X
ئ|

وه‌زاره‌تی ناوخۆ: شه‌ڕەنگێزی و نائارامیی له قه‌ندیله‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ!

هەواڵی کوردستان

5 رۆژ پێش ئێستا     592 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ شه‌ڕەنگێزی و نائارامیی له قه‌ندیله‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ!

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ندین جار چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ په‌لاماری ھێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان داوه‌ و چه‌ندین ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه‌یان شه‌ھید و بریندار كردووه‌ و ھه‌موو ھه‌وڵیان بۆ تێكدانی ئارامی وئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌. به‌داخه‌وه‌ له‌ ڕۆژانی رابردووشدا شه‌ش پێشمه‌رگه‌یان شه‌ھید كرد و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی تریش بریندار بوون".

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت: "چه‌ندین ساڵه‌ به‌ھۆی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ سه‌دان گوند و ئاوایی ناوچه‌ سنووریه‌كان چۆلكراون و زیانێكی زۆری ماددی به‌ر هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه‌ كه‌وتووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام ھه‌وڵی ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی ھه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی پشێوی و نا ئارامیان له‌ ناو هه‌رێم داوه‌، ئه‌ویش به‌ ڕێگای جۆراوجۆر له‌وانه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا وه‌ك به‌شێك له‌ پیلانه‌كانیان له‌ دژی ھه‌رێم و به‌ ھاوكاری ده‌ستێكی ناوخۆیی، چه‌ندین ھاووڵاتی خاوه‌ن ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌وروپاییان ناردووه‌ بۆ ناو هه‌رێم بۆ به‌ كارهێنانیان وه‌ك ئامرازێك بۆ تێكدانی سه‌قامگیریی ناو هه‌رێم له‌ ژێر ناوی گرووپی به‌ناو ئاشتی و ئازادی".

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری ناو هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی  و هه‌ولێری پایته‌خت هێڵی سووره‌ و رێگا ناده‌ین له‌ ژێر هیچ بیانوویه‌ك و له‌ ژێرناوی هیچ گروپێك، ئه‌م سه‌قامگیریه‌ تێك بدرێت".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ داواش له‌و گرووپانه‌ ده‌كات "خۆیان نه‌كه‌نه‌ ئامرازێك بۆ تێكدانی باری ئه‌منیی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییه‌، با ڕووی قسه‌كانیان ئاراسته‌ی قه‌ندیل بكه‌ن چونكه‌ شه‌ڕانگێزی و نائارامی له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پێویسته‌ ئه‌و گرووپانه‌ داوا له‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ن چیتر ده‌ست نه‌خاته‌ ناو كاروباره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سنوورێك بۆ شه‌ڕفرۆشییه‌كانیان و دژایه‌تی خه‌ڵكی ئاشتیخوازی هه‌رێمی كوردستان دابنێن".

هەواڵی زیاتر