X
ئ|

لاهور شێخ جەنگی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان

هەواڵی کوردستان

5 رۆژ پێش ئێستا     377 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند كه‌ گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 6ـی 2021، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ئۆرلیک شانون باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا کە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ئامادەی بوو، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەكە و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق.

لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان لە پێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان، نیگەرانی خۆشی خستەڕوو لەو بارگرژییانەی کە لە ئارادان و وتی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان.

هاوسەرۆک جەختیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت لە خستنەگەڕی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستوور، لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە کە دەتوانرێت لەو ناوچانە و لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە کۆتایی بەو گرووپە تیرۆریستییانە بهێندرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: بەلای ئێمەوە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئامانجەکانمان بەدی بهێنین و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکەین، هەر بۆیە یەکێتیی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە دەستێوەردانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا، وتیشی لەو چوارچێوەیەشدا و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگیان نا بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هانی هەموو لایەنەکانی تریش دەدەین کە لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە و یەکدەنگیی کورد بپارێزن.

وەفدی میوان پێزانینی خۆیان پێشکەش بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و باری سەرنجی خۆیان خستەڕوو بەرامبەر بە کۆی ئەو پرسانەی خرانەڕوو.




هەواڵی زیاتر