به‌رپرسێكی‌ پێشمه‌رگه‌ ئامارێكی‌ سه‌باره‌ت به‌ داعش ئاشكرا كرد

هەواڵی کوردستان

Alternate Text

میلله‌ت
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم ژماره‌ی قوربانیانی ده‌ستی رێكخراوی‌ تیرۆریسی‌ داعش له‌ 10 مانگی ئه‌مساڵدا ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند كه‌ 837 كه‌س شه‌هید و بریندار بوون یان رفێندراون.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی 3ی كانونی یه‌كه‌می 2021 جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی‌: " له‌ 10 مانگی ئه‌مساڵدا چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم 206 كرده‌وه‌ی تیرۆرستییان ئه‌نجامداوه‌".   

وتیشی: "له‌و كرده‌وه‌ تیرۆرستییانه‌ی‌ داعشدا 837 كه‌س شه‌هید و بریندار بوون یان رفێندراون".   

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ ساڵی 2020، له‌ هه‌موو ساڵی ڕابردوودا 230 كرده‌وه‌یان ئه‌نجامدابوو و 812 شه‌هید و بریندار و ڕفێنردراویش هه‌بوون".   

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاشكراشیكرد كه‌ "به‌ ئاماره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت له‌مساڵدا داعش توانویه‌تی زیانی زیاتر له‌ پێشمه‌رگه‌ و له‌ هاووڵاتیان بدات".