سیسته‌می به‌رگری موشه‌كی ئێس ٤٠٠ دا. لە مەسەلەی سوریادا، ڕوسیا چاوپۆشی زۆری لە تورکیا کردووە. پێناچێت توركیا به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و ئابوری و به‌رگریه‌كانی بێت لەگەڵ ڕوسیا و چین دا بۆ ڕازیكردنی ئه‌مریكا. 

هه‌ندێك له‌ شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان دەبێت ئیدارەکەی سەرۆک بایدن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا وەک دوو هاوپەیمان لە هەمانکاتدا پێویستە ڕێز لە پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیا بگرێت بەتایبەت لەسەر سێ بابەتە گەرمەکەی (باڵکان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و قەوقاز) وە دان بە واقیعی نوێی تورکیادا بنێت.

هەواڵی زیاتر