گرنگ
نرخی دراوه‌كان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا 4 كه‌س بوونه‌ قوربانی‌
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌

ڕۆژاڤاى دژەفاشیست

وەلید عومەر
16/10/2019
ئه‌م بابه‌ته 1032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



فاشیزم لە سادەترین پێناسەدا واتە سڕینەى ئەویتر، کە مافى ئەوەى نەبێت هەبێت، مافى ژیانکردنى نەبێت، بوونیشى هەروەک مشەخۆرێک دەردەکەوێت کە ئازارمان دەدات. بە مانایەکى تر، فاشیزم جۆرێک لە نابیناییە، جۆرێکە لە چاوهەڵنەهاتن بەوی تردا. فاشیست هەر ئەو کەسە نییە کە هێزى هەیە، ئەوانەش دەتوانن فاشیست بن کە بێهێز و قوربانیین. فاشیزمى مۆدێرن بە گشتى ئەو فاشیزمەیە، کە لە هێزەوە هەڵقوڵاوە نەک لە لاوازییەوە. واتە هێزت هەیە ئەویتر داپڵۆسیت، بیسڕیتەوە. گەر لاوازەکانیش کەموکورت توخمى فاشیستییان تیا بووبێت ئەوا پتر ڕوو لە ناوەوە بووە، بۆ گیانى ئەندامانى قەوارەکەى خۆیان بووە. بەم پێیە، ئێمەى کورد لە ئاستى پراکتیک و هێزدا ناتوانین فاشیست بین و ئەوەى دەمێنێتەوە هەستێکى پەنگخواردووە، کە زیانەکەى بۆ خۆمان و کولتوورى خۆمانە. فاشیزم خۆى لە ڕوانگەیەکى ماتریالیستییەوە ئەنجام (effect)ـە نەک هۆکار(cause) ئەنجامى شکستى بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و چینى ناوەڕاست، پەروەردەى خراپ، زاڵبوونى جەنگ و … هتد. واتە فاشیستبوونى تۆ ئەنجامى کۆمەڵێک هەلومەرجى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورییە و شتانێک هەن تۆیان کردووە بە فاشیست نەک ئەوەى تۆ هەر خۆت فاشیست بیت. بەڵام پەیوەندیى ״کورد״ لەم ناوچەیەدا و بە جیهانیشەوە، لەم پێناسەیە تێدەپەڕێت. فاشیزم بۆ کورد هۆکار بووە نەک ئەنجام. ئەویترى غەیرەکورد، لەبەر ئەوەى لە پەیوەندیدا بە کوردەوە فاشیست بووە بۆیە هەمیشە ״کوردێکى خەفەکراو״ى ویستووە. ئەوەى وای کردووە کورد کەمتر لە مرۆڤ سەیر بکرێت، جۆرە فاشیزمێکى نیشتووى مێژووییە، کە لە بنەوە هۆکارە سیاسى و ئابوورییەکان دەتەقێنێتەوە. واتە دالى “کورد” بووە بە گەورە مەدلولی ھەموو ھۆکارێکى دیکە. فاشیزمەکەى ئەردۆغان، کتومت لەو فاشیزمەى سەدەى بیست ناچێت گەرچى لە خاڵە گشتییەکاندا بە هەمان ڕێچکەدا ڕۆیشتووە. بەڵام جیاوازییەکانیشى ئەوەیە کە، بۆ نموونە، وەک ئەوەى جەنگیز ئاکتارى لێکۆڵەر لە نووسینێکیدا دەیڵێت: فاشیزمى نیۆعوسمانى لە سەرەتاوە لەگەڵ گەشەى ئابووریدا دەستی پێ کردووە نەک هەرەسى ئابوورى. بە تەپینى ئابوورییەکەشى ئەم فاشیزمە لە ناو ناچێت. فاشیزمى تورکى سەرەتا لە ڕێگەى سەرکردەیەک و نووخبەیەکەوە بنیات نرا و ئەمڕۆ پشتیوانییەکى کۆمەڵایەتیى هەیە و جەماوەرێکى بەرخۆر ئەم هەستەیان لە خۆیاندا نیشتەجێ کردووە (لێرەوە فاشیزمى تورکى بەرامبەر بە هەر ئەوێکى ترى کوردە و بە پێچەوانەوە کاردانەوەى کوردەکان زیاتر ڕووەو تاقمە باڵادەستەکەى ئەو فاشیزمەیە نەک تاک بە تاکى تورکەکان).


بایەخى خەباتى ڕۆژاڤا ئەوە بوو کە لە دژایەتیى فاشیزمەوە دەستی پێ کرد. لەبرى سڕینەوەى ئەویتر و کەچى ئەویترى هێنایە بەردەم تێگەیشتن و پێکەوەبوون. ئەویترى نەتەوە و ڕەگەزەکانى ترى داوەت کرد پێکەوە دژى فاشیزم بجەنگن. تا ئەمڕۆش کە لە بەردەم چەپۆکى فاشیزمدان، کەچى خۆیان لە درووشمى فاشیستى پاراستووە. مردن بۆ ئەوان لەوە باشترە تاکو ژیانێکى فاشیستانە بمێننەوە و هەناسە بدەن. ئەوان لە جەنگدا دژى فاشیزم، نابنە فاشیست بەڵکوو هەوڵ دەدەن ئاکارى فاشیستى تێپەڕێنن. کارەکتەر و کولتوورى فاشیستى هەڵوەشێننەوە. بۆیە بە وتەى نیچە، جەنگ بۆ ئەوان سرووتێکى دایۆنیزۆسیى هەیە. جەنگ بە پیرەوەچوونى ژیانە نەک مردن. کە دەشمرن بۆ ئەوەیە پاش خۆیان ژیان بە شێوەیەکى نا-فاشیستى سەوز بێتەوە.


لە باشوور هەڵەتێگەیشتنێک هەیە بۆ چەمکەکان. زۆرجار پەرچەکردارەکان وا دەکەن کە نەزانین چى دەڵێین. هەموومان خەمبار و تووڕەین لەم دۆخەى ڕۆژئاڤا، بەڵام تووڕەیى جیایە لە فاشیزم. دەتوانین لە هەڵوێستە لاوازەکانى خۆمان تووڕە بین بەرامبەر فاشیستە دەرەکییەکان، بەڵام ئەمەش بە خێرایى دادمان نادات. ئێمە لەوە تووڕەین بۆ بێهێزین؟ بەڵام هێز لە بنەڕەتدا خۆى شتێک نییە خێرا درووست ببێت. درووستکردنى هێز پڕۆسەیە. دەبوو دەیان ساڵ پێشتر بیر لە سەرچاوەکانى هێز بکەینەوە. ئەمەش بە پلەى یەکەم ئیشى پڕۆژەیەکى زانستیى نەتەوەییە. گوفتارى فاشیستى لە دەمودەستێکدا نابێتە سەرچاوەى هێز. ڕەنگە بتوانین هێز لە پێچەوانەکەیەوە وەرگرین: دەبێت هەوڵدەین بۆ دونیاى بسەلمێنین، کە ئێمە فاشیست نین. مەسەلەکە ئەوە نییە وەک مەسیح لایەکى ترمان بکەنەوە لێمان بدەن (ئەوەمان نەکردووە و دەجەنگین)، بەڵکوو بەکارهێنانى لێبووردەییە وەک تاکتیک لە ئێستادا. ڕەنکە بشتوانین لە داهاتوویەکى دووردا ئەم تاکتیکە بگۆڕین بۆ ستراتیژ و پەروەردە. گەر لە ئێستاشدا هیچمان پێ نەکرا، بە بەرەنگارییەوە بمرین باشترە لەوەى فاشیستانە بمرین.

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure