X

خنکان بە سۆپا...ئەو کارەساتەی هەموو ساڵێک کۆمەڵێک ئازیزمان لێدەستێنێ

سۆشیال میدیا

23/12/2021     224 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما ، یەکێک لەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی کە هەموو ساڵێک ناخمان دەهەژێنی خنکانە بەهۆی سۆپاوە ، بۆیە بە پێویستم زانی بەکورتی لەسەر ئەم بابەتە بنووسم.


خنکان بە سۆپا بەهۆی داگیرساندنی سۆپا ڕوودەدا لە ژوورێکی داخراودا ، ئەویش بەهۆی دروست بوونی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوەیە کە گازێکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنی ژەهراوی و زۆر مەترسیدارە لەکاتی سوتانی ناتەواوی دارو خەڵوزو نەوت.

چۆن ڕوودەدات ؟

هەروەک دەزانین هیمۆگلۆبینی خوێن ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش ، بەڵام هەرکات مرۆڤ ژەهراوی بوو بەم گازە ، هیمۆگلۆبین لە بڕی ئۆکسجین ، بەخێرایی لەگەڵ گازی ژەهراوی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن یەکدەگرێ ، ئەمەش ڕێگر دەبێ لەوەی ئۆکسجین بگاتە بەشەکانی لەش.

نیشانەکانی ژەهراوی بوون بەو گازە چین؟

سەر ئێشە ، سەرە سووڕە ، هەناسە تەنگی ، بێتاقەتی ، هێڵنج و ڕشانەوە ، سنگ ئێشە و گێژبوون لە نیشانە سەرەتاکانی ژەهراوی بوونن بەم گازە ، بەڵام ئەگەر مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو گازە هەڵمژێ ئەوکات دەبێتە هۆی لەهۆش خۆچوون ، تێکچوونی لێدانی دڵ ، گەشکە و ڕەنگە بە مردن کۆتایی بێت.

فریاگوزاری سەرەتاییەکان چین؟

دەستبەجێ دەرگا و پەنجەرەکانی ژوورەو ماڵەوە هەمووی بکەوە ، بەرکەوتوو ببە دەرەوە بۆ هەڵمژینی هەوایەکی پاک و فرێش و پڕ ئۆکسجین ، ئەگەر بەرکەوتوو هەستی بە هەناسە تەنگی ، گێژبوون ، بێتاقەتیەکی زۆر کرد یان تووشی گەشکە بوو پێویستە ڕاستەوخۆ بگەیەنرێتە فریاکەوتن.

چۆن ڕێگری بکەین لە ڕوودانی؟

ـ بەهیچ شێوەیەک سۆپای نەوت و سۆپای غاز لە ژووری داخراو دامەگیرسێنە ، هەمیشە دەرچەیەک بۆ هەواگۆڕکێ بهێڵەوە.

ـ بەهیچ شێوەیەک شەوان لە ژووری خەوتن سۆپا دامەگیرسێنە ، سەرمات بێ باشترە لەوەی ژەهراوی بی بەو گازە مەترسیدارەو کۆتایی بە ژیانت بێ.

ـ گەراجی ماڵەکەت ئەگەر داخراوە ، بەیانیان ئۆتۆمۆبێلی لێدامەگیرسێنە بە مەبەستی گەرم بوون ، چون دووبارە ئەو دووکەڵە دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون.

ـ دانانی هەستەوەری گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ماڵەوە (بەتایبەت ژووری نوستن) بۆ ئاگادارکرنەوەت لەکاتی بوونی ئەو گازە ژەهراویە.

خودا خۆتان و ئازیزانتان سەلامەت بکا و دوور بن لەهەموو بەڵایەک

دکتۆر
شێروان کۆساری
پزیشکی شارەزای