زیاتر لە ھەزار چەکداری داعش لە سێ پارێزگا بوونیان ھەیە

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت

موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالە ڕایدەگەیەنێت، کە زیاتر لە ھەزار چەکداری داعش لە میحوەری کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین بوونیان ھەیە.

موسەننا تەمیمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک خێزانی نیشتەجێی گوندەکانی دەورووبەری قەزای میقدادییە (شارەبان) دوای پەلامارەکەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی رەشاد ماڵ و حاڵی خۆیان جێھشتووە و ئاوارەبوون، ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە، کە "ئەو خێزانانە لە ترسی ئەوەی کاردانەوەی توند بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ئاوارەبوون".

پارێزگاری دیالە، موسەننا تەمیمی سەبارەت بە مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە، ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە ھەزار چەکداری داعش لە میحوەری کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین بوونیان ھەیە و بە وتەی ناوبراو "بەم دواییانە، ژمارەی چەکدارانی داعش لەو میحوەرەوە زیادی کردووە".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە دووەم گەورە شاری سەربە پارێزگای دیالە و بەپێی داتاکانی سوپای عێراق، لەو هێرشەدا ١١ کەس کوژران.

دوای ئەو هێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە هێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەهر ئیمام" کە دانیشتوانەکەی سوننە مەزهەبن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە. بەهۆی ئەو هێرشەوە هەشت کەس لەدانیشتوانی گوندی نەهر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین (باکوور) و پارێزگای دیالە (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.