سوپای‌ عێراق له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ بناری‌ قه‌ره‌چوغ هاته‌ ده‌نگ

هەواڵی کوردستان

Alternate Text

میلله‌ت
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كان له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجه‌ له‌ قه‌دپاڵی چیای قه‌ره‌چوخ هاته‌ ده‌نگ و رایگه‌یاند كه‌ ره‌هه‌ندی ھه‌ماھه‌نگییه‌كان  فراوانتر ده‌كرێن.


فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كانی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ ھه‌وڵێكی چه‌واشه‌كاریدا، بۆ سه‌لماندنی مانه‌وه‌یان، كه‌ تیرۆریستان ته‌نیا خۆیان ھه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، به‌شێوازێكی ترسنۆكانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی خۆیان و شوێنكه‌وتوانیان نیشاندا، له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ھێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری نیشتمان، ئه‌مه‌ش دوای لێدانی گورزێكی كه‌مه‌رشكێن و ھه‌ستیار له‌ڕێگه‌ی به‌دواداچوونی ھه‌واڵگری سه‌ركه‌وتوو له‌ دژی پاشكۆ ھه‌ڵاتووه‌كانیان".

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كان ده‌ڵێت: "له‌دوا هه‌وڵی ترسنۆكانه‌یاندا، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان گه‌یانده‌ گوندی خدرجیجه‌ له‌ قه‌دپاڵی چیای قه‌ره‌چوخ، له‌ ئه‌نجامی كرده‌وه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه‌ ژماره‌یه‌ك ھاوڵاتی سڤیلی بێتاوان و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی پێشمه‌رگه‌یان شه‌ھید و بریندار كرد".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ كاتێكدا، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كان سه‌ره‌خۆشی له‌ رۆڵه‌كانی گه‌له‌ سته‌مدیده‌كه‌مان ده‌كات، به‌بۆنه‌ی شه‌ھیدبوونی ده‌سته‌یه‌ك له‌ ڕۆڵه‌كانی، ھاوكات، جه‌خت له‌ ھه‌ماھه‌نگی و ھاریكاری مه‌زن و به‌رده‌وامی نێوان هێزه‌كانی سوپای عێراق و ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌ پارێزگاكانی دیاله‌، كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا و به‌درێژایی ناوچه‌ ئه‌منییه‌ ھاوبه‌شه‌كان".

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی شه‌ھیدان و له‌ناوبردنی تیرۆریستان و راوه‌دوونانیان له‌ مۆڵگه‌ و حه‌شارگه‌كانیان، ره‌هه‌ندی ھه‌ماھه‌نگییه‌كان  فراوانتر ده‌كرێن".