داعشی خۆراسان، دوژمنە سەرسەختەكەی تاڵیبان بناسە

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت
چەند ڕۆژێكە ڕێكخراوی داعش لە ئەفغانستان بووەتەوە جێی باسی میدیا، ئەویش دوای ئەو پەلامارە خوێناوییەی لە كابوڵی پایتەخت ئەنجامی دا و بە هۆیەوە دەیان كەس كوژران كە سیانزەیان سەربازی ئەمریكی بوون.


ویلایەتی خۆراسانی داعش بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە پەلامارەكە ڕاگەیاند كە لە ڕێی تیرۆریستی خۆكوژەوە ئەنجامی دابوو.

دوو ڕۆژ پێش پەلامارەكەش، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری دا لە مەترسی درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان و ئاماژەی دا بەوەی داعشی خۆراسان پلانی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و مەدەنییەكان دادەنێت لە فڕۆكەخانەی كابوڵ، دواتر ئەوەش ڕووی دا.

سەرەتای دروست بوون
ساڵی 2015 ڕێكخراوی داعش لە خۆراسان ڕاگەیەندرا، خۆراسان ناوی دێرینی ئاسیای ناوەڕاستە كە ئەفغانستانیش لەخۆ دەگرێت.

لە دوای دامەزراندنیشییەوە چەندین تاوانی قێزەونی ئەنجام داوە، لە نێویشیاندا سەربڕینی 16 كەس لە ساڵی ڕابردوودا كە دووانیان منداڵی شیرەخۆرە بوون، هەروەها پەلاماردانی زانكۆی كابوڵ و كوشتنی 200 خوێندكار لە هەمان ساڵدا.

تەقاندنەوەی چەند ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بە خوێندنگەیەكی كچانی كابوڵ یەكێكی دیكەیە لە تاوانەكانی ڕێكخراوەكە كە كوژرانی 40 كەسی لێكەوتەوە.

سەركردەكانی داعشی خۆراسان
حافز سەعیدخانی پاكستانی، ئەمیری ڕێكخراوەكەیە كە پێشتر لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی كوژراوی داعشەوە دەستنیشان كراوە و یەكێكیش بووە لە چەكدارەكانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاكستان. 

سەعیدخان ساڵی 2014 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تاڵیبانی پاكستان بەیعەتیان بە ئەبوبەكر بەغدادی دا و عەبدولڕەئوف كازم كە یەكێكە لە سەركردەكانی پێشووی تاڵیبان، پۆستی جێگری سەعیدخانی پێ سپێردرا.

چەكدارانی ویلایەتی خۆراسانی داعش لە ئەندامانی پێشووی ڕێكخراوەكانی وەك تاڵیبانی پاكستان، گروپی عەسكەر ئیسلام، گروپی حەققانی ئەفغانستانی كۆمەڵی دەعوە و گروپێكی ئیسلامییەكانی ئۆزبەكستان پێكهاتووە و ساڵی 2016 ژمارەیان بە نزیكەی چوار هەزار چەكدار مەزەندە دەكرا.

بەڵام بە پێی ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوەكە ساڵی 2018 لە هەرێمی گوزگانی باكوری ئەفغانستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەك شكستی سەربازیی یەك لەدوای یەك بووەتەوە و مەزەندە دەكرێت لەو ساڵەدا ژمارەی چەكدارەكانی بۆ 1500-2000 چەكدار كەم بووبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕێكخراوەكە هێزی سەربازیی لە چەند ناوچەیەكی هەردوو ویلایەتی كۆنار و نەنگرهاری ڕۆژهەڵاتی كابوڵی پایتەخت هەیە و ئێستاش لە ڕێی دروستكردنی شانەی بچووكەوە كارەكانی بە شێوەی ناناوەندێتی بەڕێوەدەبات، هەروەكو ئەو پەلامارەی بۆ سەر فڕۆكەخانی كابوڵ ئەنجامی دا.

ساڵی 2015 حافزخان و 30 چەكداری دیكەی گروپەكە لە هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا كوژرا و كەسێكی دیكە بە ناوی عەبدولحەسیب كرایە ئەمیری داعشی خۆراسان، بەڵام ئەویش ساڵی 2017 لە هێرشێكی هێزە تایبەتەكانی ئەفغانستان كوژرا.

تەمەنی ئەبو سەید ئەمیری نوێش درێژ نەبوو و دوای دوو مانگ لە وەرگرتنی پۆستەكەی لە هێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكا بۆ سەر ویلایەتی كۆنار كوژرا.

بڕوا وایە كەسێك كە بە "شاب موهاجیر" و "سەنائوڵا" دەناسرێت لە مانگی حوزەیرانی 2020ەوە بووبێتە ئەمریكی داعشی خۆراسان، ئەویش دوای دەستگیرركردنی ئەسلەم فاروقی، سەرۆكی ڕێكخراوەكە لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئەفغانستانەوە ئەو پۆستەی وەرگرت.

شاب موهاجیر بە یەكێك لە سەركردەكانی پێشووی گروپی حەققانی دادەنرێت و گومانیش هەیە كە تاوەكو ئێستاش پەیوەندی لەگەڵیاندا مابێت.

پەیوەندی نێوان داعش و تاڵیبان
ڕێكخراوی داعشی خۆراسان بەردەوام ڕەخنەی لە بزووتنەوەی تاڵیبان گرتووە بەوەی پابەند نییە بە ڕێنماییەكانی ئایینی ئیسلامەوە و هەفتەی ڕابردووش ڕاگەیەندراوێكی ڕێكخراوەكە لە میدیا ناوخۆییەكانی ئەفغانستاندا بڵاوكرایەوە كە تێیدا بزووتنەوەی تاڵیبان بە هاوبەشی سوپای ئەمریكا و یارمەتیدانی بۆ دەربازكردنی سیخوڕەكانی تۆمەتبار كرد.

پێشتریش چەندین شەڕی خوێناوی لە نێوان هەردوولا ڕوویدا و ئێستاش بزووتنەوەی تاڵیبان، رێكخراوی داعش لە خۆراسان بە هەڕەشە لەسەر خۆی دەزانێت.

زۆرترین خوێنراو