دەردی توندڕەوی

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

حەسەن یاسین

توندڕەوی، کە دەردێکی کوشندە و ترسناکە، وەک زاراوە، وا چۆتە زەینمان کە پێوەندیی بە توندڕەوانی گروپە ئیسلامییەکانەوە هەبێ، ئەمەش هەم پێوەندیی بەو ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە هەیە، کە دوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لەنێو کوردەواری پەیدابوون، هەم پێوەندیشی بە نەیارانی باڵی توندڕەوی نێو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیی کوردییەوە هەیە، کە بەردەوام، کاریان لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ لەوڕووەوە کردووە کە توندڕەویی نێو ئیسلامی سیاسیی کوردی هەم زیان بە کوردەواری وەک کۆمەڵ دەگەیەنێ، هەم لە دینی ئیسلامیشدا، ئەسڵ و بنەڕەت توندڕەوی نییە، بەڵکو ئەو دیندارییەیە کە تاکە دیندارەکانی کوردەواری، وەک ئەرکێک بەرانبەر بە خودای خۆیان و خودای هەمووان، جێبەجێی دەکەن!

راستییەکەی توندڕەوی هەر پێوەندیی بە ئیسلامییەکانەوە نییە. ئەوەی پێوەندیی بەوانەوە هەیە، توندڕەویی دینی و سیاسییە. لەبیرمە، لە دوای راپەڕین، کە ئیسلامییەکان لەنێو شار و بەدیاریکراویش لەنێو گەڕەکەکاندا کەوتنە چالاکیی عەقیدەیی و راکێشانی لاوان و هەرزەکاران بەلای خۆیاندا، یەکێک لەو رەفتارانەی توندڕەوانەبوو و ئەوان هەرزەکارانیان لە کاتی فێری نوێژکردندا پێگۆشدەکرد ئەوەبوو کە بەهەرزەکارەکەیان دەگوت دەبێ لەکاتی نوێژدابەستندا هەردوو قاچت جووت نەکەی! دەبێ بڵاویان بکایتەوە، کە هەرزەکارەکەش لێیانیدەپرسی: ئەدی بۆ باوکم، کە دەیبینم لە ماڵ نوێژدەکات، هەردوو قاچی جووت دەکات. لە وەڵامدا پێیاندەگوت: ئەوەی باوکت هەڵەیە. ئەوەی تۆ راستە. ئیدی هەرزەکارەکە، کە بە سروشت هەموو هەرزەکارێک توندڕەوە، دەچووەوە ماڵ، لەگەڵ باوکی دەیکرد بە کێشە و دەیگوت: باوە، تۆ هەڵەیت، نابێ لە کاتی نوێکردندا قاچەکانت جووتبکەیت. نوێژەکانی، کە تا ئێستا کردووتن، بەتاڵن و بۆ ئەوەی، لەمەودوا، نوێژەکانت قبوڵ بن، دەبێ قاچەکانت بڵاوبکەیتەوە!

ئیدی توندڕەوانی ئیسلامی سیاسی، بەم رەفتارە و رەفتاریتریش کە لەوتارێکدا ناتوانم باسی هەموویان بکەم، کێشەیان دەخستە نێو خێزانی کوردەوە. هەم هەرزەکاریان هاندەدا دژی باوکی بوەستێتەوە. هەم توندڕەوانە، دەیانویست، خەڵک لەسەر ئەو شێوازی نوێژکردنە رابێنن کە فڵان ئیمامی سەلەفی، کە ئەوان لەسەر رایەکانی ئەو دەڕۆن، وایگوتووە و جیاوازە لەو ئیمامەی کە مەلاکانی کوردەواری لەسەر رایەکانی دەڕۆن و خەڵکیان لەسەری راهێناوە!

توندڕەوی جۆری زۆرەو لەم وتارە ناتوانین باسی هەمووی بکەین. ئەوەی لەسەرەوە باسمکرد، جۆرێکی توندڕەوییە، کە توندڕەویی دینییە و ئەو سیاسەتوانانە، لەنێو کوردەواریدا برەویانپێدا، کە بەرگێکی دینیان بەبەر کاری سیاسیی خۆیاندا کردووە و بەناوی دامەزراندنی فەرمانڕەوایی خودایی، خۆیان دەیانەوێ فەرمانڕەوای خەڵک بن.

بەداخەوە، ئێستا لەکوردستانی عیراق(بەهەرێمی کوردستانیشەوە) و عیراق و جیهانیشدا، توندڕەوی برەوی هەیە. توندڕەوی کۆمەڵی ئێمەی تەنیوە. لەسەر جادە، لەکاتی شوفێریدا توندڕەوین. جاران، پێش راپەڕین، فەرمانگەی هاتوچۆی شارەکان، تابلۆیەکیان، لە زۆر جێگەی شاردا، هەڵواسیبوو کە بەعەرەبی بوو و لێینووسرابوو (عەرەبییەکە نانووسمەوە و وەرگێڕدراوەکەیتان بۆ دەنووسم): شوفێری هونەرە، سەلیقەیە، رەوشتە! ئێستا ئەو رستەیە تەنیا، جارجارە، لە رادیۆی ترافیکدا، کە هی بەڕێوەبەرایەتیی هوتوچۆی سلێمانییە، دەگوترێتەوە و دەدرێ بەگوێی گوێگرانی رادیۆکەدا، بێئەوەی بەشی هەرە زۆری شوفێرانمان، پێڕەوی بکەن. سەرەڕای خراپیی جادەو رێگاوبانمان، ئەگەر شوفێریمان رەوشتی تێدا پێڕەوبکرێ چۆن، تەنیا لەیەک ساڵدا، لە سێ شاری هەرێمی کوردستان، بەهۆی تیژڕەوییەوە، کە ئەویش هەر توندڕەوییە، نزیکەی پێنج سەد کەس، بەداخەوە، بە رووداوی ئۆتومبێل، مردوون!

لەنێو خێزاندا، وەک باوک و دایک، توندڕەوین. لەمەکتەبدا، وەک مامۆستا توندڕەوین، لەکاتێکدا ئێمە، لەشەڕی دژ بە داعش پتر لە هەزار پێشمەرگەمان لێشەهیدبووە، جێی داخە خۆشمان، بەشێوەی جۆراوجۆر، توندڕەوین!

ئەمڕۆ، ٥\١٢\ ٢٠٢١ یەکشەممەیە، کە ئەم وتارە دەنووسم و یادی (٢٠) بیست ساڵەی راگەیاندنی رێکخراوی توندڕەوی (ئەنسارولئیسلام لە کوردستان)ە، ئەو رێکخراوەی باڵە هەرە توندڕەوەکەی نێو بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی بوو، بەداخەوە، ماوەیەک زۆنێکی فەرمانڕەواییان هەبوو و بەشێوەیەکی توندڕەوانە، (شەریعەتی ئیسلام)یان تێدا پێڕەودەکرد و لەهەورامانیشەوە، پاش ئەوەی لە سەرەتای راگەیاندنیان، وەک جوندولئیسلام، لە یەکی ئەیلولی ٢٠٠١، جیهادیان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو، دەیانویست، بە زەبری چەک، بیڕوخێنن. ئەوەبوو چەندین شەڕیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان فرۆشت و گەلێ پێشمەرگەیان شەهید کرد، کە ترۆپکی توندڕەوییەکەیان، لە رووداوی کارەساتباری خێڵی حەمەدا رەنگیدایەوە، کە پۆلێک پێشمەرگەیان نەک هەر قەتڵوعام کرد، بەڵکو سەریشیان بڕین!

ئەوان، لەسەر دەستی پێشمەرگەو هێزەکانی هاوپەیمانان، فەوتێندران، بەهیوای ئەوەی هەموو تاکێکی ئەم کوردەوارییە، بەخۆیدا بچێتەوە و درک بەوە بکات توندڕەوی، کە وەک گوتم دەوریگرتووین، نەخۆشییەو خۆمان چاکبکەینەوە و توندڕەوی، بەهەموو جۆرەکانییەوە، نەهێڵین!

زۆرترین خوێنراو