بزووتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان ئه‌م كاره‌شی‌ قه‌ده‌غه‌ كرد

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میلله‌ت
بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان كه‌ فه‌رمانڕەوایه‌تی‌ وڵاتی‌ ئه‌فغانستان ده‌كات، به‌كارهێنانی دراوی بیانی له‌و وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌كرد.


دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان به‌كارهێنانی دراوی بیانی له‌و وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌كرد.

زه‌بیحوڵا موجاهید وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر رایگه‌یاند كه‌ "له‌ سه‌رانسه‌ری‌ وڵاتدا به‌كارهێنانی‌ دراوی‌ بیانی‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت".

وته‌بێژێكی بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ره‌وشی ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ وڵاتدا واده‌خوازێت سه‌رجه‌م ئه‌فغانیه‌كان له‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كاندا دراوی ئه‌فغانی به‌كاربهێنن".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ تاڵیبان داواشی‌ له‌ هاوڵاتیان و خاوه‌ن دوكان و فرۆشیار و بازرگانان و سه‌رمایه‌داران كرد له‌مه‌ودوا هه‌موو مامه‌ڵه‌كانیان به‌ دراوی‌ ناوخۆیی بێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دراوی‌ بیانی‌ به‌كارنه‌هێنن.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ به‌كارهێنانی‌ دراوی‌ بیانی‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر ئابووری‌ ئه‌فغانستان ده‌بێت.

زه‌بیحوڵا موجاهید جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌م فه‌رمانه‌ پێشێل بكات رووبه‌ڕووی‌ رێكاری‌ یاسایی ده‌بێته‌وه‌.

له‌ ئێستادا به‌كارهێنانی دۆلاری ئه‌مریكی له‌ بازاڕه‌كانی ئه‌فغانستاندا زۆر به‌ربڵاوه‌، له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانیش بۆ بازرگانیكردن زیاتر دراوی وڵاتانی دراوسێی ئه‌فغانستان به‌كارده‌هێنن، له‌وانه‌ش پاكستان.