ئاگادارییەك بۆ شۆفێرانی تاكسی

هەواڵی کوردستان

Alternate Text

میللەت 
بەرێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی رایدەگەیەنێت دوایین وادە بۆ وەرگرتنی لۆگۆی تاكسی ناوشار و دەرەوەی شار 1ی 11ی 2021ە ,بەرپرسێكی ئەو بەرێوەبەرایەتیيەش جەختدەكاتەوە بە گوێرەی بڕیارەكە هەر شۆفێرێكی تاكسی لۆگۆكەی وەرنەگرتبێت غەرامەدەكرێت.

 

 ئامانج دەروێش,جێگری بەرێوەبەری گواستنەوە وگەیاندنی سلێمانی بە"میللەت"ی راگەیاند دوایین وادە بۆ  شۆفێری تاكسییەكان كە دەبێت لۆگۆی تاكسی وەربگرن 1ی تشرینی دوەمی ئەمساڵە و دوای ئەو وادەیە غەرامە دەكرێن.

 

ئاشكرایكرد تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە ئەو وادەیەی بۆیان دانراوە جارێكی دیكە درێژبكرێتەوە و پێشتر چەند جارێك وادەكە  درێژكراوەتەوە و  ئێمەش بڕیاری سەروخۆمان جێبەجێدەكەین و چەند جارێك شۆفێرانی تاكسییەكانمان ئاگاداركردۆتەوە كە مامەڵەكانیان ئەنجامبدەن .

 

رونیكردەوە تاكسی ناو شاری سلێمانی رەنگی لۆگۆكانی شینە و بۆ تاكسی هێڵەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی رەنگی لۆگۆكەیان سورە. 

 

ئەوەشیخستەرو بەگوێرەی بڕیارەكە دوای ئەو وادەیەی دیاریكراوە هەر شۆفێرێكی تاكسی لۆگۆكەی وەرنەگرتبێت كاتێك دەكەوێتە مەفرزەكانی هاتوچۆوە غەرامە دەكرێت.