تاڵیبان: ڕێگە بە خوێندنی کچان، کارکردن و بەشداری سیاسی ژنان دەدرێت

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت
تاڵیبان دەڵێت ناخوازێت دەسەڵات قۆرخ بکات، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە ئاشتی لە ئەفغانستاندا نایاتەدی هەتا ئەوکاتەی حکومەتێکی نوێ لە کابوڵ پێکنەیەت و ئەشرەف غەنی لەسەر دەسەڵات لانەچێت.
لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەشۆشیەیتد پرێس، سوهەیل شاهین وتەبێژی تاڵیبان ، کە ئەندامی دەستەی دانوستاندکاری گروپەکەشە، هەڵوێستی ئەو گروپە یاخیبووەی خستەڕوو لەسەر داهاتووی وڵاتەکە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تاڵیبان زۆر بە خێرایی چەند خاڵێکی سنووری ستراتیژی کۆنترۆڵ کردووە و هەڕەشەی کردووەتە سەر پایتەختی چەند پارێزگایەک، لە کاتێکدا بەشی کۆتایی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە وڵاتەکە دەکشێنەوە. لەم هەفتەیەشدا ئەفسەری باڵای لەشکری ئەمەریکا ژەنەڕاڵ مارک میلی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەنتاگۆن وتی تاڵیبان " تەوژمێکی ستراتیژیی" هەیە و ئەوەشی بە دوورنەزانی کە تاڵیبان بتوانێت بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکات. بەڵام وتی ئەوە شتێکی مسۆگەر نییە "پێم وا نییە درەنجامەکە دانرابێت."

یادەوەریەکانی کە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ دوایین جار تاڵیبان دەسەڵاتی لەدەستدابوو ئەو کاتەی ئەوان زۆر بە توندی پەیڕەوای یاسای ئیسلامیان دەکرد کە تەنانەت ڕێگەی خوێندنی کچانیان نەدادا و کارکردنی ژنانیان قەدەغە کرد، بووەتە هۆی ترسی گەڕانەوەیان لە نێو زۆربەی ئەفغانییەکاندا.

ئەفغانییەکانی کە لە توانایاندایە پارەیەکی زۆر دەدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەوەی ئەفغانستان جێبهێڵن لە ترسی ئەوەی ئەم توندوتیژیانە کارەساتیان لێبکەوێتەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە %95ی کۆتایی پێهاتووە و بڕیارە لە 31 ی مانگی هەشت لپتایی بێت.
شاهین وتی، تاڵیبان کاتێک چەک دادەنێت کە حکومەتێک هەموو لایەنەکان ڕەزامەندیان لەسەری هەبێت لە کابول جێگیربێت و حکومەتەکەی غەنی نەمێنێت.

بە وتەی ناوبراو "دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە ئێمە بڕوامان بە قۆرخکردنی دەسەڵات نییە، چونکە هەر حکومەتێک کە لە ڕابردوودا ویستبێتی دەسەڵات قۆرخ بکات حکومەتی سەرکەوتوو نەبووە." ئەو حکومەتانە بریتین لە ڕۆڵی پێنج ساڵەی خودی تاڵیبانیش "جا ئێمە نامانەوێت هەمان شێواز دووبارە بکەینەوە."

لە هەمانکاتیشدا حوکمی غەنی سەرۆکی ئێستای ئەفغانستانی بە شەڕفرۆش ناودێر کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەی لە ڕۆژی جەژنی قوربانی موسوڵمانان بەکارهێناوە بۆ بەڵێندان بۆ هێرشێکی دژ بە تاڵیبان. شاهین مافی غەنی بۆ حوکمڕانی ڕەتکردەوە و ئەو تۆمەتانەی دووپاتکردەوە کە فرتوفێڵی فراوانکراوە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2019 بۆ سەرکەوتنی غەنی. پاش ئەوە هەڵبژاردنە هەردوو غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵای بەرهەڵستی خۆیان وەکو سەرۆک ڕاگەیاند. پاش ڕێککەوتنێک عەبدوڵا کشایەوە و ئێستا کەسایەتی دووهەمە لە حکومەتدا و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاشتی وڵاتەکە دەکات.

غەنی زۆربەی جار باسی لەوە کردووە کە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی نوێ بڕیار بدات لەسەر حکومەتی داهاتوو. ڕەخنەگران، بەوانەشەوە کە لە دەرەوەی تاڵیبانن تۆمەتباری دەکەن بەوەی تەنها هەوڵی قۆرخکردنی دەسەڵات دەدات، جیاوازی دەخاتە نێوان پشتیوانانی حکومەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو عەبدوڵا سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای کرد بۆ پایتەختی قەتەر بۆ وتوێژ لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیباندا. ئەو وتوێژانە بە هیوای وتووێژی زیاتر و جەختکردنەوە لە پاراستنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی وڵاتەکە کۆتاییان هات.

شاهینیش ئەو وتوێژانەی بە دەستپێکێکی باش وەسف کرد. بەڵام وتیشی داواکاری بەردەوامی حکومەت بۆ ئاگربەست لە کاتێکدا غەنی لەسەر دەسەڵات بێت وەکو ئەوە وایە داوا لە تاڵیبان بکرێت خۆی ڕادەست بکات "ئەوان داوای ئاشتبوونەوە ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت خۆمان بەدەستەوە بدەین."

هەروەها وتی بەرلە هەر ئاگربەستێک پێویستە ڕێککەوتن لەسەر حکومەتێکی نوێ بکرێت "کە جێگای ڕەزامەندی ئێمە و ئەفغانییەکانی تریش بێت، ئەوکاتە شەڕ نامێنێت."
شاهین وتی لەو حکومەتە نوێیەدا ڕێگە بە ژنان دەدرێت کاربکەن، بخوێنن و بەشداریی سیاسییان هەبێت، بەڵام دەبێت حیجاب بکەن، یان سەرپۆشیان لەسەر بێت. ئەو وتیشی پێویست ناکات ژنان کاتێک دەچنە دەرەوە پیاوێکی خێزانەکانیان لەگەڵدا بێت و سەرکردەکانی تاڵیبان کە بەمدواییانە چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵ کردووە فەرمانیان داوە زانکۆکان و خوێندنگاکان هەر وەکو پێشووتر کارەکانیان بکەن ژنان و کچانیش بەشداریان هەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار ڕاپۆرت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبانەوە هەبووە کە ڕێگرییەکی توند لە ژنان کراوە تەنانەت چەند خوێندنگایەک سوتێندراون. گرتە ڤیدیۆیەکی ترسناک بڵاوبووەوە کە نیشان دەدات تاڵیبان کۆماندۆ دیلەکان لە باکووری ئەفغانستان دەکوژێت.

بەڵام شاهین وتی هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی تاڵیبان فەرمانەکانی سەرکردایەتی تاڵیبانیان پشتگوێ خستووە و خراونەتە بەردەم دادگای لەشکری تاڵیبان و سزا دراون، بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد. لەبارەی گرتە ڤیدیۆییەکەشەوە وتی، ئەو گرتەیە ساختە بووە و لە گرتەی ڤیدیۆیی جیاجیاوە کۆکراوەتەوە.

بە وتەی ساهین لە ئێستادا تاڵیبان بە نیاز نییە بەرەو کابول بڕوات، یان پایتەختەکانی پارێزگاکان کۆنترۆڵ بکات.
بۆ زۆربەی ئەفغانییەکان نیگەرانییەکانی زیاتر لە 40 ساڵی شەڕ لە وڵاتەکەیاندا بووەتە هۆی مەترسی لە شەڕێکی دڕندانەی ناوخۆیی هاوشێوەی ئەوەی سەرەتاکانی نەوەدەکان کە تیایدا بەهەمان شێوە لۆردەکانی شەڕ دەسەڵاتیان گرتبووە دەست. شاهین وتی "هیچ کەس تەنانەت منیش ناخوازم شەڕی ناوخۆ دروستبێت."

شاهین هەروەها بەڵێنی تاڵیبانی دووبارە کردەوە کە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی ئەو ئەفغانییانەیە کە لە گروپەکە دەترسن.

واشنتن بەڵێنی داوە هەزاران وەرگێڕی ئەفغانی کە بۆ هیزەکانی ئەمەریکا کاریان کردووە بگوازێتەوە. شاهین دەڵێت پێویست ناکات لە تاڵیبان بترسن و نکوڵی لەوە کرد کە هەڕەشەیان لەسەر هەبێت. بەڵام وتیشی ئەگەر هەر کەسێک بیەوێت پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ببات بەهۆی باری خراپی ئابوری ئەفغانستان "ئەوە ئارەزوی خۆیانە".

هاوکات وتیشی ڕۆژنامەوانانیش هیچ مەترسییەکیان لەسەر نابێت تەنانەت ئەوانەش کە کار بۆ میدیا ڕۆژئاواییەکان دەکەن پێویست ناکات لە حکومەتێک بترسن کە تاڵیبانی تێدابێت.