ن: ئامینە فاید
و: ئیدریس سیوەیلی
راگەیاندنی هاوچەرخ بە كەرەستە و تەكنیكەكانی لە سایەی جیهانگیری و
گۆڕانكارییە خێراكانی بواری تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندی، رۆڵی بەرچاوی بینیوە
لە ئاراستەكردنی جەماوەر بە رامبەر رووداو و پێشهاتە سیاسییە ئابووری،
كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكان، راگەیاندن
بوەتە كەرەستەیەكی كاریگەری دروستكردنی رای گشتیی لە رێگەی هەناردەكردنی بەها و
پرەنسیپێك كە رۆڵی هەیە لە گۆڕینی بنەمای فیكری، بیروباوەڕ و رەفتار، زانایانی
بواری كۆمەڵناسی و دەرونناسی جەخت لەوە دەكەنەوە كە راگەیاندن كاریگەرترین ئامرازە
لەسەر جەماوەر، بەهۆی فرەیی ئامرازەكانی لە هەرسێ بواری خوێندراو، بینراو و
بیستراو و تێپەڕاندنی سنووری كات و شوێن.
وتەیەكی بەناوبانگ هەیە دەلێت "وێنەیەك یەكسانە بە هەزار وشە"،
بۆیە راگەیاندنی بینراو هەژمونی سەپاندوە بەسەر ئامرازەكانی راگەیاندن، چونكە
كاریگەری لەوانی تر زیاترە و بەراورد بە خوێندراو و بیستراو زۆرتر قەناعەت بە تاك
دەكات، ئەمەش بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەكنیك و تەكنەلۆجیایەی تێیدا
بەكاردێت لە رەنگ، دەنگ، كارتێكەرە دەنگییەكان و دیمەنەكان، هاوكات پێكەوە
هەستەوەرەكانی بینین و بیستن دەدوێنێت، ئەمە وێرای ئەوەی وێنە توانای تێپەڕاندن و شكاندنی
بەربەستی زمانی هەیە و توێژی جیاواز و بەرفراوانی كۆمەڵگە دەدوێنێت.
لەگەڵ زیادبوونی رۆڵ و كاریگەری راگەیاندنی بینراو، رێكخراوە
تیرۆریستییەكانیش لەسەروی هەموویانەوە داعش ئەو دەرفەتەی قۆستۆتەوە كە ئامرازەكانی
راگەیاندن و تەكنەلۆجیا بەكاربێنێت بۆ بڵاوكردنەوەی ئایدۆلۆجیاكەی، ئەمەش وای كرد
بنكەی جەماوەری و نفوزی فراوان بێت، بەجۆرێك لە سەرەتای راگەیاندنی خیلاقەتەكەیەوە
لە 2014 لە ژێر ناوی (راگەیاندنی جیهادیی) برەو بە كاری خۆی دەدات.
ئەو راگەیاندنەی داعش برەوی پێداوە، راگەیاندنی تەقلیدی و هەواڵی
تێپەڕاندووە، ئەركەكەی سەریكێشاوە بۆ جەنگی فیكری و دەروونی دژی دەوڵەتانی
بەئامانجگیراو، بەجۆرێك كە چەندین پێگەی راگەیاندن و ناوەرۆكەكەی بەتایبەتی
بینراو، چالاكیی و جوڵە و كردەوەكانی رێكخراوەكە بە پەیامە ئایدۆلۆجیەكەی و
پڕوپاگەندە و رێنماییی رەفتارییەوە پەخش دەكەن.
لەسەر ئەو بنەمایە، ئەم توێژینەوە باس لە چۆنێتی قۆستنەوەی راگەیاندنی
بینراو دەكات لەلایەن داعشەوە، لەوانەش فیلمی بەڵگەنامەیی، دیمەنی ڤیدۆیی و ...
تاد، سەرەتا بە خستنەڕوی گرنگترین وێستگەكان و سروشتی بڵاوكراوە بینراوەكانی داعش
لە سەردەمە جیاوازەكان، دواتریش خستنەڕووی سیما و تایبەتمەندی ئەو بڵاوكراوانە،
ئەمەش یارمەتیدەرە لە تێگەیشتن و شیكردنەوەی ستراتیجی راگەیاندنی بینراوی داعش.
کلیک لێرە بکە
ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە