X

داكشانی ئیسلامی سیاسی

کراوەیی ئیسلامی

پێش 1 هەفتە     131 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

حەسەن یاسین

ئیسلامی سیاسی ئەمڕۆ لەتەنگژەدایە و كێرڤی روو لەخوارە، شارەزایانی كاروباری بزووتنەوەكانی ئیسلامی، باس لە سەرەتای كۆتایی ئەم بزووتنەوەیە، لەناوچەكەدا دەكەن، هەڵبەت بۆ ئەم بۆچوونەشیان پشت بەچەند راستییەك دەبەستن، لەوانە:

- هەڵكشانی داعش و بەرەی نوسرە، لەم دە ساڵەی دواییدا لە عیراق و سوریا و ئەو تراژیدیا مرۆییانەی بەهۆی ئەوەی دڕندەیی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر رای گشتی عەرەب، نەك هەر لەم دوو وڵاتەدا كە ئاماژەمان پێكردن، بەڵكو لەسەر سەرجەم وڵاتانی عەرەب دانا و بووەمایەی ئەوەی خەڵك نەفرەت لەئیسلامی سیاسی بكەن!

- ئەزمونەكانی فەرمانڕەوایی ئیسلامی سیاسی یەك لەدوای یەك شكستیانخوارد: سودان، ئەزمونی كورت و نەفامانە و ناسیاسییانەی ئیخوان لە میسر، ئەزمونی ئیدارەی حەماس لە كەرتی غەززە و ئەزمونی درێژخایەنی شیعەگەر لە ئێران، ئەزمونی شكستخوارددوی ئیسلامی سیاسیی شیعە، لە دوای ٢٠٠٣،  لەعیراق .

- نائومێدبوونی ئیسلامییەكان لە ئەزمونی فەرمانڕەوایی ئیسلامی سیاسی لە توركیا، پاش ئەوەی ئومێدێكی زۆریان لەسەری هەڵچنیبوو. سەرەڕای ئەوەی شانازییان بەوە دەكرد كە نمونەیەكی خۆگونجێنە لەگەڵ بەهاكانی سەردەم و بنەماكانی دیموكراسی و پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ، كەچی هەموو ئەمانە بڵقی سەر ئاوبوون و سەرەنجام فەرمانڕەوایی داد و گەشەپێدان بوو بە فەرمانڕەواییەكی ئۆتۆكرات و تاكڕەو لەناوخۆی توركیادا.

- هەموو ئەم نمونانەی بزووتنەوەكانی ئیسلامی، نەیانتوانی دیدگایەكی ئابوری و كۆمەڵایەتیی گونجاو لەگەڵ سەردەم لەبارەی فەرمانڕەواییەوە پێشكەش بە موسڵمانان بكەن و پیشانی دنیای مۆدێرنی بدەن كە ئەم نمونەیەی فەرمانڕەوایی ئەوان لە فەرمانڕەوایی جەنەڕاڵەكان و سەركۆمارەكان باشترە، ئەگەرچی سوپایەك لە زانای دینی و خۆبەئامۆژگاریزانیان لەپشتەوەبوو، بەڵام واقیع دەریخست، ئەمانە، رۆڵەی ئەم سەردەمە نین و بیروباوەڕەكانیان بەكەڵكی ئەم رۆژگارە نایەت، هەموو ئەو بیرۆكانەی هەیانە دروستكردنی ژیانە بەخەیاڵی رابردووەوە، لەجیاتی ئەوەی ژیانی خەڵك باش بكەن، دەیانەوێ بۆ ژیانی رابردوو بیانگێڕنەوە. ئەو ژیانەی لەرابردوودا، خەڵك لەسایەیدا حەساوە نەبوو، ئەمڕۆ چۆن دەتوانێ بەهەمان ریتم بژی و حەساوەش بێت!

- نمونەكانی فەرمانڕەوایی بزوتنەوەكانی ئیسلامی، نەیانتوانی لەنێو ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییەی پێوەندییەكانی نێودەوڵەتی خۆیان بگونجێنن، چونكە سەرجەم دەوڵەتانی دنیا، بیانەوێ یان نا، دەبێ پێوەندییان بەیەكەوە هەبێ، كەچی فەرمانڕەواكانی ئیسلامی لەو وڵاتانەی بەڕێوەیان دەبرد شكستیانخوارد لەوەی زنجیرەیەك پێوەندیی نێودەوڵەتیی دروست، لەنێوان دەوڵەتەكەی خۆیان و دەوڵەتانیتر دروست بكەن و شكستیان لەبواری پێوەندیی نێودەوڵەتیدا بووەمایەی ئەوەی توشی گەلێ گرفت ببن،  كە چارەسەركردنیان زەحمەت بێت.

راستییەكەی، بە وردبوونەوە لە فەرمانڕەوایی ئەو حزبە ئیسلامییە سیاسییانەی لەناوچەكەدا فەرمانڕەواییان كرد و هەشیانە هێشتا هەر فەرمانڕەوایە، دەمانگەیەنێتە ئەوەی بتوانین بڵێین، بەگشتی هیچیان نەیانتوانی نمونەیەكی فەرمانڕەوایی دروست، نە پێشكەش بە خەڵكەكەی خۆیان بكەن، نە بەدنیا!

ئەگەر تەنیا یەكێكیان بەنمونە وەربگرین، كە توركیایە، دەبینین لەلایەكەوە سەركردەكەی داد و گەشەپێدان، ئەردۆغان، كە هێشتا سەرگەرمی خەونبینینە بە سەڵتەنەتی عوسمانییەوە، ئەو خەوە بەرینەداوەو لەم سەردەمی سەدەی بیست و یەكەمەدا دەیەوێ وڵاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ نمونەیەكی رابردووی فەرمانڕەوایی، كە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسایەیدا چەوساوەو برسی بوون، لەلایەكی دیشەوە، بۆ سەرنج لابردن لەسەر دۆخی خراپی ئابوری و كۆمەڵایەتیی ناوخۆ و بردنەدەرەوەی كێشەكانی، سوپای وڵاتەی بردۆتە نێو قوڵایی خاكی چەندین وڵاتەوە، بێئەوەی ئەو سوپایە جێی رەزامەندیی خەڵكی ئەو وڵاتانە بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی باری ئابوریی وڵاتەكەی رۆژ بەرۆژ پتر لە داتەپینە و ئازادییەكانیش پتر و پتر بەرتەسك دەكرێنەوە و گرتیخانەكانیش پڕن لە ئازادیخواز!

ئەمەیە حاڵی ئەم نمونەیەی فەرمانڕەوایی ئیسلامی سیاسی كە خۆیان پێبادەدا و شانازییان دەكرد بەوەی گوایە باشترین نمونەی چاكسازییە! كەچی واقیع دەریخست خراپترین نمونەی شكستخواردووی فەرمانڕەوایی سەردەمە!