بەغدادی و قوڕەیشی، لەڕووی بیرەوە، نەکوژراون

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

حەسەن یاسین

بەرەبەیانی ٣ی ئەم مانگە (شوباتی ٢٠٢٢ ) لە ناوچەی باکوری رۆژئاوای سوریا، لەنزیک ئیدلب، ئەبو ئیبراهیمی قوڕەیشی، خەلیفەی داعش، کە تورکمانێکی تەلعەفەریی کوردستانی  عیراقە و هەرگیز خۆی بە کوردستانی نەدەزانی، بەهەمان شێوەی ئەبوبەکری بەغدادی، پاش لەئاسمانەوە دابەزاندنی تیمێکی سەربازیی کۆماندۆسی ئەمریکایی، خۆی تەقاندەوە و چوار ژن و پۆلێک منداڵی، لەخیزانەکەی خۆی، کوشت و نەیهێشت بەزیندوێتی، نە خۆی و نەهیچ ژنێک لە چوار ژنەکەی یان مناڵەکانی، بکەوێتە دەست ئەمریکاییەکان!

کاربەدەستانی  داعش، بەبەردەوامی پشتێنێکی پڕ لە تەقەمەنی، بەخۆیانەوە دەبەستن، تا لەهەر چرکەیەکدا لێیانقەوما، خۆیان بتەقێننەوە و هەلی بەزیندوێتی کەوتنەدەست، لە دوژمنەکانیان بستێننەوە، ئەمەش خەسڵەتی داعش و گروپەکانی توندڕەوی رادیکاڵی چەکدارە و تا بۆیان بکرێ ناهێڵن، نهێنییەکانیان، لەڕێگەی گیرانی کاربەدەستەکانیانەوە، بکەوێتەدەست دوژمنانیان.

کوژرانی قوڕيشیی خەلیفەی داعش، جێگەی دڵخۆشییە و مەزڵوم عەبدی لە تویتێکدا گوتی لەڕێگەی هاوبەشیی پتەومانەوە (لەگەڵ ئەمریکا)، سەرکەوتین لەوەی سەرلەنوێ لەدڵی داعشماندا، تا ئەو ١٢١ کەسەی لە هێرشەکەی داعش بۆ سەر حەسەکە شەهیدبوون، بەئاشتی لەگۆڕەکانیان، بەیەکجاری بنوون. بەهەمان شێوەی عەبدی، بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و هەموو لێپرسراوانی حکومەتیی ناوچەکە، خۆشحاڵیی خۆیان بە کوژرانی خەلیفەی داعش، دەربڕی و هەر بە راستیش زەبروەشاندن لە داعش و کوشتنی خەلیفەی داعش، یان ناچارکردنی کە خۆی بکوژێ، جگە لەوەی بەری رەنجی درێژخایەنی جێبەجێکردنی پلانێکی بەدواداچوونی هەواڵگریی قەسەدە و ئەمریکایە، جێگەی دڵخۆشیشە، چونکە بمانەوێ یان نا، بۆ ماوەیەکی کاتی، کاریگەریی بەسەر کار و کردارە خوێنڕێژییەکانی داعشەوە دەبێت، بەتایبەت کە قوڕيشی (کە ناوی زۆرە و لێرە نامەوێ ناوەکانی ریز بکەم)، سەرکردەیەکی زۆر کاریگەربوو و لەگەڵ بەغدادی و چەند توندڕەوێکیتری ئیسلامیی هاوبیریان، دامەزرێنی داعشن و خۆی تواناترین سەرکردەی داعش بوو لەڕووی کاری سەربازی و پلانڕێژیی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوە و هێرشی خۆکوژی و ماوەیەکی زۆریش قازیی شەرعیی داعش بوو، بەهۆی فەتواکانیەوە زۆرترین خەڵک بوونەتە قوربانی و خوێنیان لەلایەن ئەندامانی چەکدار و خۆتەقێنی داعشەوە، حەڵاڵکرا !

بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە و پێشتریش باسمکردووە و دەبێ بەبەردەوامیش باسی بکەین ئەوەیە داعش بەزەبری هێز تێکدەشکێ، بەس لەناوناچێ.

ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا و کاریگەریی زۆربوو لەسەر شکاندنی هیممەتی چەکدارانی داعش، بەڵام نەبووە هۆی پەکخستنی کارە تیرۆریستییەکانیان و داعش و چەکدارە پارتیزانەکانیان بەردەوامبوون لەکارەکانیان و قوڕەیشی جێگەی گرتەوە و بوو بە خەلیفە!

وا لەئۆپەراسیۆنێکی ئازایانەی تیمێکی هاوبەشی شەڕڤانان و کۆماندۆسی ئەمریکا، قوڕەیشیش لەناوچوو، کەچی بەدڵنیاییەوە و بەداخەوە، داعش هەر ماوە و دوو رۆژیتر، یان مانگێکیتر، یان سێ مانگیتر، یەکێکیتر، جێگەی قوڕەیشی دەگرێتەوە. قوڕەیشی لە بەغدادی دڕندەتربوو، رەنگە جێگرەوەکەی، لەویش دڕندەتربێ و ناچاربین لەسەر کێشی پەندە کوردییەکە کە دەڵی سەد خۆزگەمان بە کفندز، ناچاربین لەبەر خۆمانەوە یان لەدڵەوە بڵێین سەد خۆزگەمان بە قوڕيشی!

داعش، ئەگەرچی زۆر لایەن، بەهەر شێوەیەک بووبێ، کلیان تێوەرداوە و سودیان لێبینیوە، بەڵام لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی ئیسلامی سیاسیی سوننەی رادیکاڵە و  هەیە و دەمێنێ تا کار لەسەر پەکخستنی عەقیدە و فیکر نەکرێ، ئەویش لەڕێگەی چاکسازیی پەروەردە و فێرکردنەوە و سەرەتاکەشی لە باخچەی ساوایانەوە دەستپێبکا و پێش ئەوەش ستافی فێرکردن سەرلەنوێ و بەجیدی چاکسازییان تێدابکرێ و تەتەڵە بکرێن و وایان لێبکرێ شیاوی ئەوە بن بتوانن سەردەمیانە مناڵان فێربکەن و پەروەردەیان بکەن. خاڵیتریش زۆرن باسیان بکەم، بەس لێرەدا جێیان نابێتەوە، بۆیە تەنیا دەڵێم فیکری داعش، بەداخەوە، لەناوماندایە،  با خۆمان راتەکێنین و چاکسازی بکەین و لە خۆمانەوە و لە تاکەوە دەستپێبکەین!  

زۆرترین خوێنراو