گرووپێکی نەیاری تاڵیبان ئۆفیسێک لە ئەمەریکا دەکاتەوە

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت
بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند گرووپێکی تازە دروستبووی چەکداریی دژ بە تاڵیبان لە ئەفغانستان مۆڵەتی کردنەوەی ئۆفیسێکیان لە ئەمەریکا وەرگرتووە.

پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکاوە دوای ئەوە هات بەرەی بەرهەڵستی نیشتیمانی دژ بە تاڵیبان ڕایگەیاند ئۆفیسە نێودەوڵەتیەکەی "بە فەڕمی مۆڵەتی کردنەوەی لە ئەمەریکا پێدراوە."

ڕۆژی هەینی بەرپرسی کاروباری دەرەوەی بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی دژ بە تاڵیبان، عەلی مەیسەم نەزەری ڕاگەیەندراوەکەی بڵاوکردەوە و بەڵێنی ئەوەیدا "بەمزووانە بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی چالاکیەکانی بە سەرانسەری جیهاندا فراوان بکات."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بەرپرسانی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "ئاگاداری ئەوەین لایەنێک کە ناوی خۆیان ناوە (بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی) بەپێی بەندی تۆمارکردنی لایەنە بیانیەکان خۆیان تۆمارکردووە."

وتەبێژەکە وتویەتی بڕیاری تۆمارکردنەکە لەلایەن ئەو لایەنەوە دراوە کە تۆماری کردووە و چیتر پێویستی بە ڕێوشوێنی دیکە، یاخود پەسەندکردن نییە لەلایەن وەزارەتی داد یاخود هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی حکومەتی ئەمەریکاوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە "بە گشتی ڕێکخراوی لەم جۆرە دەتوانن ئۆفیسی خۆیان لە ئەمەریکا بکەنەوە و پێویست بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناکات."

جێی ئاماژەیە بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی دژ بە تاڵیبان دەڵێت بنکەی لە ناوچە شاخاوییە هەستیارەکانی دۆڵی پەنجشیر دروستکردووە. بەڵام بەرپرسانی تاڵیبان ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ڕابەرانی بەرهەڵستیەکە لەمێژە ئەفغانستانیان جێهێشتووە.

چەکدارانی بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی لە سەربازەکانی هێزەکانی ئاسایشی پێشووی ئەفغانستان و میلیشیا ناوخۆییەکان پێکدێن، بەڵام بەدیاریکراوی ژمارەیان نەزانراوە، لەلایەن ئەحمەد مەنسوڕەوە ڕابەرایەتیان دەکرێت، کە لە ساڵی نەوەدەکاندا باوکی ڕابەرایەتی هاوپەیمانی باکووری دەکرد و دژی تاڵیبان وەستابۆوە و بە " شێرەکەی پەنجشیر " ناسراوە.
ساڵی 2001 هاوپەیمانێتی باکوور یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکاشی داوە لە شەڕیاندا دژی تاڵیبان.

لای خۆیەوە وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید سەبارەت بە هەواڵی کردنەوەی ئۆفیسی بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی لە ئەمەریکا و هەڕەشەکانی ئەو بەرەیە بۆ سەر تاڵیبان، وتی هیچ لایەنێک ناتوانێت " لەژێر ناوی بەرهەڵستی یاخود هەر ناوێکی دیکەدا بێت " هەڕەشە لە گەلی ئەفغانستان بکات، هەروەها ڕێگە بە هیچ چالاکییەکی لەوشێوەیە نادرێت.

موجاهید ئاماژەشی بەوەدا بەرپرسانی ئەمەریکا لەمیانەی گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان وتویانە نەیانتوانیوە هەواڵی کردنەوەی ئۆفیسی بەرەی بەرهەڵستی نیشتمانی لە ئەمەریکا پشتڕاست بکەنەوە و ئاماژەیان بەوەداوە ئەمەریکا پێیوانیە ئەوجۆرە چالاکییە پێویست بێت.

موجاهید وتویەتی "نازانم تا چەند پەیامەکەی ئەمەریکا پشتی پێدەبەسترێت، بەڵام پەیامی ئێمە بۆ ئەوانەی کە دروشمی بەرهەڵستی بەرزدەکەنەوە ئەوەیە کە ئەفغانستان پێویستی بە ئاشتی و خۆشگوزەرانییە، چی تر پێویستی بە جەنگ نییە."