ئه‌مریكا هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ ئۆمیكرۆن رایگه‌یاند

هەواڵی جیهان

Alternate Text

میلله‌ت
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ گۆڕاوه‌ نوێكه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا كه‌ به‌ ئۆمیكرۆن ناسراوه‌، ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئابووری جیهان و له‌م كاته‌دا نازانرێت چ پێشهاتێك جێده‌هێڵێت.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی جانێت ێڵن، وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ڤایرۆسی نوێی ئۆمیكرۆن، مه‌ترسییه‌كی جدییه‌ له‌سه‌ر ئابوری جیهان و گه‌شه‌ی ئابوری به‌ره‌و دواده‌بات و  پێشكه‌وتنی وه‌به‌رهێنان په‌ك ده‌خات".

وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "نهێنییه‌كی نه‌زانراو له‌ پشت كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی نوێی ئۆمیكرۆن له‌سه‌ر ئابووری هه‌یه‌ ، كه‌ نازانرێت ئاخۆ چ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر ته‌واوی جیهان دروست ده‌كات، چونكه‌ به‌گژاچوونه‌وه‌ی هه‌ر ڤایرۆسێكی هاوشێوه‌ پێویستی به‌ خه‌رجكردنی پاره‌یه‌كی ئێجگار زۆر هه‌یه‌".

وتیشی‌: "هیوادارین ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن كاریگه‌ری نه‌رێنی زۆر له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری دانه‌نێت، نادیارییه‌كی دركپێنه‌كراو له‌ پشت كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه‌ بونیان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌كرێت كێشه‌ی زۆر دروستبكات و ئێمه‌ش له‌م كاته‌دا ته‌واوی حاڵه‌ته‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین".

جانێت ێڵن باوه‌ڕی وایه‌ ڤایرۆسی ئۆمیكرۆنی نوێ، به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ كێشه‌ له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان دروستده‌كات و راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌م ڤایرۆسه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ هه‌ڵئاوسانی ئابووری چاوه‌ڕوان نه‌كراو، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كورتهێنانی داواكاری له‌سه‌ر شمه‌ك و په‌ك خستنی بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری".

به‌ پێی زانیارییه‌كان، گۆڕاوی‌ ئۆمیكرۆن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاوتاكانی به‌ هێزتره‌ و ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتره‌ و پاش ده‌ستنیشانكردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی، بازاڕه‌كانی جیهان پاشه‌كشه‌كردنێكی به‌رچاویان به‌خۆوه‌ بینیوه‌.