داعش چۆن مامەڵە لەگەڵ كوژرانی قرشی دەكات؟

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

ئیدریس سیوەیلی

رۆژی 3 شوباتی 2022 جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كوژرانی ئەبوئیبراهیم هاشمی قرشی (محەمەد سەعدی عەبدوڕەحمان مەولا) خەلیفەی راگەیاند، كە لە هەڵمەتێكی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری سوریا لەناو خانویەكی سێ نهۆمیدا بووە.

هەرچەندە تا نووسینی ئەم راپۆرتە داعش بە فەڕمی كوژرانی خەلیفەی رانەگەیاندوە، لە كاتی كوژرانی خەلیفەی یەكەم (ئەبوبەكر بەغدادی) دوای چوار رۆژ لە زمان وتەبێژەكەی داعش كوژرانی خەلیفە راگەیەنرا، تا ئێستاش سەكۆكانی راگەیاندنی داعش لە تۆڕە جیاوازەكان هاوشێوەی پێشتر بەردەوامن لە بڵاوكردنەوە و گرنگیپێدانی چالاكییەكانی رێكخراوەكە لە ناوچە جیاوازەكان.

دوای دەستگرتن بەسەر باغۆز دوا پیگەی داعش لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ئازاری 2019، خەلیفەی ئەوكاتەی داعش ئەبوبەكر بەغدادی خۆی حەشاردا، تا لە تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە لە باكوری سوریا كوژرا، دوای ئەو ئەبوئیبراهیم هاشمی قرشی بووە خەلیفە، قرشی یەكێك بوو لەوانەی فەتوای بەكەنیزەكردنی ئێزییەكان و كوشتنی ئەوانەی داوە كە بە تەواوی پەیوەست نابن بە داعشەوە و دەستبەرداری دەبن. خەلیفەی یەكەم كە لە 2014 خیلافەتی راگەیاند تا 2019 ناوچەیەكی جوگرافی لەبندەستبوو حوكمڕانی دەكرد، بەڵام دوای گیرانی باغۆز خیلافەت و خەلیفەی داعش بەشێوەیەكی گریمانەییی بوو، چونكە هیچ ناوچەیەكی جوگرافی لەبندەست نەما، پەیڕەوی لە ستراتیجی لامەركەزی لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكان دەكرد، سەردەمی قرشی هەمان شت درێژەی هەبوو.

بە بڕوای بەشێك لە چاودێران كوژرانی قرشی سەركەوتنێكی تری مەعنەوی هێزەكانی ئەمەریكایە بەسەر داعشدا، رەنگە جۆرێك لە لێكترازانیش لەناو ریزەكانی داعش لەسەر دیاریكردنی خەلیفەی نوێ دروستبكات، بەڵام كاریگەریی كوژرانی خەلیفەی دووەم كەمترە لە كاریگەری كوژرانی خەلیفەی یەكەمی داعش ئەبوبەكر بەغدادی، هەرچەندە  كوژرانی قرشی لە رووی مەعنەویەوە كاریگەری لەسەر داعش هەیە، چونكە سیمبولی خیلافەتەكەیان بوو، بەڵام بەوپێیەی دوای نەمانی خیلافەت لە واقیعدا داعش پەیڕەوی لە شەڕی پارتیزانی و لێدەو هەڵی و سیستمی لامەركەزی لە بڕیارداندا دەكات، بۆیە سەركردە ناوچەییەكان خۆیان بڕیار لە چالاكییەكانیان دەدەن، رەنگە كوژرانی ناوبراو كاریگەرییەكەی لەسەر چالاكییەكانی داعش زۆر سنورداربێت.

بە بڕوای مستەفا زەهران توێژەر لە بواری بزاوتە ئیسلامییەكان، كوژرانی سەركردەكان بۆتە شتێكی نەریتی و كاریگەری گەورە ناكاتە سەر ستراتیج و ئاستی بەرەوپێشچوونی كارەكان و تەنانەت رێگوزەری داهاتووش، رێكخراوە تیرۆریستییەكان مامەڵەیەكی سروشتی لەگەڵ كوژرانی سەركردەكانیان دەكەن، هەرچەندە هەر سەركردەیەك دیدی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ستراتیجی كاری رێكخراوەكە، بەغدادی دیدی جیاواز بوو لە قرشی، بەڵام كوژرانیان نابێتە هۆكاری توانەوەی رێكخراوەكە.، بەڵام ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەك چالاكی كەم ببێت تا لە سایەی رێبەری نوێدا سیاسەت و ستراتیجی خۆی دادەرێژێتەوە.
دوای  كوژرانی بەغدادی جۆرێك لە شپرزەیی باڵی بەسەر چالاكی داعشدا كێشا، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت زیاتر لە هەفتەیەك بەسەر كوژرانی خەلیفەی دووەم تێپەریوە كەچی هێشتا رێكخراوەكە پشتراستی نەكردوەتەوە و شانەكانیشی هاوشێوەی پێشتر لە چالاكی بەردەوامن، ئەمەش چەند ئاماژەیەك لەخۆدەگرێت، لەوانە:

1-بەردەوامی لقەكانی رێكخراوەكە لە كاری تیرۆریستی: لە سێ رۆژی دوای راگەیاندنی قرشی، داعش 12 هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە، كردەوە تیرۆریستییەكان لە وڵاتانی ئەفەریقا، عێراق، سوریا و ئەفغانستان ئەنجامدراون لەلایەن لقەكانی رێكخراوەكەوە.

2-بەردەوامی ستراتیجی هێرشكردنە سەر بەندیخانەكان، رۆژێك دوای راگەیاندنی كوژرانی قرشی، داعش هێرشی كردە سەر بەندیخانەیەك لە وڵاتی كۆنگۆ و 20 زیندانی ئەندامی داعشی رزگاركرد، ئەمە درێژكراوەی هەمان ئەو ستراتیجەیە كە داعش پەیڕەوی لێدەكات و مانگی رابردوش لە سوریا هێرشی كردە سەر بەندیخانەی غوەیران لە حەسەكە بە ئامانجی رزگاركردنی زیندانیانی داعش و رێكخستنەوەی ریزەكانی.

3-بەردەوامی چالاكیی راگەیاندنی داعش، لە چەند رۆژی رابردوو ناوەندەكانی راگەیاندنی داعش هاوشێوەی رابردوو بەردەوامبوون لە بڵاوكردنەوەی چالاكیی لقەكانی رێكخراوەكە، هاوكات هەفتەنامەی (نەبەء) زمانحاڵی رێكخراوەكە بەردەوامە، ئەمە سەرەڕای ئالاكیی ئەندامەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگەكانی ئینتەرنێت.

4-بڵاوكردنەوەی پەیامی ناڕاستەوخۆ دەربارەی بەردەوامی كاری رێكخراوەكە، هەندێك سەكۆی راگەیاندنی رێكخراوەكە بەشێك لە لێدوانەكانی وتەبێژی پێشوتری داعش ئەبومحەمەد عەدنانی بڵاودەكەنەوە سەبارەت بە بەردەوامی چالاكییان بەشێوەی جۆراوجۆر.

بە گشتیی داعش بە ساردوسڕی  مامەڵەی لەگەڵ كوژرانی خەلیفەی دووەمی رێكخراوەكە كردوە، پێچەوانەی كوژرانی خەلیفەی یەكەم كە رەنگدانەوەی زۆری هەبوو لەسەر گوتار و بونیاد و ستراتیجی رێكخراوەكە.

 

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین خوێنراو