X

کاکەییەکان: تەنیا ئێمە وەک کەمینە کۆتامان بۆ دیاری نەکراوە

ڕاپۆرت

پێش 4 هەفتە     160 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
کاکەییەکان، یان یارسانییەکان کە وەک باوەڕێکی کۆنی ئایینی لە ناوچەکەدا ناسراوە، ئەوان دەڵێین، گەورەترین قوربانیان داوە و هەڕەشەیان لەسەر بووە، بە درێژایی مێژوو، کۆچکردنی زۆرەملێ، هێرش، وێرانکردنی گوندەکان و کوشتن چارەنووسیان بووە و دەشلێین سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی دەرحەقیان کراوە، هاوشێوەی هەموو کەمینەکان لە عێراق لە سیستەمی هەڵبژاردندا کۆتایان بۆ دیاری نەکراوە.


یارسان یان کاکەیی، ناوێکی دیار و ئاشنای نێو مێژووی نەتەوەی کوردە و بەپێی هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ رەچەڵەکی کۆنی کورد لە ناوچەکەدا.

یارسان هەندێک بە بیروباوەڕێکی تایبەت و هەندێکیش بە پێکهاتەی نەتەوایەتی ناویان دەبەن، خۆشیان دەڵێن یارسان یان کاکەیی ئایینێکی تایبەتە و دیینی رەسەنی کوردە.

ئامارێکی دروست و ورد نییە بۆ ژمارەی یارسانەکان لە جیهاندا، بەڵام بەپێی قسەی خۆیان نزیک دەبنەوە لە ١٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان و بەشی زۆریشیان نیشتەجێی ئێرانن، جگە لەوێش بەشێکی دیکەیان لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، عێراق و هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

سەرۆکی کۆمەڵەی رووناکبیری یارسان، هەرێم کاکەیی دەڵێت: "یارسان بۆخۆی دینە، ئایینێکی کۆنی کوردی میتراییە، لەنێو پەیڕەوکەرانی دینی یارساندا هەموو عەشیرەتەکان وەک چەپکە گوڵێک دەبینین بۆ نموونە لەک، زەنگەنە، قەرەسەنی، هەمەوەند و هەموو ئەوانی تریش، بۆیە بەم پێوەرە دەڵێین ئەگەر یارسان و کاکەیی دین نەبێت چۆن عەشرەتەکانی دیکەی لەخۆگرتووە لە وڵاتانی دیکەش بۆ نموونە لە ئێران دەبینین فارس و تورک هەیە یارسانن".

وتیشی: "مێژووی ئەم ئایینە زۆر کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا کە لەنێو کورددا پەیڕەو کراوە، کورد یەکتا پەرست بووە و خوای ناسیوە و خوا و سروشت و پاکی و راستی ناسیوە، لەبەر ئەوەی لەسەر پەیڕەوی ئەم ئایینە جوانە بووە".

سەرۆکی کۆمەڵەی رووناکبیری یارسان، هەرێم کاکەیی دەربارەی پیرۆزکراوەکان لە ئایینی یارساندا وتیشی: "یارسان لەسەروو هەموو شتێکەوە بڕوای بە خوا هەیە، لەبیر و باوەڕی یارساندا خوا پیرۆزە، ئایینی یارسان تایبەتمەندییەکی هەیە لەگەڵ سەردەمەکاندا خۆی نوێ دەکاتەوە، دینێکی توندڕەو نییە و بانگەوازیش ناکات بۆئەوەی خەڵکێکی دیکە لە ئایینەکانی دیکەوە بهێنێتە سەر ئەم ئایینە. لە دینی یارساندا میوزیک بە پیرۆز سەیر دەکرێت و ئامێری تەمیرە بۆ شوێنکەوتوانی دینی یارسان پیرۆزە و لە هەموو مەراسیمەکانماندا بەکاردێت، هەمیشە ئێمە وتوومانە چەکمان نییە و چەکی دەستمان ئەو ئامێرە میوزیکیەیە و لە هەموو ماڵێکی یاریسانیشدا تەمبور هەیە و ئاوازە کوردییە رەسەنەکانی پێ دەژەنرێت".

دەربارەی جوگرافیای بڵاوبوونەوە و نیشتەجێبوونی کاکەییەکان رایگەیاند "یارسانەکان بە دنیادا بڵاوبوونەتەوە و لە زۆرینەی وڵاتەکانی دنیا هەن، بە تایبەتی لە ئێران، عێراق، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بەتایبەت لە ئەرمەنستان، ئازەرباینجان، تاجیکستان و قەوقاز بە فراوانی بڵاوبوونەتەوە. لە هەموو جیهان زیاتر لە ١٠ ملیۆن یارسان هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش هەرچەندە ئامارێکی ورد نییە، بەڵام لە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار کەس دەبین".

وتیشی: "لە هەرێمی کوردستان یارسانەکان لە كەركوك و چەمچەماڵ، هەمەوەند، مووسڵ، خانەقین و هەڵەبجە و چەندین شوێنی دیکە بڵاوبوونەتەوە، چەندین وێنەی مێژووییمان هەیە کە هەندێک شوێن هەبووە ناوچەی یارسانی و کاکەیی بوون، بەڵام خەڵکەکەی راگوێزراون بەرەو لیبیا. لە وێنەکاندا کە گەڕیدە ئینگلیزەکان گرتوویانە دەردەکەوێت کە خەڵکە راگوێزراوەکان تەمبووریان بەدەستەوەیە و سمێڵێکی گەورەیان هەیە کە ئەمانە هەردووکی رەمزی یارسانەکانن".

لە هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆسەر شار و شارۆچکەکانی عێراق، چەندین گوندی کاکەیی نشین کەوتنە بەر شاڵاوی ئەو گرووپە تیرۆریستییە و خەڵکەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، هاووڵاتی محەمەد حوسێن کاکەیی دەربارەی هەڕەشە و توندوتیژییەکان کە بەرامبەر کاکەییەکان دەکرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کۆن و لەئێستاشدا هەمیشە کاکەییەکانی هەڕەشەیان لەسەرە و لێمان دەکوژرێت و هێرشمان دەکرێتە سەر. لە شەڕی داعشدا کاکەییەکان قوربانییەکی زۆریان دا بەتایبەت لە ناوچەکانی مووسڵ".

بەشی زۆری کەمە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە پەرلەمانی عێراق کورسی کۆتایان بۆ دانراوە تاوەکو نوێنەریان لە پەرلەمان هەبێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکات، بەڵام ئەمە بۆ کاکەییەکان نەکراوە و گلەیی سەرەکیشیانە.

دەربارەی ئەمە هاووڵاتی محەمەد حسێن کاکەیی دەڵێت: "ئێمە گلەییمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، گلەییمان لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە، گلەییمان لە حکوومەتی عێراق و سەرجەم حزبەکان هەیە کە لە پەرلەمانی عێراقدا کۆتایان بۆ هەموو کەمە نەتەوەکان داناوە، بەڵام کاکەیی نزیکی نیو ملیۆن کەس زیاترین و ناوچەیەکی زۆر فراوانمان هەیە، بەڵام کۆتایان بۆ کاکەیی دانەناوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تەنیا کورسییەکی کۆتای لە ئەنجوومەنی پاریزگای هەڵەبجە بۆ داناوین بۆیە گلەییمان لە هەرێمی کوردستانیش هەیە، لەکاتێکدا ئێمەش کوردین دینەکەشمان کوردییە و دەقەکانیشمان کوردییە، دەبوو داکۆکیان لێبکردینایە و لانیکەم لە كەركوك کۆتایەکمان بۆ دابنرایە".

دەربارەی زاراوەی ئاخاوتن و نووسینی کاکەیەکانیش وتی: "بنەچەی زمانی کاکەیی زاراوەی ماچۆیە، تێکستەکانی کاکەیی بە ماچۆ نووسراوە، بەڵام بەپێی ناوچەوی نیشتەجێبوونیش زاراوەکان دەگۆڕێت بۆ نموونە لە ئێران کاکەیی هەیە لە ناوچەی کەلهوڕ بە کەلهوڕێ دەدوێن".

تەمبوور یان تەمیرە، ئامێرێکی کۆنی میوزیکی کوردییە و رەمزی یارسانەکانە لە زۆرینەی ماڵە کاکەییەکاندا تەمبوور هەیە و بەشێکی زۆریشیان دەزانن بیژەنن.

لە مەراسیمە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی یارسانیشدا تەمیرە بەشێکی سەرەکی مەراسیمەکانیانە و بە گۆرانی و میوزیک و شیعر کۆبوونەوەکانیان بەڕی دەکەن.

تەمبوور ژەن، فەریبورز کرماشانی کە یەکێکە لە مامۆستا دیارەکانی ئامێری تەمیرە دەربارەی ئەو ئامێرە میوزیکییە دەڵێت: "ئامێری تەمیرە لە کاسەیەک و دەستێک پێکدێت، سێ وەتەری لەسەرە و ژمارەیەک کلیلی نۆتەی لەسەرە و لە دوو تۆن پێکدێت، تۆنی سۆڵ و فا، جیاواز لە هەموو ئامێرە میوزیکییەکانی دیکەش لە کاتی ژەنینیدا هەر پێنج پەنجەی دەست بەکاردێت و ئاوازەکانی پێ دەژەنرێت، ئەم ئامێرە لەسەدا ٣٠ی کاکەییەکان دەتوانن بیژەنن و هەمیشە کۆبوونەوە و مەراسیمەکان بەم ئامێرە دەرازێندرێتەوە".

فەریبورز کرماشانی دەربارەی مێژووی ئامێری میوزیکی تەمیرە، وتی: "ئامێری تەمیرە کە بە فارسی پێی دەڵێن تەمبوور مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا، کۆنترین ئامێری میوزیکی کوردە، پێشتر وەتەرەکانی دوو تەل بوو، بەڵام نزیکی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵە زیادکراوە بۆ سێ وەتەر لەبەر ئەوەی بیهێنینە نیو میوزیکی سەمفۆنیاوە و بتوانین هەموو جۆرە ئاوازەکانی لەگەڵدا بژەنین".

وتیشی: "ئەم ئامێرە لای یارسانەکان پیرۆزە لەبەر ئەوەی لەگەڵ مێژووی خۆیدا هەڵیان گرتووە هەتاوەکو ئێستا، کاکەییەکان کۆنترین وەچەی کوردن و تا ئێستا ماون، ئەم ئامێرە لە ژوورەکانی خۆماندا بە پیرۆزی دادەنێین و هەڵی دەگرین و ماچی دەکەین".

تەمبوور ژەن، فەریبورز کرماشانی هەروەها دەشڵێت: "کۆبوونەوە ئاینییەکانمان میوزیکی تێدایە و تەمیرە دەژەنین تێیدا، بە چەپڵە و میوزیک و گۆرانی رەسەن سروتە ئایینییەکان و کۆبوونەوەکانمان بەرێ دەکەین".

سەرچاوە: AA