بەرەو ھوشیاریەکی ئیسلامی ڕەسەن و کراوەتر

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

ئەبوبەکر عەلی

جیاکردنەوەی فیکری ئیسلامی لە خودی ئیسلام وەك ئایین، زۆر کێشەی فیکریمان بۆ چارەسەردەکات و وەڵامی زۆر پرسیاری نوێشمان بۆ دەداتەوە، لە وێنەی: چۆن بە ئایینێکی چەسپاو وەڵامی ژیان و واقیعێکی گۆڕاو بدەینەوە؟ چۆن ھەمان وەڵامی پێش دونیای نوێ، بۆ ئەو پرسیارانەی ژیان و شارستانێتی نوێ ھێناویانەتە کایەوە، دەبنە وەڵامگۆی چاوەڕوانییەکانی موسوڵمانی سەردەم؟

باوەڕبوون بە مافی ئیجتیھادو کراوەبوونی دەرگای تێگەیشتن و ھەڵێنجان و چارەسەری نوێ لە دەق و بنەماو بەھاکان، تا ڕۆژی قیامەت، ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەردەکات و لە چەقبەستوویی فیکری و دواکەوتوویی شارستانی ڕزگارمان دەکات. یاخود لانی کەم، ئەو بەش و ھۆکارانەمان بۆ چارەسەر دەکات و ناھێڵێت کە چەقبەستوویی ئایینی دروستیان دەکات و بە ناڕەوا ئایین دەکات بە گژی عەقڵ و واقیع و پێویستیەکانی نوێبونەوەی ژیان و شارستانییەت.

ئێمە بەدەر لە چەسپاوە ئیمانی و پەرستن و ئەخلاق و بەھاکان، دەتوانین بەڵکو پێویستە، خاوەن تێگەیشتن و فیکرو جۆری دینداری تایبەت بە خۆمان بین. ھەر لەو ڕوانگەشەوە، دیدێکی ڕەخنەگرانەمان بۆ کەلەپوری ئیسلامی ھەبێت و ئاستی سودلێوەرگرتنی بۆ ئێستای ئێمە، دەستنیشان بکەین.

لێرەشەوە، ئەوەی وەڵامی پرسیارە نوێکان دەداتەوە، عەقڵ و فیکری ئیسلامی ھاوچەرخە، نەك بە دەربڕنی خەلیفەی چوارەمی ڕاشیدین، کۆمەڵێ دەقی بێدەنگ. واتە، عەقڵی ئیسلامی ئامێر نییە بۆ لێدانەوەی ھەندێ دەق، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو وەرچەرخان و کودەتا گەورەی، لە ژیان و جیھاندا ڕوویداوەو دنیایەکی تەواو نوێی پڕ لە چاوەڕوانی و کێشەو تەحەدای لەگەڵ خۆیدا ھێناوەتە کایەوە، بەڵکو ئەوە واتە عەقڵە لە ڕوانگەی (عیللەت) و (حیکمەت ) و (مەبەستەکان)ی دەق و بوون و نەبوونی واقیعی لەخۆگرەوە، بڕیاری ئەوە دەدات، چ دەقێك سەبەب نزولی دووبارەی لە واقیعدا ھەیەو پێویستە دابەزێنرێت؟ ڕوحی دەق چیەو چۆن پێی دەگەین و لەگەڵیدا دەکەوینە گفتوگۆو ژیانی پێ جوانترو واقیعی پێ نەرمترو ئینسانیتر دەکەین؟ ئەو بنەماو ڕێسا گشتیانەی لە کۆی دەقەکان لە بوارێکدا بەدەست دێن کامانەن؟چۆن سودییان لێوەردەگیرێت بۆ وەڵامدانەوەیەکی ئوسوڵی بە کێشەو ئاریشەکان؟

لێرەشەوە، دواکەوتوویی واقیعی موسوڵمانان، پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە وەك ئایین و پەیام، بەڵکو پەیوەندی بە نوێنەبوونەوەی شارستانی و دواکەوتوویی ماددی و فەرھەنگی واقیعی ژیان و چەقبەستوویی و لاساییکردنەوەی فیکرو مەعریفەی دینیی و نوێنەبوونەوەی تێگەیشتنییان بۆ ئیسلام و ژیان و سەردەمی ئەوانەوە ھەیە. بەحوکمی ئەوەی، واقیعی دواکەوتووی شارستانی، توانای ئاراستەکردنی پرسیاری نوێی لە ئایین و عەقڵی ئیسلامی نیە. ئەوەش وا دەکات خستنەڕووی تێگەیشتنی نوێ بە پێویست نەزانرێت. ھەر ئەمەش لە پاڵ ھەندێ ڕواڵەتی فەوزای فتوا، لە پشت بانگەشەی ناڕاستی داخستنی دەرگای ئیجتیھادو ئەو گوتەزا ترسناکەوە بوو کە دەیوت (پێشینەکان ھیچییان بۆ وتن بۆ پاشینەکان بەجێنھێشتووە) کە ئەوەش یەکسان بوو بە جاڕدانی دەستلەکارکێشانەوەی عەقڵ و داڕوخان و پاشەکشەی شارستانی.

ئەوەی بەھاکانی ئایین لە کات و شوێن و قۆناغە مێژوویی و شارستانییە جیاوازەکان دەپارێزێت و کارایان دەکات، فیکری ئیسلامی رەسەن و کراوەو ژیاندۆست و ئەخلاقیە، چونکە سازگاری لە نێوان بەھاو بنەماکانی ئیسلام و سەردەم و واقیعە گۆڕاوەکاندا دروستدەکات و ڕێگە لە پەراوێزکەوتن، یاخود بەریەککەوتنی توندیان دەگرێت، کە توندڕەوی و خوێنڕێژی بە ناوی ئایینەوە لێدەکەوێتەوە.

زۆرترین خوێنراو