بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی مامۆستا بەدەل بەرواری لەناو خێزانەكەیدا كاردانەوەی لێكەوتەوە

هەواڵی کوردستان

Alternate Text

میللەت
پاش ئەوەی سێشەممە پڕۆسەی دادگایی هەریەكە لە مامۆستا بەدەل بەرواری و رۆژنامەنووس ئومێد بەڕۆشكی بەڕێوەچوو، دوێنێ شەو ئازادكراو گەڕایەوە ناو كەسوكارەكەی و وێنەو ڤیدیۆی دوای زیندانی مامۆستا بەدەل كاردانەوەی لێكەوتەوە و لەوبارەیەوە بنەماڵەكەی رونكردنەوە دەدەن.

ئاری بەدەل بەرواری، كوڕی مامۆستا بەدەل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، قسەی لەسەر ئازادبوونی باوكی لە زیندان و دۆخی تەندروستی باوكی كردو رایگەیاند، مامۆستا بەدەل كێشی دابەزیوەو لە رووی جەستییەوە لاوازە.

وتیشی، بەهۆی دۆخی ناو زیندانەوە مامۆستا بەدەل كێشی دابەزیوە، لە رووی جەستییەوە لاوازە، پێویستی بە چارەسەری تەندروستی دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی بێتەوە سەری خۆی.

راشیگەیاند، لە ئێستادا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە مامۆستا بەدەل ناتوانێت پێشوازی لە میوان بكات، بەڵام بەماوەی داهاتووداو پاش ئەوەی لە رووی جەستییەوە تەندروستی مامۆستا بەدەل بێتەوە سەر خۆی دەتوانێت پێشوازی لە میوانان بكات و دەرگایان كراوەیە.

خانەوادەی مامۆستا بەدەل، راشیانگەیاند، ئەوان نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی وێنەو ڤیدیۆی مامۆستا بەدەل لەوەختی ئازادبوونی لە زیندان و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و دەڵێن، بەڵام بە داخەوە بڵاوبوەتەوە.

مامۆستا بەدەل بەرواری كە پاش زیاتر لە ساڵێك لە زیندانی، پرۆسەیی دادگایی لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەساڵێك زیندانی سزادراو ماوەی لە زیندانی بوونی بۆ هەژماركراو دوێنێ 20ـی تشرینی یەكەمی 2021 ئازادكراو گەڕایەوە ناو ماڵ و مناڵی