X

گەنجی رەشوڕوت و كوڕی مەسئول

سۆشیال میدیا

پێش 3 هەفتە     166 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

گەنجی رەشوڕوت، خواخوایەتی لە زانكۆیەكی حكومی بخوێنێت،  كوڕی مەسئول، زانكۆی تایبەتی خۆی هەیە.

 

 گەنجی رەشوڕوت، زستانەو زستان بۆ بەرمیلێك نەوت لەسەرەی تەنكەرە نەوتدا دەوەستێت، كوڕی مەسئول، بیرە نەوت و ریزە تەنكەری هەیە.


گەنجی رەشوڕوت، كەیفخۆش دەبێت، لە بەرنامەی سەكۆی "ئێن ئاڕ تی" دەركەوێت، كوڕی مەسئول، تەلەفزیۆنی تایبەتی خۆی هەیە.


پۆزی گەنجی رەشوڕوت، سەهۆڵەكە و ئیسكانە، كوڕی مەسئول، نان خواردنێ دەباتە لای بورجی خەلیفە یان بورجی ئیفڵ.


گەنجی رەشوڕوت، ۳٠ ساڵ ئیش بكات نابێتە خاوەنی خانوی خۆی، كوڕی مەسئول، سەعاتێ ئیشیان ناكات، نەك شوقەو ڤێلا، خودی سیتی و گوندە مۆدێرنەكان یان هی ئەون یان پشكی تیایاندا هەیە.


گەنجی رەشوڕوت، بەشاگردی مەتعەم شكورە، كوڕی مەسئول، خاوەن ریستۆرانت و مۆڵە.

 

گەنجی رەشوڕوت ، لەسەیدسادقەوە تا هەولێر بڕوا لە شەش سەیتەرە رایئەگرن، كوڕی مەسئول، پاسپۆرتی دیبلۆماسی لە باخەڵدایە كوێی بوێ بۆی دەچێ.


گەنجی رەشوڕوت ، تا ماتۆڕێكی سێ چەرخە یان تەكسیەك دەكڕێت نیوەی عومری دەڕوا، كوڕی مەسئول، مەعرەزو وەكالەتی سەیارەی هەیە.


گەنجی رەشوڕوت ، باوكی 30 ساڵ فەرمانبەر بوە 40 رۆژ جارێ مەعاشی خانەنشینیەكەی وەردەگرێت، كوڕی مەسئول، باوكی مەخزەنێ فیشەكی لە شاخ تەقاندبێ ملیۆنێ دۆلار لەسەر میللەت كەوتوە.


گەنجی رەشوڕوت ، حیمایەتی و پێشمەرگایەتی بەرئەكەوێت، كوڕی مەسئول، هەر بە مناڵی سەر شانی بە نەجمەخوار دەبێت و كۆمپانیای سكویتریتی و لیوای تایبەتی هەیە.


گەنجی رەشوڕوت ، لەسەر گرتنی جوتێ كۆتری تەرە دەخرێتە سجنە، كوڕی مەسئول، بە رۆژی روناك خەڵك دەكوژێت وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت.
گەنجی رەشوڕوت لە دەبۆكە یان شێخەڵا بازاڕ دەكات، كوڕی مەسئول، لە ئیتالیا خۆی پۆشتە دەكات.


گەنجی رەشوڕوت ، گورچیلەو جگەری بێشێ و جەڵتەش لێبدا هەر دەتوانێت بچێتە خەسەخانەی شار و رزگاری، كوڕی مەسئول بۆ فەحسی شەكرەو میز دەچێتە ئەڵمانیا.


ئەمە بەشێكە لە ژیانی كوڕان، ئەوە با تراژیدیای كچی رەشوڕوت لەولاوە بوەستێ كە سەرجەم خەونەكانی لە چوارچێوەی ژوورێكدا پەژموردە دەبن.

 


لە فەیسبوكی ماز فەرحان ....وەرگیراوە