چاودێری مافەکانی مرۆڤ: تاڵیبان 100 پۆلیسی ئەفغانی بێسەروشوێن کردووە

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت

چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، کە لەو کاتەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست زیاتر لە 100 پۆلیس و کارمەندی ئاسایشی حکومەتی پێشووی کووشتووە، یان ڕفاندووە.

لە راپۆرتی ئەو ڕێکخراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لە کاتێکدا تاڵیبان لێبوردنی گشتی دەرکردووە، بەڵام بەڵگە سەلمێنراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تاڵیبان 47 ئەندامی هێزە سەربازییەکان، پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکانی لە 15ی 8وە تا کۆتایی مانگی 10 کوشتووە.

لەم ڕاپۆرتە 25 لاپەڕەییەدا ئاماژە بەوش دراوە کە ژمارەی کووژراو و بێسەروشوێنکراوەکان لە غەزنی، هەلمەند، قەندەهار و کوندوز لە ئەفغانستان بە تەنیایی زیاتر لە 100 کەسە.

ڕێکخراوەکە لە زمانی فەرماندەیەکی تاڵیبانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانی پێشوو کە تاوانیان ئەنجامداوە، لێبوردن نایانگرێتەوە.

لەسەر بنەمای ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، تاڵیبان لە هەڵمەتەکانی پشکنین و هێرشە شەوانەییەکانیدا بەرپرسانی پێشووی دەستگیر و بێ سەروشوێن کردووە.

پاتریکا گاسمەن بەڕێوەبەری بەشی ئاسیای چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتویەتی "ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتی ڕابەرانی تاڵیبان ڕێگر نەبووە لە لەسێدارەدان و بێ سەروشوێن کردنی هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی پێشوی ئەفغانستان. بەرپرسیارێتی ئەو کارە لە ئەستۆی تاڵیبانە بۆ ئەوەی ڕێگە لە کوشتاری زیاتر بگرێت و بکەران سزا بدات و قەرەبووی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە".

ئەنعاموڵا سمنگانی جێگری وتەبێژی تاڵیبان پێشتر ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان یاساکانیان پێشێل کردبێت، بەڵام کوشتن و بێ سەروشوێن کردنی ئەندامانی پێشووی هێزە ئاسایشییەکان کاری ئەوان نییە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی تاڵیبان بە شێوەیەکی جدی لەم ڕوداوانە دەکۆڵێتەوە و بکەران دادگایی دەکرێن و وتویەتی "ئێمە پابەندی لێبوردنە گشتیەکەین. ئێمە هێشتا دەزگای ئاسایشمانی نییە و هەندێک سوود لەو بۆشاییە و ناوی ئیمارەتی ئیسلامی وەردەگرن و ئەو تاوانی کوشتنانە ئەنجامدەدەن".

زۆرترین خوێنراو