سەید قمنی بیرمەند و توێژەری ئیسلامناسی

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

حەسەن یاسین

سەید مەحمود قمنی، کە ناوی خۆی سەیدە و  مەبەست ئەوە نییە سەیدزادەبێت، ٧ی ئەم مانگە (شوباتی ٢٠٢٢) لەتەمەنی ٧٤ ساڵیدا، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، ماڵئاوایی کرد.

سەید قمنی، یەکێکبوو لە توێژەرانی پڕ زانیاری و بەسەلیقە و لێهاتی توێژینەوە لە بواری ئیسلامناسی و ئیسلامی سیاسی و رەنجێکی زانستیی زۆری لەم بوارەدا دا و گەلێ بەرهەمی ناوازەی خستەبەردەم خوێنەرانی و بەهۆی را و بۆچوونەکانی، چ ئەوانەی لەنێو کتێبەکانیدا دەریبڕیون، چ ئەوانەی لە کۆڕ و سیمینارەکاندا باسی دەکردن، تووشی کێشە و سوکایەتیپێکردن و بەکافر لەقەڵەمدان بوەوە و هەر ئەمەش بوو هانیدا لەوەڵامی بەرەی نەزانی و جەهلدا پڕ بەدەم بڵێت : بەڵێ من کافرم ئەگەر بەدەربڕینی راستی کافر ببم. کەچی ئەگەر بچیتە سەر یوتیوب و تەماشای ئەو ڤیدیۆیانە بکەیت کە باسی سەید قمنی دەکەن، دەبینی نەیارەکانی ئەو قسەیەی سەیدیان بڕیوە و زوو زوو ئەوە بەگوێی گوێگر و بینەردا دەدەن کە سەید قمنی دەڵێ من کافرم!

کتێبی یەزدانی رۆژگار (رب الزمان) یەکێک بوو لەو کتێبانەی سەید قمنی لەسەری تووشی کێشەبوو، ئەزهەر کە دامەزراوەیەکی حکومیی دینییە و خۆی بە بەرپرسی کاروباری دینیی ئەهلی سوننە دەزانێ، لەدژی وەستانەوە و سەنگەریان لێیگرت، بەڵام قمنی ئازایانە بەرگەی گرت و بەبەڵگە و بۆچوونی زانستییانە و سەردەمییانە، وەڵامیدانەوە و بەرگریی لەخۆی و لە را و بۆچوونەکانی خۆی کرد.

لەدامەزراوەی ئەزهەردا، کە زانکۆیەکیشیان هەیە، خوێندکارانی بەشی توێژینەوەکانی دین، لە پرۆگرامەکانی خوێندندا باسی کۆیلە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆیلە و ئازادکردنی دەخوێنن، سەید قمنی لەمبارەیەوە رەخنەی لێگرتن و وتی دەمێکە کۆیلە نەماوە، کەچی ئێوە رەنجێکی زۆری خوێندکارانی بەشی توێژینەوەی دینیی زانکۆکەتان بەخەساردەدەن و کاتی ئەوە هاتووە دەستکاریی پرۆگرامەکانی خوێندن لەزانکۆکەتان بکەن!

دەوڵەتی میسر، لەڕێی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، رێزی لە هەوڵ و تەقەلا زانستییەکانی سەید قمنی گرت کاتێک وەک توێژەرێکی تەرخان، دایانمەزراندبوو و بەشێکی باشی بژێویی ژیانیان بۆ دابینکردبوو بەبێ ئەوەی داوای لێبکەن لەبەرانبەر موچەکەیدا دەوامێکی رۆژانە بکات، بەڵکو رێگەیان پێدابوو تەرخان بێ بۆ کارە زانستییەکانی،  هەروەها خەڵاتیشیان دایێ، کەچی رێکخراوی قاعیدە هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد، ئەویش لەبەر چارەنووسی ژن و مناڵەکەی ماوەیەک ناچاربوو، لەترسی هەڕەشەکەی رێگرانی ئازادی و کاری زانستی، رایبگەیەنێ کە وازی لە نووسین هێناوە و چی تر بەرهەمەکانی چاپ و بڵاوناکاتەوە!

بەهۆی ملدان بۆ هەڕەشەکەی رێکخراوی قاعیدە، د. سەید قمنی بەرەوڕووی رەخنەی زۆربوەوە، کەچی ئەوانەی رەخنەیان لێیدەگرت بیریانچووبوو کە فەرەج فۆدەی هاوڕێی نزیکی سەید قمنی، هەر بەهۆی ملنەدان بۆ هەڕەشەی ئیسلامییەکانی توندڕەو شەهیدکرا و ژن و مناڵەکانی سەرگەردان بوون و لەبارێکی دەروونی و بژێویی یەکجار خراپدا، دوای شەهیدبوونی فۆدە، دەژیان.

سەید قمنی، چەندین کتێبی نایابی پێشکەش بەکتێبخانەی عەرەبی و جیهانی کرد و لێرە ناتوانم سەرلەبەری کتێبەکانی، کە خزمەتێکی ناوازەن لەبواری رۆشنگەریدا، تاوتوێ بکەم و لەسەریان بدوێم، بەڵام هەر ئەوەندەم لەدەستدێ بڵێم:

سەید، گۆڕت پڕ نور و رێبازی زانستییانەت بەردەوام.

زۆرترین خوێنراو