نووسینی/ جۆست هیلتەرمان
بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا له گرووپی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
بەیانییەکی هاوینی ساڵی 2003
بوو تازە لە عێراق گەڕابوومەوە، کە لە مانگی نیسانەوە له ژێر دەستی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مەریكا بوو. ئارسەری هاوڕێم
تەلەفۆنی بۆ کردم کە نزیكه‌ی ده ساڵ پێش من ئەو سەرۆکی بەرنامەی پەنابەران بوو لە
لیژنەی پارێزەران بۆ مافەکانی مرۆڤ، من و ئەو پێکەوە گەشتمان کردبوو بۆ عێراق و ئێران
و تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە لە قەیرانی پەنابەران لە دوای جەنگی کەنداوی 1990-1991. پێی
وتم ده‌یه‌وێت جارێكی تر بچێتەوه بەغدا بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە چارەسەرکردن و
خستنه‌ڕووی تێچوو و قوربانییه مرۆییه‌كان جه‌نگه نوێیه‌كان. هه‌روه‌ها پرسیاری لێکردم
کە ئایا پێویسته جلێکی گولـلە نه‌بڕ له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت؟ ئێمە لە گرووپی قەیران بە
پشت بەستن بە به‌دواداچوونه‌كانم لە ماوەی دوو سه‌فه‌رم بۆ ئه‌و وڵاته لە دوای
داگیرکردنی ئەمەریکاوە ئاگادارمان کردەوە دەربارەی یاخیبوونی چه‌كداری و ناجێگیر لە
عێراق. بەڵام بارودۆخی به‌غداش ئەگەر شپرزە بێت هێشتا ئارام بوو بەراورد بەو شتەی
کە ئێمە نەمانزانی بەمزوانە ڕووده‌ده‌ن، بۆیه پێم وت کە جلی گولـله‌نه‌بڕی پێویست
نابێت.
مانگێک دواتر ئارسەر لە نووسینگەی
سێرجیۆ ڤییرا دی مێللۆ نوێنەری تایبەتی نه‌ته‌وه
یه‌كگرتووه‌كان دانیشتبوو کاتێک بارهەڵگرێکی بۆمب ڕێژكراو خۆی كرد به ناو بارەگای ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا له هۆتێل
قه‌نات و ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گەورە دروستکرد کە هەردوو پیاوەکەی و بیست کەسی دیکەی
کوشت. من هەوڵدەدەم ویژدانم بە بیرکردنەوە لە جلی گوللـه نه‌بڕ ڕزگاربكه‌م كه
هاوڕێکەمی نه‌پاراست، بەڵام هەرگیز دڵنیانیم كه ئاخۆ ده‌یپاراست، یان نا.
تەقینەوەی خۆکوژی هۆتێلی قه‌نات
یەکەم هێرشی لەو جۆرە بوو لە عێراق دوای ڕووخانی سەدام حسێن ڕووبدات، كه بەرپرسیارێتی
ئه‌نجامدانی له‌لایه‌ن گه‌وره تیرۆریست ئەبو موسعەبی زەرقاوی هه‌ڵگیرا، كه
تاوانبارێكی بچووكی ئوردنی بوو لە زیندان په‌یوه‌ندی به گرووپی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌وه
كردبوو و دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە هاته عێراق، ئه‌میش هاوشێوه‌ی
ئه‌و چه‌كداره ئیسلامیانه‌ی كه له جیهانی ئیسلامییه‌وه ڕوویانكرده ئه‌فغانستان
له‌كاتی داگیركردنی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤێته‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدا
دوو ساڵ له‌وه‌وپێش ڕێكخراوی قاعیدە خۆی وەک براندێكی تیرۆریستی جیهانی ناساند به
ئه‌نجامدانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لە ئەمەریکا و به ئامانج گرتنی دوژمنه دووره‌كه‌ی خۆی - وڵاته ڕۆژئاواییەکان
- بە شێوازێكی تایبه‌ت.
یەکەمجار ئەمەریکا بە داگیرکردنی
ئەفغانستان وەڵامی هێرشه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ی لە نیویۆرک و واشنتن دایەوە،
چونكه له‌و وڵاته‌دا كه تاڵیبان تیایدا دەسەڵاتداربوو داڵدەی ئوسامە بن لادن و ڕێكخراوه‌كه‌یان
دابوو، دواتریش ئه‌مەریكا عێراقی ڕووخاند. هه‌رچه‌نده پەیوەندی نێوان قاعیدە و عێراق
زۆر ڕوون نەبوو، هه‌روه‌ك دواتر ئاشكرابوو كه په‌یوه‌ندییه‌كی له‌وجۆره هه‌ربوونی
نه‌بووه، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه تا ئه‌مەریكا وڵاته‌كه‌ی داگیركرد و بووه‌هۆی هاتنی
چه‌كداره جیهادییه‌كان بۆ عێراق. بۆیه ئه‌و بارودۆخه دیاریكراوه‌ی كه باڵی به‌سه‌رعێراقدا
كێشا به‌هۆی داگیرکارییەکانی ئەمەریکا و ململانێ تائیفییه دوورودرێژەکانی نێوان
گرووپ و مه‌زهه‌به ئاینییەکانی عێراقه‌وه، ڕێگەی بە زەرقاوی دا کە پێگه‌یه‌كی به‌هێز
بۆ ڕێكخراوی ئه‌لقاعیدە دروستبکات، كه لقێكی ئه‌و ڕێكخراوه بوو زیاتر تێوه‌گلا
له ململانێ تائیفییه‌كان كه جیاوازتر بوو له ئه‌لقاعیده‌ی ئوسامه بن لادن، كه
زیاتر ئامانج لێی كوشتنی شیعه‌كان بوو.
زەرقاوی پێیوابوو كه شیعەکان
گرووپێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه و یاخیبوون له ئایین، کە بیرۆکەیەکی ڕادیکاڵی بوو تا ئه‌و
کاتە لەلایەن سوننەکانی عێراقەوە بەگشتی قبوڵ نه‌كرابوو. بەڵام زه‌رقاوی توانی
پشتگیری سوننەکان کۆبکاتەوە بەهۆی به‌هێزی مه‌یلی دژایه‌تی سوننە بۆ ئێران و ئەو بیروباوه‌ڕه‌ی
کە شیعەکان لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵانی 1980دا وه‌ك دۆزی هاوبەشیان
دژی عێراق دروستیان كرد.
لە ماوەی ساڵێکدا ئەو یاخیبوونە
چه‌كداریانه‌ی کە گرووپی قەیرانەکان بینیان گه‌یشته به‌رزترین ئاست، کە ئامانجی سەرەکی
لێی لێدان بوو لە سەربازانی ئەمەریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. بەڵام گرووپەكهی
زەرقاوی کە جه‌وهه‌ری ڕێكخراوی ئه‌لقاعیدە بوو به‌هۆی تێڕوانیان له دژایه‌تیكردنی
ئازاد و به‌كارهێنانی پرسی تائیفه‌گه‌ریی، دەستیان بەسەر بەشێکی زۆر لە یاخیبوونە
چه‌كدارییه‌كانی سوننه له عێراقدا گرت و بە تەواوی کردیان بە شتێکی تر. بۆیه بە
ئامانجگرتنی پیاوانی ئایینی شیعە و حسێنیە و مهزرگهكانی شیعه و بازاڕە قەرەباڵغەکان
لە گەڕەکە شیعە نشینه‌كان ئه‌و به‌ڵێنانه بوون كه قاعیدە نوێیەكه‌ی عێراق (AQI) دای تا عێراقی
خستە ناو شەڕێکی چەپەڵی مەزهەبییەوە. له‌به‌رامبه‌ردا میلیشیا شیعەکان کە هەندێک
له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كران بە جۆرێک وەڵامی ئەو کوشتارانه‌ی ڕێكخراوی
ئه‌لقاعیده‌یان دایه‌وه، كه نه‌ك ته‌نها هێرشیان ده‌كرده سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی
كه گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرد له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده بێت، بەڵکو ته‌نانه‌ت
به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانیش هێرشیان ده‌كرده سه‌ر هاوڵاتیانی سوننە له ناوچه‌كانی
ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕەنگە ئەو شەڕە
تەنانەت بە بێ بوونی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق هه‌ر ڕووی بدایه، ئه‌ویش
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه ڕژێمی سه‌دام حسێن كه له‌لایه‌ن ئه‌مەریكاوه ڕووخێنرا
به‌شێك بوو له كۆمه‌ڵگه‌ی سوننی، كه شیعه‌ی عێراق وه‌ك ڕژێمی چه‌وسێنه‌ر و سه‌ركوتكار
لێی ده‌ڕوانی، ئه‌مه‌ش ئه‌و حیكایهتهیه كه ده‌سته‌بژێری نوێی حوكمڕانی شیعه
له عێراق كه‌مترین هه‌وڵیانداوه بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی
و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی. بەڵام هاوكات ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق بە دڵنیاییەوە
هه‌مان دیسكۆرسی په‌ره‌پێدا له‌ناو پێكهاته‌ی سوننه بۆ دژایه‌تیكردنی شیعه كه
بووه هۆی به‌نزین كردن به ئاگره‌كه‌دا.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی تائیفیدا،
کۆمەڵگای عێراق لە كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هەمەجۆرەوە
گۆڕا بۆ بە كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی قووڵی دابه‌شبوو، ئه‌ویش گۆڕانێک بوو كه پێش هه‌موو شتێك
عێراقییه‌كان له ڕێگه‌یه‌وه خۆیان پێناسە ده‌کرد (كه ئه‌ویش شووناسی تائیفی و
مه‌زهه‌بی خۆیان بوو). جگە لە سەردانەکانم بۆ عێراق، له ژمارەیەک ۆرک شۆپ لەگەڵ عێراقییەکان
لە عەممان و دواتر شوێنی خۆمان ئامادە بووم. پێش ساڵی 2005 ئەم عیراقیانە کە بە شێوەیەکی
سەرەکی له سیاسەتمەداران و كه‌سانی تەکنۆکرات و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێكهاتبوون
به‌رده‌وام خۆیان وەک عێراقی دەناساند، به‌ڵام دواتر لەناکاو دەستیانكرد به ناساندی خۆیان و ئه‌وانی تریش وه‌ك سوننه
و شیعه (لێره‌وه شووناسی عێراقی بوون له‌لای سیاسی و كه‌سانی ته‌كنۆكرات و
چالاكوانانی مه‌ده‌نی گۆڕدرا به شووناسی تائیفی و مه‌زهه‌بی).
لە ساڵی 2006دا هێزه‌كانی ئەمەریکا
لە ئۆپەراسیۆنێکی کۆماندۆدا ئه‌بو موسعه‌ب زەرقاوی سه‌رۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی
عێراقی کوشت، كه وایكرده ڕێكخراوه‌كه نه‌توانێت هه‌مان هێز و توانای پێشووی به‌ده‌ست
بهێنێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێكخراوه‌كه له‌ناو نه‌چوو، بەڵام وه‌ك
گرووپێكی چه‌كداری تیرۆریستی یاخیبووی جیهانی مایه‌وه كه خۆیان له ناوچه ده‌شتایی
و چۆڵه‌كان دهشاردهوە، تەنها بۆ لاوازکردنی ورەی هێزه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌ت لە
ڕێگەی هێرشی چه‌كداری شەوانە بۆ سەر بازگەکان، بۆسه‌دانان هێزه ئه‌منییه ئێشکگرهكان
كه هاتووچۆیان ده‌كرد ده‌رده‌كه‌وتن، هەندێکجاریش هێرشیان ده‌کرده سه‌ر ناوچە
شارنشینەکان. بەڵام زیانەکانی ئه‌و هێرشه تیرۆریستیانه هه‌میشه به‌ر کۆمەڵگای عێراقی
ده‌كه‌وت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کوشتارە مەزهەبییەکان له عێراق تەنانەت بەبێ هێرشه
تیرۆریستییه خوێناوییەکانی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق بەردەوام بوو، له ئێستاشدا
ئه‌و مه‌یله كوشتارییه مه‌زهه‌بییه له‌لای میلیشیا شیعەکان زاڵە.
شەڕ و پێكدادانه‌كان به درێژایی
ناوچە تێکەڵنشینهكان له پێكهاته‌ی سووننە و شیعە بۆ ماوەی نزیكه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام
بوو تا ئەوكاتهی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا لە ڕێگەی ڕێبازێکی سەربازی نوێ
به‌هێز و خێراوه به‌ناوی "پەڕینەوەی" توانی سه‌ركه‌وتوو بێت له گه‌ڕانه‌وه‌ی نۆرماڵیتی و سه‌پاندنی حوكمی ده‌وڵه‌ت و كۆكردنه‌وه‌ی
گرووپ و عەشایەرە سووننەکان (به‌مه‌به‌ستی ڕێگرتن و كۆتاییهێنان به شه‌پۆلی به‌هێزی
پێكدادانه تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كان و قۆستنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه له‌لایه‌ن گرووپه
تیرۆریستییه‌كانه‌وه). ئه‌م گرووپ و عه‌شایره سوننانه‌ی هاندان بۆ شەڕكردن دژی ڕێكخراوی
تیرۆریستی ئه‌لقاعیده له عێراق و ئه‌و گرووپ و ناوچه سوننانه‌ی كه نایه‌نه ژێر
ئیراده‌ی ئه‌وانه‌وه.
دواتر لە ساڵی 2012 پاشماوەکانی
ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق هەڵاتن بۆ سوریا بۆ به‌شداریكردن لە شەڕی ناوخۆی ئه‌و
وڵاته و بنیادنانه‌وه‌ی خۆیان وەک وەشانێکی تری نوێی قاعیدە. دوای گه‌یشتنیان به
سوریا هه‌رزوو له ڕێكخراوه‌ی دایكیان (رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی جیهانی) جیابوونه‌وه
و ڕێكخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش)یان دامه‌زراند و
به‌شێكی به‌رچاوی باكووری سوریایان داگیركرد، كه به‌شێوه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌ری و دڕندانه
حوكمی ئه‌و ناوچانه‌یان ده‌كرد پێش ئه‌وه‌ی به سه‌ركه‌وتوویی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق
له ئایاری 2014. پاشان دامەزراندنی خیلافەتێکی نوێیان لەو ناوچانەی ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت
ڕاگەیاند کە بە "ڕزگارکردن" لە دەست بەغدا ناویان ده‌برد.
بە کورتی، داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن
ئەمەریکا، دڕندەیەک (رێكخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی)ی دروستکرد. ئه‌و دڕنده‌یه‌ش
لەلایەن زۆرێکەوە (گرووپ و عه‌شایره سوننه‌كانه‌وه) پێشوازی لێ‌کرا بۆ ڕوخاندنی دیکتاتۆرێکی
ترسناک (حوكمی شیعه له عێراق). پاشان هێزەکانی ئەمەریکا و دەسەڵاتی کاتی هاوپه‌یمانان
(CPA) بەخێرایی شهعبیهت و پشتیوانی خه‌ڵكیان له‌ده‌ستدا به‌هۆی بێتوانایی
و بێئیرادهییان بۆ سەپاندنی ئاسایش، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای پێشووی عێراق، قه‌ده‌غه‌كردنی
حزبی به‌عس، هێنانه پێشه‌وه و پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌و كه‌سایه‌تی و سیاسییه عێراقیانه‌ی
كه له‌سه‌رده‌می حزبی به‌عس ده‌ركرابوون له وڵات، موماره‌سه‌كردنی حوكم و ده‌سه‌ڵات
له‌ده‌ست گرووپێكی دیاریكراو و داروده‌سته‌كه‌یان (كه ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان
ئه‌م مۆدێله حوكمڕانییه‌ی زیاتر قووڵكردهوه)، هه‌روه‌ها بێ ئه‌رزشكردنی ڕۆڵی
دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانی له عێراق، كه ته‌نانه‌ت دوای حوكمی توندوتیژ ئامێزی ڕژێمی
سه‌دام حسێن هێشتا ده‌یانتوانی ئه‌ركی خۆیان ڕاپه‌ڕێنن.
تەنانەت دوای هەڵوەشانەوەی ده‌سه‌ڵاتی
كاتی هاوپه‌یمانان و ڕادەستکردنی دەسەڵات بە حکومەتێکی کاتی عێراق لە ساڵی 2004دا،
هێشتا بوونی ئەمەریکا له عێراق په‌سه‌ند نه‌بوو و به‌شێوه‌یه‌كی چالاک دژایه‌تی ده‌كرا
لە لایەن ئەو کەس و گرووپانه‌ی کە هەستیان دەکرد نادادیان به‌رامبه‌ركراوه، چونكه
پێشتر هاوکاری ڕژێمی سەدام بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا خۆیان به بێ تاوان ده‌ناساند.
بۆیه به‌نیسبه‌ت ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق ئه‌و بارودۆخه‌ی عێراق کەشێکی
تەواو له‌باربوو کە تێیدا گەشە بکات، سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر کینە و غەم و پەژارەی
گرووپێك دژ به گرووپێكی تر بكات.
بە تێپەڕبوونی کات، چه‌كداره تیرۆریستییه‌كانی
عێراق ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی عێراقدا. كه سەرکردایەتی گرووپه‌كه
کۆمه‌ڵێك تیرۆریستی عێراقی خاوەنی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشاوە بوون، کە به‌شێوه‌یه‌كی
به‌شه‌كی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای دینی دامەزرابوو ( كه هەندێک پێیانوابوو دیدوبۆچوونهكانیان
له‌سه‌ر بنه‌مای لێكدانه‌وه‌ی به‌رته‌سكی ئیسلامی سوننی و شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی بنیادنرابوو).
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه پێكردنه
زۆرێک لە ئه‌ندام و کادرە باڵاکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی
ڕژێمی له‌كار لادراوی سه‌دام حسێنه‌وه هاتوون. له‌ئێستاشدا دوای شکستی داعش و نه‌مانی
ناوچه‌ی جوگرافی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی له هه‌ریه‌ك لە عێراق و سوریا، چه‌كدار و
پاشماوەکانی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ یاریکردنه درێژخایه‌نه‌كه‌ی
خۆیان، كه یاخیبوونی چه‌كداری و تهمهڕوودی كلاسیكی خۆیانە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی
ده‌وڵه‌ت جموجۆڵی چه‌كداری ده‌كه‌ن و گێچەڵی به‌رده‌وام به هێزە ئه‌منییه‌كانی
حکومه‌ت ده‌كه‌ن له ڕێگه‌ی هێرشی چه‌كداری ناڕێكخراو به ئامانجی دووباره بنیاتنانەوەی
ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن خیلافه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
چارەنووسی ڕێكخراوی تیرۆریستی
ئه‌لقاعیده‌ی عێراق و ڕێكخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام
(داعش) کەمتر جێگه‌ی گرنگی پێدانه به‌راود به‌و پەیامەی له‌كاتی دەرکەوتنیان به
گوێی جیهانیاندا دا. چونكه ئایدیۆلۆجیا ژههراوییهكهیان و چه‌كداره توندوتیژ و
پهڕگیرهکانیان هێشتا له ناوچه‌كه بوونیان هه‌یه، بەڵام ته‌نها پێویستیان بە
كه‌شێكی له‌باره بۆ دووباره سهرهەڵدانهوه. داگیرکردنی عێراق و بوون به وڵاتێكی
له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده ڕه‌خساند. سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه‌ی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا په‌یڕه‌وی سیاسەتێکی ژیرانەی كرد له‌ڕێی
جه‌ختكردنه‌سه‌ر بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوچه‌رخ وه‌ك له خۆ خه‌ریككردن به ڕزگابوون
له دووژمنێكی ناقایل، به‌ڵام هێشتا ڕەنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی كۆتایی له ململانێدایه.
بەڵام سەرەڕای هەموو ناڕەزاییەکانی، هێشتا هێنانی دیموکراسی بۆ عێراق هەرگیز تەوەری
جه‌وهه‌ری گرنگی پێدانی ئه‌مەریكا نه‌بووه، هه‌ربۆیه‌ش ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی
عێراق له‌و گێژاو و فه‌وزایه‌دا سه‌ریهه‌ڵدا كه داگیركردنی عێراق به‌رهه‌میهێنا.
پرۆژه‌ی ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی
ئەمەریکا لە عێراق قه‌ناعه‌ت پێكهرنهبوو، ته‌نانه‌ت زۆر به خراپیش خرایه‌بواری
جێبه‌جێكردنه‌وه. به‌جۆرێك ڕێگەی دا به‌گرتنه‌به‌ری هەندێک ڕێوشوێنی دیموکراسی، بەڵام
ئەمانە بوونه قوربانی ئەو گەندەڵییە به‌ربڵاوه‌ی كه سه‌رتاپای وڵاتی ته‌نی. بۆیه
له‌و كاته‌دا وتم و ئێستاش بڕوای به‌هێزم به‌وه‌یه كه دیموكراسی هەرگیز نەیده‌توانی
سەرکەوتوو بێت، تەنانەت به‌بوونی سەرچاوە زۆر و پسپۆڕی باشتر و ئیرادی گەورەتریش.
ئەوەندەی حکومەتی وڵاتانی ناوچه‌كه به‌هۆی هاوار و داواكاری چاکسازییه‌وه له‌كار
لابراوان، ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاته خۆسەپێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستی دەرەکی
له ده‌سه‌ڵات دوورنه‌خراونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له ڕێگه‌ی پیلانی نیمچه ئاشكرا
کە پشت بە خوێندنەوەی مێژووی دیاریكراو،
به سیاسیكردنی جیاوازییه ئەتنیی و ئایینییه‌كان و هاندانی گرووپێك به‌سه‌ر گرووپێكی
تردا نهبێستێت. هه‌موو ئه‌مه‌ش ئه‌و بارودۆخه لهبارهبوو كه تیایدا زهرهقاوی
و چه‌ته‌كانی تیایدا سه‌ریانهه‌ڵدا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی عێراقییه‌كان
له ناخه‌وه ئاسووده‌ن به ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن و تەنانەت زۆربه‌شیان هێشتا
نایانەوێت شتێکی وەک ئەو بگەڕێتەوە، به‌ڵام لەڕوانگەی ستراتیژی باڵای ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی
ئەمەریکاوە، جه‌نگی عێراق کارێکی بێ پاساوی بوو كه به‌زیانی خۆیان شكایه‌وه. داگیركردنی
عێراق وەڵامێکی هه‌ڵه بوو بۆ هێرشەکانی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ
یەکێک لە ڕێکخەران و ئەنجامدەران هێرشه تیرۆریستییه‌كه هیچ پەیوەندییەکیان بە عێراقەوە
نەبوو. به‌ڵكو ته‌نها حاڵەتێکی له‌خۆباییبوون بوو، کە تمووحی بە گرووپێکی جیهادیی
به‌خشی بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر سیمبولی هێزی ئەمەریکا و هەلی دروستکردنی چەندین
تیرۆریستی وەک زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و
لە دەرەوی ناوچه‌كه ڕه‌خساند. زیاتر له‌وه‌ش ئه‌و جه‌نگه بووه هۆی به بهرداكردنهوهی
ژیانێكی نوێ به جیهادیزمی جیهانی به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی پێگه و په‌ناگه‌ی خۆیان
له ئه‌فغانستان له ده‌ستدا و له ڕاكردن و په‌رت و بڵاوبووندا بوون.
دوای هێرشه تیرۆریستییه‌كانی
11 / 9، شەڕی عێراق بوو بە یەکەم جه‌نگ كه به خێرایی گرووپ و چه‌كداره جیهادییەکان
ڕووی تێبكه‌ن، به‌جۆرێك به‌شێك له گەنجان بەدوای هەلی قارەمانێتی و شەهادەت و کۆمەڵگا
و ئامانجدا ده‌گه‌ڕان. جه‌نگی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە لە کاتێکدا تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی
ڕۆڵی سەرەکی هه‌بووه له هاندانی خه‌ڵك بۆ په‌یوه‌ندی كردن به گرووپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه
– به‌تایبه‌ت تووڕه‌ی و ناڕزایی دژی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مەریكا و ناڕه‌زایی دژی حزبه ئیسلامییه شیعه‌كان كه كۆنترۆڵی كاروباری وڵاتیان
گرته ده‌ست، ناڕه‌زایی له پهراوێزخستنیی پێكهاته‌ی سوننه، هه‌روه‌ها ناڕه‌زایی
و توڕه‌یی دژی پشتیوانانی حزبه شیعه‌كان – ئێران – ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو، هه‌موو ئه‌م ناڕه‌زایی و دژایه‌تییه فۆڕمێكی ئایدۆلۆجی
وه‌رگرت به ئامانجی هێرشكردنه سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئامانجی هه‌ڵبژێردراو له‌پێناو خۆشكردنی
زیاتری جه‌نگ و پێكدادانه‌كان تا ئه‌وه‌ی زیاتر بڵاوببێته‌وه و فۆڕمێكی تائیفی بێزراو
وه‌ربگرێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دژیه‌كی و ناتەبایی
بوو ئه‌وه بوو كه ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق و ڕێكخراوی تیرۆریستی
ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له كۆتاییدا ئه‌وه‌نده به‌هێزبوون كه وای له هه‌ریه‌ك له ئێران
و ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا كرد كه له‌یه‌ك نزیكبنه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار
به‌شێوه‌ی تاكتیكی هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له هه‌وڵه جیاوازه‌كانیان دژی گرووپه جیهادی
و تیرۆریستییه‌كان.
لەلایەن خۆیەوە ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی
ئەمەریکا لە دوای شۆڕشی 1979 و قەیرانی بارمتەگرتنی دیبلۆماتكاره‌كانی لەگەڵ ئێران
لە ناکۆکیدایه، بەڵام هێشتا دەیتوانی سوود لە میلیشیاکانی سه‌ر به ئێران ببینێت
بۆ پاراستنی ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه نوێیەی کە لە عێراقدا دروستی کردبوو، بە تایبەتی
لە شەڕی دژ به گرووپه چه‌كداره یاخیبووه‌كان و تیرۆریسته جیهادییه سوننه‌كان.
هاوكات پێی باشبوو كه ئه‌و گرووپانە بە تەواوی تێکەڵ بکرێن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه
سه‌ربازییه‌كانی تری وڵات و له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه کۆنترۆڵ بکرێن، كه ئەمەریکا
پشتگیری دەکات.
هەروەها كه‌یسی جه‌نگی عێراق دەریدەخات
کە ده‌كرێت گرووپه جیهادییەکان لە ڕێگەی زیادەڕێزییەوە خراپترین دوژمنی خۆیان بن. میتۆدی وه‌حشیگه‌ری
و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و گرووپانه نه‌ك ته‌نها بووه هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن،
به‌ڵكو بووه‌هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی پشتیوان و لایه‌نگرانی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستیانه‌ش
له ناو كۆمه‌ڵگا. بۆ نموونه كاتێك داعش و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان هه‌ستان به
سه‌پاندنی قورسترین سزا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی جگه‌ره ده‌كێشن، یان ناچاركردنی خێزانه‌كان
بۆ وازهێنان له كچه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ چه‌كداره تیرۆریستییه‌كان
بكه‌ن، وایكرد خه‌ڵك به‌زوویی لێیان بڕه‌وێنه‌وه و پشتیوانیان نه‌كه‌ن.
هه‌ر به‌هۆی ئەو جۆرە موماره‌سه
دڕندانه‌وه بوو کە سوپای ئەمەریکا توانی گرووپە عەشایەرهكان كۆبكه‌نه‌وه له‌ژێر
ناوی ئەنجومەنهكانی سه‌حوه، یان کوڕانی عێراق بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان.
ڕەنگە ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراقی بیتوانیایه پشتیوانی خه‌ڵكی سوننه‌ی
به‌ده‌ست بهێنایه ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه
بكردایه و فۆڕمێكی مامناوه‌ندی ئیسلامی سوننی بخستایهڕوو، یان نوێنەرایەتی غەدر
و ناسۆرییه‌كانی هاوڵاتیانی سوننه‌ی بكردایه له عێراق. لە جیاتی ئەوە، ڕێكخراوی
تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق خزمه‌تكاری پرۆژه‌ی كاولكردنی ناوچه‌كانی عێراق بوو.
ئەم ئەزموونە خراپه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده‌ی عێراق دواتر بووه وانه‌یه‌كی
باش بۆ هەندێک لە گرووپه‌كانی تری سه‌ر به قاعیدە، وەک به‌ره‌ی ئەلنوسرە لە سوریا، بۆ نەرمکردنی ڕێبازی حوکمڕانی و پۆلیشكردنی
شەرعییەتی خۆیان و فراوانكردنی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتیان.
تیرۆریست ئه‌بو موسعه‌ب زەرقاوی
پازدە ساڵ لەمەوپێش كووژرا، بەڵام میراتە توندوتیژەکەی هێشتا به‌رده‌وامه. به‌جۆرێك
ئه‌و میراته توندوتیژ ئامێزه له وڵاته لێكههڵوهشاو و دابهشبووهكان و مەیدانەکانی
جەنگ لە سەرانسەری جیهانی موسڵمان و لە شارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیادا به‌دیده‌كرێت.
ڕاسته تیرۆریست ئه‌بو مه‌سعه‌ب زه‌رقاوی تەقینەوەی خۆکوژیی دانه‌هێنا، بەڵام هه‌ر
ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی کرد بە چەکێکی جیهادی به‌درێژایی سنوره‌كان. هه‌ر ئەو
بوو نهخشهداڕێژهی به ئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل، كه موماره‌سه‌یه‌كی جه‌نگه كۆنه‌كانه
و ته‌نانه‌ت جێگه‌ی مشتومڕه لەناو وه‌سه‌تی جیهادی و گرووپه تیرۆریستییه‌كان. زیاتر
له‌وه‌ش زه‌رقاوی پێشه‌نگی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییە دوو قۆڵی، یان هێرشی دوو لێدان " double-tap attacks"
ناسراوه (كه مه‌به‌ست لێی ئاماژە كردنه بە هێرشێک کە ناوچەیەکی تێدا بۆردومان دەکرێت،
پاشان یان تەقینەوەی زیاتر لە هەمان ناوچەدا ئه‌نجامده‌درێت کاتێک تیمەکانی ڕزگارکردن
دەگەنه شوێنه‌كه، یان نزیکترین نەخۆشخانە لەکاتی گواستنەوەی بریندارەکان بۆ چارەسەرکردن
بۆردومان دەکرێت). به‌واتایه‌كی تر تیرۆریستان دووه‌م بۆمب ده‌چێنن كاتێك بۆمبی یه‌كه‌م
ئامانجه‌كه‌ی پێكا به‌مه‌ش خه‌ڵكی بێ هێوا ده‌بن له دۆزینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستانیان.
ئەو بیرۆکەیەی کە ده‌ڵێت هیچ کەسێک
سەلامەت نییە ئه‌وه‌یه كه تاکە یاسا ئەوەیە کە هیچ ڕێسایەک بوونی نییه زۆر ترسێنەرە،
لەوانەشە بۆ ئەو كه‌سانه‌ی له‌بواری هاوكارییه مرۆییه‌كان كارده‌كه‌ن بەبێ هیچ ئەجێندایهكی
سیاسی و ده‌یانه‌وێت هاوكاری به قوربانییەکانی جەنگ بگه‌یه‌نن. یەکێک لەو کەسانە
گیل لۆسچەر بوو کە ساڵی 2020 لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، كه پسپۆڕێکی
بواری ئاواره‌كان بوو، گەشتی بۆ زۆرێك له ناوچه‌كانی جیهان کرد به مه‌به‌ستی ئامۆژگاری
کردنی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌و بواره‌دا. لۆسچەر بە شێوەیەکی
فراوان لەسەر ئەو هەڕەشانەی نووسیبووی كه ڕووبەڕووی پیشه‌كه‌ی بووه و هۆشداریشیدا:
"لە شەڕی جیهانی دژی به تیرۆردا هێڵی نێوان چالاکی مرۆییه‌كان و چالاکی سەربازییه‌كان
كاڵبووه‌ته‌وه".
لۆسچەر دەیزانی لە کوێوە قسەی
کردووە. لە هەشت کەس لە ئۆفیسی ڤییرا دی میلۆ لە هۆتێلی قه‌نات کاتێک بارهەڵگرە بۆمبڕێژكراوه
خۆی پێدا تەقاندەوە، هەرچەندە هەردوو قاچی لە دەستدا لە هەوڵی دەرکردنی پارچه‌كانی
ته‌قینه‌وه‌كه له برینەکانی ئەو تاکە کەس بوو کە ڕزگاری بوو. سه‌ره‌ڕای بریندارییه‌كه‌ی
هێشتا بەردەوام بوو لە کارەکانی بۆ داڕشتنی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر کێشەی پەنابەران
و كۆچبه‌ران لەوانەشە لە ڕێگەی نووسینەکانییەوە، بۆ ئه‌وه‌ی لهڕێگەیهوه ڕێنمای
بە دەزگا مرۆییەکان بدات سه‌باره‌ت به‌و ئاڵنگاریانه‌ی كه له جیهاندا ڕووبه‌ڕوویان
ده‌بێته‌وه و به‌شداربن له دروستكردنی میراتێك
كه بتوانێت زیاتر درێژه بكێشێت له میراته‌كه‌ی گه‌وره تیرۆریست ئه‌بو موسعه‌ب
زه‌رقاوی.
کلیک لێرە بکە بۆ داگرتن