سه‌رکرده‌یه‌کی هێڵی گۆڕانکاریی بزووتنه‌وه‌: هیوامان به‌ چاکسازی له‌ ناو بزووتنه‌وه‌دا نه‌ماوه‌

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

سازدانی:شیروان محه‌مه‌دئه‌مین

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات چاکسازی له‌ ناو بزووتنه‌وه‌دا قوورس بووه‌ و ده‌شڵێت، ״له‌ ناو بزووتنه‌وه‌دا هیوامان به‌ چاکسازی نه‌ماوه‌.״

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا، که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی هێڵی گۆڕانکاریی ناو بزووتنه‌وه‌شه‌ له‌ چاوپێکه‌وتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاژانس باس له‌وه‌ ده‌کات، کە له‌ لایه‌ن ڕابه‌ره‌وه‌ داواکارییه‌کانیان جێبه‌جێ نه‌کراون و سه‌باره‌ت به‌ خراپیی بارودۆخی بزووتنه‌وه‌ش ده‌ڵێت، ״ڕابه‌ر به‌رپرسیاری یه‌که‌می بارودۆخی بزووتنه‌وه‌یه.״‌


سه‌ره‌تا له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌ین، ئەو ماوەیەی چوونەوە ناو بزووتنەوە و کۆبوونەوەکانه‌وه‌ چی ڕووی دا؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: له‌سه‌ر داواى زۆرێك له‌ برایانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى زانایانى ئایینیی بزووتنه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى چاكسازى، له‌ یه‌كه‌م دانیشتندا ڕابه‌ر فه‌رمووى ئه‌مه‌ دانیشتنى برایه‌تییه ‌و له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا داواكارییه‌كانتان جێگه‌ ده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ جێبه‌جێ ناكرێت.

ئێوە سەرەتا نەتاندەزانی کە ئەو چاکسازییانەی داوای دەکەن لە بزووتنەوەدا ناکرێن و ئەوە کاتکوشتن دەبێت؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ئێمه‌ پێشتر له‌ پۆسته‌كانمان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌مان پێشكه‌ش به‌ بزووتنه‌وه‌ كردبوو، جارى دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ناو بزووتنه‌وه‌ تا ئه‌و تۆمه‌ته‌ پووچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌وترا پڕۆژه‌یان نییه‌، پڕۆژه‌یه‌كمان پێشكه‌شى ڕابه‌ر كرد كه‌ خۆى له‌ هه‌شت خاڵدا ده‌بینییه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچى جێبه‌جێ نه‌كراوە.

لەسەر چی ڕێککەوتن؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: هه‌موو ئه‌وانه‌ى ناڕازین بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامییان خۆشده‌وێت، چونكه‌ قوربانیى جه‌سته‌یى و ماددییان بۆ بزووتنه‌وه ‌داوه‌، ته‌نها داواكاریمان چاكسازى بوو له‌ بزووتنه‌وه‌دا.

چەند کات دیاری کرابوو بۆ جێبەجێکردن، هیچ هەنگاوێک نرا؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ئێمه‌ پێشتر وتمان داده‌نیشین بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان كات دیارى نه‌كرا، به‌ڵام شه‌ش مانگ تێپه‌ڕى و دوو دانیشتن بێ ئه‌نجام به‌ڕێوه ‌چوو، بۆیه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك سه‌ركرده‌ ناڕازییه‌كان به‌ مه‌به‌ستى درووستكردنى فشار له‌سه‌ر ڕابه‌ر و ته‌واوى ئه‌وانه‌ى كاربه‌ده‌ستن له‌ بزووتنه‌وه‌دا به‌یاننامه‌یه‌كمان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاكسازى نه‌كرێت هه‌ڵوێستمان ده‌بێت.

پاڵنه‌ر له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ چییه‌؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ئاماژه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێین هێڵى گۆڕانكارى هه‌ر ماوه‌، دیاره‌ هیوامان به‌ چاكسازى نه‌ماوه‌ و حه‌زمان كرد ته‌نها وه‌ك فشار بۆ زووتر ڕاپه‌ڕاندنى بزووتنه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ین.

لەو ماوەدا چەند جار لەگەڵ ڕابەر دانیشتن و بڕیار بوو چەند دانیشتن بکەن؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: وه‌ك سه‌ركردایه‌تیى هێڵى گۆڕانكاریى ناو بزووتنه‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ كه‌ چووینه‌وه‌ ناو بزووتنه‌وه‌ تا ئێستا دوو جار كۆبوونه‌وه‌ى شورا كراوه‌، جارى یه‌كه‌م به‌ ئاماده‌‌بوونى ڕابه‌ر چوار سه‌ركردایه‌تیى هێڵى گۆڕانكارى به‌شداریمان كرد، كه‌ ته‌نها وه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى برایه‌تى و ئاشته‌واییه‌ك وا بوو، جارى دووه‌میش ڕابه‌ر به‌ بیانووى نه‌خۆشى نه‌هات بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌وه‌ش هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بوو، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانمان قبووڵ بكرایه‌ جه‌نابى ڕابه‌ر و ئێمه‌ش گه‌وره‌تر ده‌بووین.

کێشەکان بە دیاریکراوی چین و ئێوە چ ڕەخنەیەکتان هەیە؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ئێمه‌ داواى شه‌فافییه‌تى دارایى و كارى ڕێکخستن و دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانمان كرد به‌ شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌ر، خه‌ڵكى سه‌ركردایه‌تى هه‌یه‌ سێ پۆستى هه‌یه ‌و سه‌ركردایه‌تیی تریش هه‌یه‌ هیچ كارێكى نییه‌، بۆیه‌ داواكارییه‌كانى ئێمه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ بوو، سی ساڵه‌ له‌و كاته‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ درووست بووه‌ من كارى تێدا ده‌كه‌م،  ئێمه‌ ده‌بینین ڕابردوومان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزبى شاخ بووین، سێهه‌م حزبى هه‌رێم و حه‌وته‌م حزبى عێراق بووین، له‌ كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى جیهانى بانگهێشت كرابووین و قسه‌مان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا حزبه‌كه‌مان به‌ره‌و لاوازى و دابه‌زینى ئاستى جه‌ماوه‌رى ده‌چێت، حزب هه‌یه‌ له‌ ئێمه‌ جیا بووه‌ته‌وه ‌و جه‌ماوه‌رى چوار ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ به‌ پڕۆژه‌ ده‌مانویست پێكه‌وه‌ كار بۆ چاكسازیى ناو ڕیزه‌كانى بزووتنه‌وه‌ بكه‌ین، گرنگى به‌ بردنه‌پێشه‌وه‌ى گه‌نجان بده‌ین، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ خۆمان به‌ گشتى و به‌ تایبه‌ت ڕابه‌رى بزووتنه‌وه‌مان به‌ به‌رپرسیارى یه‌كه‌م زانیوه‌، به‌ نووسراو چاكسازیمان داوه‌ به‌ ڕابه‌ر هیچى نه‌كرد.

بۆچی ڕابەر مل بۆ داواکانتان نادات ئەگەر پرسەکە چاکسازییە؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: له‌وانه‌یه‌ چاكسازى بۆ ڕابه‌ر قورس و گران بێت، چونكه‌ دادپه‌روه‌رى زۆر جار له‌ ڕوانگه‌ى دونیاییه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندت ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ چاكسازى ته‌نها له‌ ئه‌ستۆى ڕابه‌ر نییه‌ و ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ به‌رپرسیار ده‌زانن كار بۆ چاكسازى بكه‌ن.

ئێستا بەرنامە و پڕۆژەتان چییە، دەمێننەوە یان بە یەکجاری دێنە دەرەوە؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ده‌مانه‌وێت به‌رپرسیارێتیى كاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌ بێت، ئه‌و داهاته‌ى هه‌مانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى جوان و باش له ‌لایه‌ن مه‌كته‌بى داراییه‌وه‌ خه‌رج بكرێت، نه‌ك مه‌ڵبه‌نده‌كان هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌ ڕووى ماددییه‌وه‌ بارودۆخى بزووتنه‌وه‌ باش نییه‌.

چه‌ند كه‌س له‌ ئه‌ندامانى بزووتنه‌وه‌ هاوڕای ئێوه‌ن له‌ حاڵه‌تێكدا به‌ ته‌واوه‌تى جیا ببنه‌وه‌؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ژماره‌ى ئێمه‌ش كه‌م نییه‌، شه‌ش ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى ناڕازى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 13 ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تیى تر كه‌ پێش ئێمه‌ جیابوونه‌ته‌وه‌، واتا ئێستا 19 ئه‌ندامى باڵاى بزووتنه‌وه‌ین، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌مان به ‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ زیاتر له‌ 15 كه‌سمان له‌گه‌ڵدایه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌ هیچ كه‌سێكى ناو بزووتنه‌وه‌مان نه‌وتووه‌ وه‌رن بۆ لاى ئێمه‌، چونكه‌ مه‌به‌ستى ئێمه‌ چاكسازییه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ نه‌ك نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌کی.

کۆتاییتان بە دانوستان هێنا و گەیشتوونە بنبەست یان هێشتا ئامادەن بۆ گفتوگۆ و دانوستان؟

غه‌فوور محه‌مه‌د ڕه‌زا: ئێمه‌ له‌ گفتوگۆكانمان به‌رده‌وام ده‌بین، ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌رمان داواكارییه‌كانى ئێمه‌ى قبووڵ كرد ده‌مێنینه‌وه‌، به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆچوونى خۆمان ده‌بێت. ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى له‌ كۆنفرانسدا بۆ چاكسازى نووسراوه‌ و خاڵه‌كانى ئێمه‌ش له ‌لایه‌ن ڕابه‌ر جێبه‌جێ بكرێت و شوراش كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكات، ئه‌و كات ده‌توانین كه‌ ئه‌وان بڕیاریان دا به‌ هه‌ر جۆرێك، له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ بڕیارى ئه‌وان ئێمه‌ش بڕیارى خۆمان بده‌ین.

زۆرترین خوێنراو