X

بافڵ تاڵەبانی، عەرابی گەڕاندنەوەی شكۆ

سۆشیال میدیا

27/03/2022     598 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
لەدواین جوڵەی سیاسیی لەبەغدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، زنجیرەیەك دیداری سیاسی گرنگی ئەنجامدا و تیایاندا تەئكیدیكردەوە لەوەی هیچ كات یەكێتی، ئیرادەو ویستی سەپێندراو قبوڵ ناكات، ئەم تەئكیدكردنەوەیە، یەكێكی ترە لە هەنگاوەكانی گەڕاندنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ پێگە راستەقینەكەی خۆی، كە پێشەنگ و رچەشكێن و داینەمۆی گۆڕانكارییەكان بووە و خاوەنی قسەی كۆتایی بووە لەهەموو دۆسیەو بابەتەكاندا.

ئەو سیاسەتەی ئێستا یەكێـتی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیڕەوی دەكات لە داكۆكیكردن لەماف و بڕیارەكانی گەلەكەمان و پشتیوانیكردنی داخوازییەكانی خوێندكاران و پیشەوەران، خەمخۆری بۆ سێكتەرەكانی تەندروستی و خوێندنی باڵا، شەڕكردن لەسەر قوت و بژێوی هاووڵاتیان، پارێزگاریكردن لەمافە دەستورییەكانی كورد، درێژە پێدەری هەمان سیاسەت و هەمان حیكمەتی (سەرۆك مام جەلال)ە، كە ببوە هۆی سەقامگیری و ئارامی لەكوردستان و لەعیراق و ناوچەكەش و یەكَتیشی كردبووە خاوەنی رێبازو رێچكەیەك كە هەمووان لەسەری دەڕۆیشتن و پەیڕەویان دەكرد.

ئێستای یەكێتی ئیتر هەمان یەكێتییەكەی مامە، كە دەبێت هێز و لایەنە سیاسییەكانی تر شوێن سیاسەت و هەنگاوە دروستەكانی بكەون، نەك یەكێتییەك كە شوێن كەوتەی سیاسەت و هەڵوێستی لایەنی تر بێت، یەكێتییەكەی ئێستای دەباشان، هەمان یەكێتییەكەی قەڵاچوالانە، كە ئیمزای كۆتایی و قسەی كۆتایی لەسەر هەر گۆڕانكاری و هەنگاوێكی پرۆسەی سیاسی دەكرد كەلەعیراق و كوردستان پەیڕەو دەكراو دەگوزەرا.

ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانی، عەرابی،  سیاسەتێكی نوێیە بۆ یەكێتی، بەوەی زیاد لە هەر سەردەمێكی تر بەیەك دەست و یەك گووتار شەڕی چەسپاندنی پایەكانی دیموكراسی دەكات و پێداگریشە لەسەر بەشداری هەموو دەنگ و رەنگەكان لەپرۆسەی سیاسیدا و بۆتە پارێزەری مافەكانیان، ئەمەش زیندووكردنەوەی هەمان شێوازە لەسیاسەت كردن كە سەرۆك مام جەلال، هەمووانی لەسەر یەك مێز كۆدەكردەوە و لەسەر خاڵێكی هاوبەش و جێی رەزامەندی هەمووان رێكی دەخستن.

پێداگرییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەدۆسیەی سەرۆك كۆمار، رێگریكردن لەهەناردەی غازی چەمچەماڵ بۆ توركیا، هەنگاوێكە بەئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و كۆتایی هێنانە بەو پاوانكاری و قۆرخكارییەی چەند ساڵێكە پارتی بۆی چۆتە سەرو پیادەی دەكات.

 ئەوەی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران كردی و دەیكات دورخستنەوەی مەترسییەكانی هەر ئاشوب و ئاژاوەیەكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، چونكە بینیمان لەئەنجامی رێككەوتنی پارتی و سەدر و حەلبوسی، چۆن هەرێمی كوردستان چەند جارێك كەوتە بەر پەلامار و هێرشی مووشەكی، بینیمان چۆن دۆسیەی نەوت و گاز لە دەست هەرێمی كوردستان دەرهێندراو سەدر و حەلبوسیش هیچیان پێنەكرا، بینیمان ناردنی ئەو 200 ملیارەی قوباد تاڵەبانی مسۆگەری كرد، چۆن پارتی بۆتە مەترسی بڕین و نەهاتنی.

بۆیە، یەكێتییەكەی ئێستا بەهەمان نەفەس و هەمان پانتایی یەكێتییەكەی مام، سیاسەت دەكات و بوێرانەش بە قۆرخكارو پاوانكارو خۆسەپێنەكان دەڵێت، ستۆپ، ئیتر ئەو سەردەمە گووزەشت و بەسەرچوو كە لەهاوكێشەو هەنگاوە ناوخۆیی و عیراقی و ناوچەییەكاندا، حساب بۆ یەكێتی و جەماوەرەكەی یەكێتی نەكرێت.


هەڵگورد جەلال

زۆرترین خوێنراو