X

ئۆمیكرۆن له‌ شارێكی‌ چین بڵاوبووه‌وه‌...هۆشداری‌ ده‌درێت

هەواڵی جیهان

پێش 2 هەفتە     71 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
گۆڕاوه‌ نوێكه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا "ئۆمیكرۆن" له‌ شاری‌ چوهای‌ باشووری‌ وڵاتی‌ چین بڵاوبووه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هاتووچۆی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ گشتی‌ راگیرا و هۆشداریش درا به‌ دانیشتوان كه‌ شاره‌ به‌جێنه‌هێڵن.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌رپرسانی‌ شاری‌ گه‌شتیاری‌ چوهای‌ له‌سه‌ر سنووری‌ ناوچه‌ی‌ ماكاو، رایانگه‌یاند كه‌ حه‌وت حاڵه‌تی‌ توشبوون به‌ گۆڕاوی‌ ئۆمیكرۆن تۆماركراوه‌ كه‌ شه‌شیان نیشانه‌یان نییه‌ و ئه‌وی‌ تر نیشانه‌كانی‌ سوكن.

وه‌ك هه‌نگاوێكیش بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م گۆڕاوه‌ نوێیه‌، به‌رپرسانی‌ شاره‌كه‌ هێڵه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پاسیان راگرت و هۆشداریشیان دا به‌ دانیشتوانه‌كه‌ی كه‌ شاره‌كه‌ به‌جێنه‌هێڵن.

له‌ ئێستادا وڵاتی‌ چین هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌ مانگی‌ داهاتوو یارییه‌ ئۆلۆمپییه‌ زستانه‌ییه‌كان كه‌ له‌ شاری‌ پكینی‌ پایته‌خت به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌نجام بدات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ چین داوایان له‌ ملیۆنان كه‌سی‌ وڵاته‌كه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌فته‌كانی‌ دواییدا له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ و چه‌ندین گه‌شتی‌ ئاسمانی‌ ناوخۆیی هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك كارگه‌ش داخراون.