نەتەوە یەکگرتووەکان نهێنی هەڕەشەکانی تاڵیبان ئاشکرا دەکات

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت

ڕۆژی یەکشەممە کارمەندێکی ئەفغانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک هەوڵیداوە بگاتە فڕۆکەخانەی کابوڵ لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە ڕاگیراوە، ئوتومبێلەکەیان پشکنیوە و ناسنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دۆزیوەتەوە، دواتر لێیانداوە.

ڕۆژی دووشەممە چەند چەکدارێکی نەناسراو چوونەتە ماڵی یەکێک لە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەو کاتەدا لەسەر کار بووە، لە منداڵەکەیان پرسیوە باوکت لەکوێیە، بە تۆمەتی درۆکردن منداڵەکەیان تۆمەتبار کردووە و وتوویانە "شوێنەکەی دەزانین و دەشزانین چی دەکات."

ئەم ڕووداوانە و کۆمەڵێک ڕووداوی دیکە کە لە بەڵگەنامە نهێنیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەن لەلایەن ڕویتەرزەوە بیندراون و باس لە هەڕەشەکانی تاڵیبان و تاڵانکردنی ئۆفیسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سوکایەتیکردنی جەستەیی بە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

لەکاتێکدا تاڵیبان بە ئەفغانیەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوای ڕاگەیاندووە کە ڕێز لە مافەکانی خەڵکەکە دەگرن، هەواڵەکان لەسەر سەرکوتکردنی خەڵکەکە گومانیان لەو لێدوانانەی تاڵیبان دروستکردووە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەدا کە سەر بە ڕێکخراوە بیانیەکانن.

تاڵیبان وتوویەتی لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکات کە تیایدا سوکایەتی بە خەڵکەکە کراوە، هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکان کرد بەردەوام بن لە کارەکانیان. لەم هەفتەیەدا وتی پێشوازی لە یارمەتیە مرۆییەکان دەکەین، بەڵام ئەگەر وەکو هۆکارێکی سیاسی بەکارنەهێندرێن.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک وتی " کاربەدەستانی کابوڵ بەرپرسن لە پارێزراوی و ئاسایشی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی. لەو بارەیەوە لەپەیوەندیدا دەبین لەگەڵیاندا."

نەتەوە یەکگرتووەکان سێیەکی ئەو 300 کارمەندە بیانیەی هەیەتی لە ئەفغانستانەوە گواستوونیەتەوە بۆ کازاخستان. هەروەها جەختیشی لەوە کردۆتەوە دەیەوێت لەپێناو یارمەتیدانی گەلی ئەفغانستاندا لەوێ بمێنێتەوە.

‌هێشتا 3000 کارمەندی ئەفغانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستاندا ماونەتەوە، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە گفتوگۆداین لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا تاوەکو داوایان لێبکەین ڤیزا یاخود پشتیوانیەکی کاتی لە هەندێکیان بکات تاوەکو لە ئەفغانستان نەمێننەوە.

ئافرەتێکی ئەفغانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و ماوەی چەند ساڵێکە کار بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە ڕۆیتەرزی وت " هەست دەکەم بەجێهێڵدراوم."

وتی "سەرجەم ئەو ئافرەتانەی دەیانناسم هەمان ترسی منیان هەیە. ئێستا چی بەسەر منداڵەکانماندا دێت ئەگەر سزا بدرێین لەسەر ئەوەی کار دەکەین؟ چی بەسەر خێزانەکانماندا دێت؟ چی لە ئێمە دەکەن وەکو ئافرەت؟ "

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆن گۆتیرێش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بۆ کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان وتی " هەرچی لە دەسەڵاتماندا بێت دەیکەین، ئەوەش لەڕێی پەیوەندییەکانمانەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوام دەبین لەوە تاوەکو دڵنیا دەبینەوە لە پارێزراوی و باشی ئێوە."

کارمەندێکی ئەفغانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆیتەرزی وت لانی کەم 50 کارمەندی ئەفغانی دەناسێت کە لەلایەن تاڵیبانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، وتی " کارمەندە ئەفغانیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی مەترسیداری تاڵیباندان، دەبێت بگوازرێنەوە."

زۆرترین خوێنراو