X

هاتوچۆ هۆشداری بەشۆفێران دەدات

هەواڵی کوردستان

4 رۆژ پێش ئێستا     340 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی ئامادەكردنی ئۆتۆمبێل پێش بەفربارین ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە.

 بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی ئامادەكردنی ئۆتۆمبێل پێش بەفربارین ئاگادارییەكی بۆ شۆفێران بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە پێش ئەوەی بەفر ببارێت، لە پێناو سەلامەتی شۆفێری كردن و پاراستنی گیانی شۆفێران و سەرنشینەكانیان پێویستە ئەم رێنماییانە لەبەرچاو بگیرێن.

ڕێنماییەكانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران بەم شێوەیە هاتووە:
١) ئامادە كردنی ئۆتۆمبێلەكەت بە دڵنیا كردنەوە لە چەند خاڵێكی گرنگ:
* پێویستە ئەنتی فرییز ( شلەی دژە بەستن) بكەیتە ناو دەبەی ڕادێتەری ئوتومبیلەكەت.
* دڵنیاكردنەوە لە سیستەمی برێك لە ئوتومبیلەكەتدا ( سیستەمی ABS بەباشی كار بكات، نەبوونی لیك و لێچوون لە سیستەمی برێكدا)
* تایەی ئوتومبیلەكەت پێویستە چاڵ و خەتەكانی لە ڕێژەی دیاریكراوی یاسایی كەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای كەم بێت.
* فڵچەی جامەكان بە باشی كاربكات.
* سیستەمی گەرمی ئوتومبیلەكە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی كار بكەن.
* پێویستە پاتری ئوتومبیلەكەت نوێ بێت و هیچ كێشەی نەبێت.

٢)  كەمكردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەك كە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەت هەبێت واتە لە ناو شارەكان خێرایی لە 30 بۆ 50 كلم/ كاتژمێرێك و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەكان لە 60 كلم یان كەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەكە خێرایی كەم و زیاد دەكەیت.

٣) پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەكەی خۆت و ئۆَتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەكی زۆری هەیە چونكە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیل لە بەفر باریندا كەم دەكات بۆیە پێویستە ماوەیەكی دیاریكراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.

٤) ئیشكردنی ڕووناككەرەوە(گڵۆپ)ی نزم و ڕووناككەرەوەی تەم گرنگییەكی زۆری هەیە چونكە بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین كەم دەكاتەوە.

٥)  پێویستە بانزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەكەتدا بێت بۆكاتی پێویست و قەرەباڵغی.

٦) نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناكاو ئیستۆپ بگرێت بەڵك و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

٧) سەردان نەكردنی ناوچە شاخاوییەكان بەهیچ شێوەیەك بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی كات.
٨) بوونی بەتانییەك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەت ئەگەر ناچار بوویت گەشتێك بۆ دەرەوەی شارەكان ئەنجام بدەیت.
٩) دیاریكردنی خێرایی (تحدید سرعە Cruise control) لەكاتی باران بارین و بەفردا بیكوژێنەرەوە چونكە دیاریكردنی خێرایی لەم كاتانەدا وا دەكات كە كۆنترۆڵی ئوتومبیلەكەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربكەیتەوە كە هاوكاریت دەكات و لەخێراییەكی دیاریكراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئوتومبیلەكەت بخلیسكێت و دیاریكردنی خێراییت كار پێكردبێت لەم كاتەدا ئوتومبیلەكەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەكان زۆر زیاتر بكات.
١٠) لەكاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بكرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەكان.
ڕێپێدراوی هاتوچۆ - هێمن سالار
سەنتەری ڕێكخستنی پەیوەندییەكان JCC  ژمارە ١٠٠ - سلێمانی
هاتوچۆ ١٨٨
پۆلیسی فریاكەوتن ١٠٤
فریاگوزاری تەندروستی ١٢٢
بەرگری شارستانی ١١٥