هۆكارێكی‌ تری‌ ئاشكراكردنی‌ شوێنی‌ خۆحه‌شاردانی‌ ئوسامه‌ بن لادن بۆ ئه‌مریكییه‌كان راگه‌یه‌ندرا

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میلله‌ت
له‌ ساڵی‌ 2011دا هێزێكی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ ناوچه‌ی‌ ئابوت ئابادی‌ پاكستان توانییان ئوسامه‌ بن لادن دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ بكوژن.


كتێبێكی نوێ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ڕێی‌ "ته‌نافی‌ جل هه‌ڵواسینه‌وه‌" توانیویانه‌ بگه‌نه‌ شوێنی‌ خۆحه‌شاردانی‌ ئوسامه‌ بن لادن له‌ ناوچه‌ی‌ ئابوت ئابادی‌ پاكستان.

رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی ئه‌مریكی، به‌ پشتبه‌ستن به‌ كتێبی "ده‌ركه‌وتن و كه‌وتنی ئوسامه‌ بن لادن" كه‌ پێده‌چێت رۆژی سێشه‌ممه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، رایگه‌یاند كه‌ له‌دوای‌ رووداوه‌كانی‌ 11ی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ 2001 كه‌ بن لادن ئه‌نجامی‌ دا و به‌هۆیه‌وه‌ دوو هه‌زار و 977 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا، سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فغانستان و باكووری‌ پاكستان خۆی‌ حه‌شار دا.

له‌ 2004دا ئه‌مریكا به‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رقاڵ‌ بوو

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2004دا ئوسامه‌ بن لادن هه‌ستی‌ كردووه‌ كه‌ به‌هۆی‌ سه‌رقاڵبوونی‌ ئه‌مریكا به‌ عێراقه‌وه‌، چاودێری‌ ئه‌مریكییه‌كان بۆی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌میكردووه‌، بۆیه‌ داوای‌ له‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ "ئیبراهیم سه‌هید ئه‌حمه‌د عه‌بدولحه‌مید" كردووه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ئابوت ئاباد هه‌ندێك زه‌وی‌ بۆ بكڕێت و  ئه‌ندازیارێكیشی‌ راسپاردووه‌ تا خانوویه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ تیادا دروست بكات تا خۆی‌ و ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ سێ‌ ژنه‌كه‌ی‌ و هه‌شت منداڵی‌ بچووكی‌ و چوار نه‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان دوو ساڵ‌ و سێ‌ ساڵدا بووه‌، تیایدا بژین.

چوونی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بن لادن بۆ  خانووه‌ نوێكه‌یان

رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ خانووه‌كه‌ كه‌ سێ‌ قات بووه‌ و قاتی‌ یه‌كه‌م چوار ژووری‌ نوستنی‌ تێدا بووه‌، وه‌كو قه‌ڵایه‌كی پارێزراو بووه‌ بۆ بن لادن، بۆیه‌ له‌ساڵی 2005 چووه‌ته‌ ئه‌وێ و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی له‌و خانووه‌دا كۆكردووه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ قاتی‌ سێیه‌می‌ خانووه‌كه‌ ژوورێكی‌ نوستن و بالكۆنییه‌كی‌ تێدابووه‌ و تایبه‌ت بووه‌ به‌ ئوسامه‌ بن لادن.

به‌گوێره‌ی‌ كتێبه‌كه‌، له‌ ساڵی‌ 2005دا خێزانه‌كه‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ قاعیده‌ چوونه‌ته‌ ناو خانووه‌ نوێكه‌یان.

لای‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ پاكستان واده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ خانووه‌كه‌ موڵكی‌ ئیبراهیم "پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ بن لادن"ه‌ و بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ گومانه‌كانیش خۆی‌ و خێزانه‌كه‌ی‌ چوونه‌ته‌ ناو خانووه‌كه‌، به‌ڵاوم له‌ خانوویه‌كی‌ بچووكی‌ پشت خانووه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ بن لادن ژیاون.

خانه‌واده‌كه‌ی‌ له‌ خانووه‌كه‌ نه‌ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌

نووسه‌ری‌ كتێبه‌كه‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ده‌گمه‌ن خانه‌واده‌كه‌ی‌ ئوسامه‌ بن لادن له‌ خانووه‌كه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ ئه‌مه‌ل ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌داح ژنه‌ بچووكه‌كه‌ی‌ ئوسامه‌ كه‌ به‌ناوێكی‌ خوازراو دووجار چووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ له‌دایكبوونی‌ منداڵ و ناسنامه‌ی‌ ساخته‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو و خۆی‌ وه‌ك كه‌ڕولاڵ‌ ده‌رخستووه‌ تا له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ پزیشكه‌كان خۆی‌ بدزێته‌وه‌.

له‌ ساڵی‌ 2010دا ئه‌فسه‌رێكی‌ هه‌واڵگری‌ پاكستانی‌، ئیبراهیمی‌ له‌ شاری‌ پیشاوه‌ر بینیوه‌ و ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكای‌ لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ ئابی‌ 2010دا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ ئیبراهیم، ئه‌فسه‌رانی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكای‌ برده‌ به‌رده‌م خانووه‌كه‌ی‌ بن لادن كه‌ به‌رزی‌ دیواره‌كانی‌ 18 پێ‌ بووه‌ و ته‌لی‌ دڕكاوی‌ له‌سه‌ر دانراوه‌.

ئه‌وه‌ی‌ گومانه‌كانی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكای‌ زیاتر كردووه‌ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ هیچ هێڵێكی‌ ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت له‌ ماڵه‌كه‌دا نه‌بووه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م په‌نجه‌ره‌ی‌ تێدابووه‌ و هه‌رچوارلای‌ بالكۆنییه‌كه‌ی‌ قاتی‌ سێیه‌میش به‌ دیواری‌ به‌رز چوارده‌وره‌ دراوه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش، هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا تێبینی‌ كردووه‌ كه‌ خۆڵ و خاشاكی‌ خانووه‌كه‌ له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ فڕێبدرێت له‌ناو خانووه‌كه‌دا سووتێنراوه‌.

ته‌نافی‌ هه‌ڵواسینی‌ جلوبه‌رگه‌كان شوێنەکەی ئاشکرا کرد

به‌گوێره‌ی‌ كتێبه‌كه‌، به‌هێزترین به‌ڵگه‌ش كه‌ بووه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا بگه‌نه‌ بن لادن، ته‌نافی‌ هه‌ڵواسینی‌ جلوبه‌رگه‌كان بووه‌، ئه‌فسه‌رانی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا تێبینییان كردووه‌ كه‌ ته‌نافه‌كه‌ جلوبه‌رگی‌ یه‌ك پیاو و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ژن و 9 منداڵی‌ پێدا هه‌ڵواسراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر زیاتر بووه‌ له‌ ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌واده‌كه‌ی‌ ئیبراهیم كه‌ 11 كه‌س بوون، ئه‌مه‌ش نزیكه‌ له‌ خانه‌واده‌كه‌ی ئوسامه‌ بن لادن.

له‌ 14ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2010دا ئاژانسی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكا ئه‌و به‌ڵگانه‌ی‌ خسته‌به‌رده‌م باراك ئۆباما سه‌رۆكی‌ ئه‌وكاتی‌ ئه‌مریكا، ئه‌ویش بڕوای‌ هێنا و فه‌رمانی‌ به‌ هێزه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كرد پلان بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر شوێنه‌كه‌ دابنێن و ئه‌وه‌بوو له‌ 1ی‌ ئایاری‌ 2011دا هێرشكرایه‌سه‌ر خانووه‌كه‌ و كۆتایی به‌ ژیانی‌ ئوسامه‌ بن لادن هێنرا.

ئوسامه‌ بن لادن، دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی پێشووتری رێكخراوی قاعیده‌، له‌ ساڵی 1957 له‌ سعودیه‌ له‌دایك بووه‌ و له‌ ڕۆژی 2ی ئایاری 2011 له‌ پاكستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، كوژرا.