گرنگ
مسته‌فا ئه‌دیب له‌ ئه‌ركی پێكهێنانی حكومه‌تی لوبنان كشایه‌وه‌
فوئاد حسێن خۆی‌ گه‌یانده‌ تاران
ره‌وشی كه‌شوهه‌وا و پله‌كانی گه‌رمای ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ راگه‌یه‌ندرا

ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی له‌ حكومه‌تدا

ئاراس حه‌سه‌ن
02/10/2019
ئه‌م بابه‌ته 3224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، كه‌ له‌ 10ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ متمانه‌ی په‌رله‌مانی به ‌ده‌ست هێنا، ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی یه‌كێتیی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌سه‌ره‌ ئه‌گه‌ر بێتو به‌م شێوازه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت، به ‌تایبه‌ت كه‌ تا دێت ئاستی نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌م دوو پارته‌ له‌ هه‌ڵكشاندایه ‌و ڕێكکه‌وتنه‌ پێشوه‌خته‌كانی پێكهێنانی كابینه‌كه‌ش، كه‌ له ‌نێوان پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی و یه‌كێتییدا كراوه‌ جگه‌ له‌ نووسراوی سه‌ر كاغه‌ز شتێكی ئه‌وتۆیان لێ سه‌وز نه‌بووه‌. نه‌ یه‌كێتیی بووه‌ به‌ شه‌ریكی ڕاسته‌قینه ‌و نه‌ گۆڕانیش ده‌زانێت بۆچی له‌ حكومه‌تدان.

 

ئێستا نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتیی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه‌ دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی حكومه‌تن له‌ ئاستی گفتوگۆی داخراوی نێوان ئه‌م دوو هێزه ‌و پارتیدا ده‌رچووه ‌و بووه‌ته‌ بابه‌تی گه‌رمی میدیاكان، به ‌تایبه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ هێشتا ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕوون نین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پرسی پارێزگای كه‌ركوك و چه‌ند بابه‌تی دیكه،‌ كه‌ ده‌بوو به‌ پێی ڕێكکه‌وتنی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو حزب ده‌مێكبووایه‌ یه‌كلایی بكرابایه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، كه‌ له‌وه‌ته‌ی حكومه‌ت پێك هاتووه‌ چاوه‌ڕوانی دانانی ته‌نیا یاریده‌ده‌رێكه‌ له‌ نزیك سه‌رۆكوه‌زیران، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی حكومه‌ت، یاریده‌ده‌ره‌كانی به‌ گۆڕانخوازه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ پڕ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زیری دارایی و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و وادانه‌ی كه‌ گۆڕان پێی وا بوو مه‌رجی چاكسازین و پێوه‌ری به‌شداریكردنیانه‌ له‌ ناو حكومه‌تدا.


ئه‌و تێبینییانه‌ی له‌ لایه‌ن دوو هاوبه‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هه‌ردوو هێزه‌كه‌ له‌ حكومه‌تدا خێراتر ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر پشتگوێخستنی ڕێکكه‌وتننامه‌ هاوبه‌شه‌كان و ته‌حجیمكردنی ئه‌م دوو هێزه‌ له‌ ناو ناوه‌ندی بڕیارداندا، كشانه‌وه‌ی ئه‌م دوو هێزه‌ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌دای كاری حكومه‌ت، به‌ تایبه‌تی سنوورداركردنی بڕیاره‌كانی له‌ مه‌ودایه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا.


به ‌پێی هه‌ندێ زانياری، پێده‌چێت پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ مه‌به‌ست كار له‌سه‌ر په‌راوێزخستنی ئه‌م دوو هێزه‌ بكات له‌ ناو حكومه‌تدا، پلانه‌كه‌شی یان ئه‌وه‌تا بۆ ده‌رچوونی ئه‌م دوو هێزه‌یه‌ له‌م حكومه‌ته‌دا و دواتر پارتی به‌ پشتیوانیی كۆتاكان و چه‌ند ورده‌ هێزێكی دیكه‌ (50+1ی په‌رله‌مان) كابینه‌یه‌كی تری حكومه‌ت به‌ ته‌نیا درووست بكات، یان بیه‌وێت به‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته‌ و له‌ حاڵه‌تی بێده‌نگبوونی یه‌كێتیی و گۆڕاندا بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر ته‌واوی سێكته‌ره‌كانی حكومڕانییه‌وه‌ فراوانتر بكات و كار و بڕیار و پڕۆژه‌ی هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ ناو حكومه‌تدا له‌ فه‌له‌كی پارتی و سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌رنه‌چێت، بۆیه‌ سه‌ره‌تاكانی ئه‌م مه‌ركه‌زییه‌ توونده‌ به‌ جڵەو‌كردنی زۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان له ‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ له‌سه‌ر مه‌حاڵبوونی مانه‌وه‌ی یه‌كێتیی و گۆڕان له ‌ناو ئه‌م كابینه‌یه‌دا.


كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی ده‌رچوونی یه‌كێتیی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌حكومه‌ت ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی بڕیار و ئه‌دای حكومه‌تدا كورت ناكرێته‌وه،‌ به‌ڵكوو ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ سه‌ربكێشت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی و لێكترازان و دابڕانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان تا تۆخكردنه‌وه‌ی سنووری دووئیداره‌یی، به‌ر‌پرسیارێتیی هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌ نه‌خوازراوانه‌ش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له ‌ئه‌ستۆی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ده‌بێ، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ هیچ هێزێك تا سه‌ر قبووڵی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بكات، كه‌ نییه‌ت و ئامانجه‌كه‌ی لێدان و په‌راوێزخستن و له ‌قاڵبدان بێت.

زۆرترین خوێنراو

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure