هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: داعش لەژێر فشارێکی زۆردایە

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت

کۆڵۆنێل مایلس کاگنس وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە " لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی دژە تیرۆربە هاوکاری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان چەندین ڕێبەری داعشیان کوشتووە، یان دەستگیر کردووە. هێزەکانی هاوپەیمانان زانیارییەکانیان لەگەڵدا دابەش دەکەن و پشتیوانی ئاسمانیان دەکەن و ناوبەناویش لەگەڵ کۆماندۆکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداری هەڵمەتەکان دەکەن. لە میانەی ئەو هەڵمەتانەدا والی باکوری بەغدا خۆی تەقاندەوە، ڕێبەرێکی لۆجیکی باڵای داعش کە بەرپرسی بەدەستهێنانی و قاچاخچێتی چەک بوو، لەگەڵ چەند کەسیکی تر کوژرا."

سەربارەت بە ئاستەنگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان لە شەڕی داعشدا ڕووبوڕووی دەبنەوە کۆلۆنێڵ کاگنس وتویەتی، هەرچەندە هاوپەیمانان و هاوبەشە خۆجێییەکانمان چەندین بەرەوپێشچوونیان لە شکستپێدانی داعشدا ئەنجام داوە و توانیویانە ڕێگر بن لە دووبارە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش.

بە وتەی ناوبراو "هاوپەیمانی جیهانی تەنها ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق و سوریا نییە، بەڵکو 77 وڵات و 5 ڕێکخراوی جیهانی هاوکاری دەکەن لەسەر ئەوەی وابکەن داعش نەتوانێت لە ڕووی داراییەوە چالاکییە تیرۆستییەکانی درێژە پێ بدات. هێزەکانی چەسپاندنی یاساو ئاژانسەکانی زانیاری لە سەرانسەری جیهان هەماهەنگی دەکەن و زانیاری دابەش دەکەن بۆ بنبڕکردنی تۆڕی دارایی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە."

سەربارەت بە چارەنوسی چەکدارە بیانییەکانی داعش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە گیراون، کۆلۆنێڵ مایلس کاگنس لە میانەی ئەو وتووێژەدا وتویەتی "زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش لە زیاتر لە 20 گرتوخانەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا. ژمارەیەک لەم ناوەندانە کاتین، ئەمانە خوێندنگان، یان باڵەخانی کۆنی حکومین کە کراون بە گرتوخانە. هێزەکانی سوریای دیموکرات کارێکی مەزن دەکەن و خزمەگوزارییەکی زۆر گەورە لە بری جیهان ئەنجامدەدەن بۆ دانانی ئەوەی کە پێی دەڵێن خیلافەت لە زینداندا. نزیکەی دوو هەزار کەس لەو زیندانیانە تیرۆیستی بیانی زیاتر لە 50 وڵاتانی جیهانن. هێزی هاوپەیمانان لەو بڕوایەدان بە ڕێگای یاسایەکی گونجاوی نێونەتەوەیی پێوستە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ چارەنوسی ئەمانە بدۆزرێتەوە. لە هەمانکاتیشدا ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دابینکردنی خەرجی پاسەوانی زیاتر بۆ ئەو دامودەزگایانە و کەرەستەی پێویست بۆ ئاسایش."

سەبارەت بە هاوکارییەکان لەمەڕ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا کە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە کۆلۆنێڵ کاگنس وتویەتی "وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لای خۆیەوە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری هاوکاری تەرخان کردووە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ژمارەیەکی زۆر زیاتر بۆ عێراق. لە ڕاستیدا وڵاتە یەکگرتووکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە تایبەتی ئەمەریکا گەورەترین بەخێشێنەر بووە بۆ قەیرانی سوریا. لەو کاتەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێکردووە، ئەمەریکا زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بەخشیوە. لەوەش زۆر زیاتری بەخشیوە بە عێراق و نەک تەنها ئەمەریکا، بەڵکو چەندین وڵاتی تر وەکو بەلجیکا، هۆڵەندا و بەریتانیاش ملیۆنان دۆلاریان بۆ هاوکاری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخان کردووە."

سەبارەت بە کارەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ڕوسیا لە ناوچەکە وتەبێژەکەی هاوپەیمانان ڕوونی کردووەتەوە، کە "هێچ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی ڕوسیا نەکراوە. ئێمە لە ئەرکەکانمان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەماهەنگی پێکەوە ناکەین، ئەوەی خەڵکی لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا بینیویانە تەنها هێورکردنەوەی ناکۆکییەکان بووە."

هەروەها وتویەتی "بێگومان ئێمە داوا لە ڕوسیا دەکەین هیچ کارێک نەکات کە گرژی و ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە و دەستبخاتە نێو ئەرکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ شکستپێدانی داعش."

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو کۆبونەوەی ئاستی وەزیرانی هاوپەیمانی جیهانی ئەنجام بدرێت سەبارەت بە کۆبونەوەکە کاگنس وتویەتی "زیاتر لە 30 وڵات بەشداری دەکەن لە کۆبونەوەیەکی لە ڕێگای ئۆنلاینەوە و بڕوا دەکرێت ئەوان بەڵێنەکانیان بۆ شەڕی دژ بە داعش دووپات بکەنەوە."