X

ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی ده‌كات به‌زووترین كات ئه‌م وڵاته‌ جێبهێڵن

هەواڵی جیهان

پێش 1 هەفتە     2306 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا فشاره‌كانی بۆ سه‌ر هاوڵاتیه‌كانی له‌ ئیسیوپیا زیاتر كرد تاوه‌كو به‌زووترین كات ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌كانه‌وه‌ شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ خه‌ریكه‌ زیاتر په‌ره‌ده‌سه‌نێت.


به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایانگه‌یاند كه‌ "هاوڵاتیانی ئه‌مریكا له‌ ئیسیوپیا ده‌بێت ئێستا ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن له‌كاتێكدا هێشتا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بژارده‌یه‌كن له‌به‌رده‌ستیاندا".

به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكات بۆ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا وتی: "په‌یامه‌كه‌مان ئه‌مه‌یه‌: چاوه‌ڕێ مه‌كه‌ تاوه‌كو بارودۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت و ئینجا بڕیار بده‌یت ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵیت، جێی بهێڵه‌ به‌رله‌وه‌ی شته‌كان بگۆڕێن". 

وتیشی‌: "له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان چیتر له‌به‌رده‌ستدا نه‌بن ئه‌وا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا پێناچێت بتوانێت یارمه‌تی هاوڵاتیه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئیسیوپیا بدات".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هیچ پلانێك نییه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریكا بۆ ناو ئیسیوپیا تاوه‌كو سه‌رپه‌رشتی گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیان بكات، وه‌كو ئه‌وه‌ی چۆن له‌مدواییانه‌دا سوپای ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان كردی.

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "نابێت پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌مریكا كارئاسانی بكات بۆ گواستنه‌وه‌كان له‌ڕێی سوپاوه‌ بێت یاخود گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كان له‌ ژینگه‌یه‌كی ناجێگیردا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و هه‌موو ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر جێهێشتنی ئه‌و وڵاته‌ به‌زووترین كات".

زیاتر له‌ ساڵێكه‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی ئیسیوپیا به‌ ڕابه‌رایه‌تی ئابی ئه‌حمه‌د سه‌رۆك وه‌زیری وڵاته‌كه‌ له‌دژی هێزه‌كانی تیگرای ده‌جه‌نگن كه‌ به‌ به‌ره‌ی ئازادی گه‌لی تیگرای ناسراون. 

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئابی ئه‌حمه‌د ئاشكرایكرد كه‌ "ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ و سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی ده‌كات دژی پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی تیگرای".

 له‌م هه‌فته‌یه‌دا هێزه‌كانی تیگرای بانگه‌شه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی شیوا ڕۆبیتیان كرد كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووری 220 كم له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئادیس ئابابای پایته‌خته‌وه‌.

له‌ 3 ی مانگی یانزه‌دا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا ده‌رچوونی هه‌ندێك له‌ كارمه‌نده‌كانی حكومه‌تی ئه‌مریكای له‌ باڵیۆزخانه‌كه‌ په‌سه‌ندكرد، به‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیشیانه‌وه‌ له‌ ئیسیوپیا. له‌و كاته‌شه‌وه‌ چه‌ند جارێك هاوڵاتیانی ئه‌مریكای له‌و وڵاته‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌ڕێی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاوڵاتیانی ئه‌مریكای له‌ ئیسیوپیا ئاگاداركرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری هێرشی تیرۆریستی. داوای له‌ ئه‌مریكیه‌كان كرد " زۆر وریا بن و خۆیان به‌دووربگرن له‌و شوێنانه‌ی كه‌ بیانیه‌كان زۆر ڕووی تێده‌كه‌ن".