ئەردۆغان هەڕەشەی دەركردنی باڵیۆزی ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دیكە دەكات

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Alternate Text

میللەت 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری‌ توركیا، هەڕەشەی‌ دەركردنی‌ باڵیۆزی‌ ئەمریكا‌و نۆ وڵاتی‌ تری‌ كرد، كە باڵیۆزانی‌ ئەو وڵاتانە داوای‌ ئازادكردنی‌ عوسمان كافالا سەرمایەداری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ توركیایان كردبو.

 

 عوسمان كافالا ماوەی‌ زیاتر لە 4 ساڵە لە زیندانەكانی‌ توركیادایە، بەتۆمەتی‌ ئەوەی‌ دەستی‌ هەبوە لەو هەوڵی‌ كودەتا شكستخواردوەكەی‌ مانگی‌ تەمموزی‌ 2016دا كە لە توركیا رویدا.

 

كافالا، تائێستا لە زینداندایە و دادگاییكردنەكەی‌ تەواو نەبوە، بۆیە ئێوارەی‌ دوشەممەی‌ رابردوی‌ باڵیۆزانی‌ ئەمریكا‌و هەریەك لە فڕەنسا,كەنەدا‌, فنلەندا ,دانیمارك‌, ئەڵمانیا‌, هۆڵەندا ,نەرویژ ,سوید و نیوزلەندا، داوای‌ ئازادكردنیان كردبو. 

 

لەبەرامبەردا، ئەردۆغان لەكاتی‌ گەڕانەوەی‌ لە گەشتێكی‌ بۆ چەند وڵاتێكی‌ ئەفریقادا، رایگەیاند" بە وەزیری‌ دەرەوەی‌ وڵاتمان گوتوە، ناتوانین رێگە بەخۆمان بدەین لەوڵاتەكەماندا پێشوازی‌ لەو باڵیۆزانە بكەین".

 

بەڵام تائێستا رون نییە، ئاخۆ ئەردۆغان هەڕەشەكەی‌ جێبەجێ‌دەكات‌و كێشەیەكی‌ دیپلۆماسی‌ گەورە بۆ خۆی‌ وڵاتەكەی‌ دەنێتەوە، یاخو تەنها هەڕەشەكانی‌ وەكو قسەی‌ بێ‌كردار دەمێننەوە.