میلله‌ت
له شاری كابوڵی پایته‌ختی ئه‌فغانستان ژنان له دژی سه‌پاندنی باڵاپۆشی خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه سه‌ركوت كران.
ئاژانسی نۆڤۆستی روسی له زاری پهیامێنێرهكهیهوه بڵاویكرده‌وه كه له شاری كابوڵی پایته‌ختی ئه‌فغانستان، ژماره‌یه‌ك له ژنان وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك دژی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی فه‌رمان به چاكه و نه‌هی له خراپه‌ی تاڵیبان كه پێویسته ژنان باڵاپۆش بن و ده‌موچاویان بشارنه‌وه، چوونه سه‌رشه‌قامه‌كان و ده‌ستیان به خۆپیشاندان كرد.
یه‌كێك له ژنانی به‌شداربووی خۆپیشاندانه‌كه وتی: "له‌پێناو به‌رگریكردن له مافی ژنان خۆپیشاندان ده‌كه‌ین".
وتیشی: "هه‌رچه‌نده ناڕه‌زایی دهربڕینهكهمان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌یه، به‌ڵام له‌لایه‌ن تاڵیبانهو سه‌ركوت كراین".
به گوێره‌ی ئاژانسه روسییه‌كه، چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان غازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوه‌پێكردنی ژنه خۆپیشانده‌ره‌كان به‌كارهێنا.