وه‌ڵامێك بۆ كاك عومه‌ری حاجی عینایه‌ت

سۆشیال میدیا

Alternate Text

ئه‌مڕۆ به‌رێز كاك (عومه‌ری حاجی عینایه‌ت) له‌ ته‌له‌فزیۆنی روداو هه‌ندێك زانیاری چه‌واشه‌كارانه‌و ناراستی خسته‌روو، به‌پێویستی ده‌زانم وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ له‌ناو روداوه‌كاندابووم بۆئاسوده‌كردنی ویژدانی خۆمان ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی بۆ راستبكه‌مه‌وه‌.

سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێن كه‌ كه‌ناڵی روداو، له‌م بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا و به‌دیاریكراویش ماوه‌ی دووساڵه‌ گوتاره‌ میدیاییه‌كه‌ی په‌یوه‌ست به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئامانجه‌كه‌ی لێدانه‌ له‌ گۆڕان، هه‌ر بۆخۆی ده‌ستپێكی یه‌كه‌م پرسیاری به‌رنامه‌كه‌ش له‌لایه‌ن پێشكه‌شكاره‌وه‌ به‌وه‌ی (كاك عومه‌ر زۆر به‌خێربێیت، تۆش ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ت هه‌یه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگه‌كانی كه‌مده‌كات؟) پرسیارێكی بێلایه‌یه‌نانه‌و پرۆفیشناڵانه‌ نیه‌، ئه‌وه‌نده‌ی پرسیارێكی لایه‌ندارانه‌یه‌ به‌ ئاراسته‌و نه‌هجی دروستكردنی كه‌شێكی ده‌رونی بۆخه‌ڵك و ده‌نگده‌ر كه‌ گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگی كه‌م ده‌كات! ده‌یان به‌ڵگه‌ له‌م رووه‌وه‌ له‌به‌رده‌سته، كه‌ روداو دژایه‌تی گۆڕان ده‌كات، بۆ ده‌رفه‌تێكی تر ده‌یخه‌ینه‌ روو‌.

سه‌ره‌تای قسه‌كانی كاك عومه‌ر به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ گومان ده‌خاته‌ سه‌ر ره‌وایه‌تی كاره‌كانی كاك نه‌وشیروان بۆ دروستكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌ڵێ "من پێموابوو كاتی خۆی كاك نه‌وشیروان ده‌بوایه‌ له‌ یه‌كێتی بمایه‌و له‌وێ ریفۆرمه‌كه‌ی بكردایه‌، نه‌یكرد، به‌داخه‌وه‌ نه‌یكرد هات بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی دروستكرد".  ئینجا ده‌ڵێ : له‌ ساڵی 2013 دروشمی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌رزكرده‌وه‌، به‌ڵام تۆ كه‌وه‌ك پێویست ده‌نگت نه‌هێنا و ده‌نگه‌كانت كه‌می كرد! نابێ بچیته‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ به‌یانمان ده‌ركرد كه‌نابێت بچیته‌ ناو ئه‌و حكومه‌ته‌وه".

وه‌ڵامی ئێمه‌ بۆ قسه‌كانی كاك عومه‌ری حاجی عینایه‌ت 
یه‌ك: دژ به‌یه‌كییه‌كی زۆر له‌ قسه‌كانی دا هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ زۆر به‌ گرنگی باسی گه‌وره‌یی و جه‌ماوه‌ری گۆڕان ده‌كات، به‌ڵام دواتر ده‌ڵێ ده‌بوایه‌ كاك نه‌وشیروان له‌یه‌كێتی نه‌هاتایه‌ ده‌ره‌وه‌! كه‌ دواتر ده‌ڵێ كاك نه‌وشیروان وه‌ختێ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ من له‌یه‌كێتی نه‌مابووم! 

دوو:  كاك عومه‌ری حاجی عینایه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی 7ی 3ی 2010 كاندیدی گۆڕان بوو بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، چانسی بردنه‌وه‌ی نه‌بوو، له 21ی 9ی‌ 2013 دیسان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان خۆی كاندید كردو ئه‌مجاره‌یان بوو به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێ گۆڕان ده‌نگه‌كانی كه‌می كرد، ئه‌و قسه‌یه‌ی نه‌ك راست نیه‌، بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گۆڕان له‌ 2013، زیاتر له‌ 21 هه‌زار ده‌نگی زیادیكرد. 

له‌ 2009 به‌ دیاریكراوی 445.024 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ 2013، لیستی گۆڕان 476.736، ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵێ راسته‌ به‌هۆی  به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كورسی كورسیه‌كانی گۆڕان له‌ 25 وه‌ بوو به‌ 24 كورسی (سه‌رچاوه‌ سایتی په‌رله‌مان).

سێ: سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌رێزیان دژی چونه‌ حكومه‌ت بووه‌، پێم سه‌یره‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كات!! له‌ ئه‌رشیفی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن دا ماوه‌ له‌ ده‌یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2013 و چه‌ندین پرۆگرامی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ی ئێن ئێن دا، به‌رێزیان یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه‌ به‌ته‌واوی لایه‌نگیری دروشمی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات بوو و ته‌نزیری بۆده‌كرد، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر بچینه‌ ده‌سه‌ڵات و  حكومه‌ته‌وه‌ پرۆژه‌مان بۆ وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و ....هتد هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ ده‌ڵێ له‌كاتی دانوستانی چونه‌ حكومه‌ت به‌یانمان ده‌ركرد له‌گه‌ڵ د.شێركۆ كه‌ له‌گه‌ڵ چونه‌ حكومه‌ت نین، ئه‌مه‌شیان ناراسته‌و دكتۆر شێركۆش خۆشبه‌ختانه‌ له‌ژیاندا ماوه‌و بۆ من ئه‌و چركه‌ساتانه‌ وه‌ك دوێنێ وایه‌و فه‌رموو به‌یانه‌كه‌مان پێ نیشان بده‌!.

چوار: كاك عومه‌ر له‌ ساڵی 2014وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان د.یوسف محه‌مه‌دی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریكرد، ئەو خۆی بە شایانی  پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەزانی،  كه‌وته‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر دكتۆر یوسف و سیاسه‌تی فراكسیۆنه‌كه‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و چه‌ند جارێكیش فراكسیۆنه‌كه‌ رونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر قسه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌.

كاك عومه‌ری حاجی عینایه‌ت مافی خۆیه‌تی ره‌خنه‌ له‌ گۆڕان بگرێت، به‌ڵام بۆ به‌رێزیان وا دروسته‌ كه‌ ره‌خنه‌ به‌رمه‌بنای فاكت و  زانیاری دروستبێت.
له‌گه‌ڵ رێزم دا.
سیروان ره‌شید

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 خولەک پێش ئێستا

توركیا بە توندی وەڵامدەداتەوە .... هۆشداریدان قابیلی قبوڵ نییە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 19 خولەک پێش ئێستا

رۆژنامەنوسێكی فڕەنسی وردەكاری كوشتنی موعەمەرقەزافی ئاشكرادەكات

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ناتۆ هۆشداری توند دەداتە توركیا

هەواڵی جیهان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

جۆبایدن مەترسییەك لەسەر ئەمریكا رادەگەیەنێت

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەردۆغان هەڕەشەی دەركردنی باڵیۆزی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكە دەكات