گرنگ
نرخی‌ نه‌وت گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هات
ئاكى بووه‌ یاریزانى مانچێسته‌ر سیتى
بە هۆی تەقینەوەكەی لوبنان، گومرگی عێراق رێوشوێنی خۆپاراستن دەگرێتەبەر

بێلایەنیی دەسەڵات لە بەرامبەر شەڕی هەموان دژی هەموان

خالد سلێمان
01/02/2020
ئه‌م بابه‌ته 1178 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

 

دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا کۆمەڵگەی بۆ هەرچی چارەنوسی خراپ و چاوەڕواننەکراو هەیە بەجێهێشتوە. لە ئاڵۆزترین دۆخ و نالەباریدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک تەنها ڕۆڵی داکۆکیکەر نابینێت بەڵکو وەک کارەکتەرێکی بێلایەن لە نێوان خراپەو باشیدا دەردەکەوێت. دەکرێ لەسەر زۆر دۆسێی جیاواز بوەستین بۆ دەرخستنی خەسڵەتەکانی بێباکیی دەسەڵات بەرامبەر کۆمەڵگە: ڕوبەرەکانی پەروەردەو فێرکردن، تەندروستی، بازاڕ، یان ئەو هەڕەشانەی ژیانی ڕۆژانەی تاک و گروپەکان دەخەنە ژێر مەترسییەوە، لەناویاندا ئاساییکردنەوەی خراپەکاریی لەگەڵ ژیانی خەڵکدا.

ئەمڕۆ بەباشی تێبینی ئەوە دەکەین هەندێ فیگەری ئاینی تا ئەوپەڕی سنوری خراپەکاریی، بەشێوازی جیاواز کۆمەڵگە ڕسوا دەکەن و جگە لە پلاتفۆڕمەکانی میدیا کۆمەڵایەتی، هەندێ میدیای <پڕۆفیشناڵ>یش دەرگا بۆ بڵاوکردنەوەی خراپەکاریەکانیان دەکەنەوە. مەلایەک خواردنەوەی میزی وشتر لای خەڵک دەکاتە شتێکی ئاسیی و وێنەکەش دەچێتە هەمو ماڵێکەوە، یەکێکی تر ژنان ڕسوا دەکات و وەک کاڵاو شتومەک تەماشایان دەکات و یەکێکی تریش هەر ڕۆژەی بە کۆمەڵێ دەستەواژەی نابەجێوە خۆی نمایش دەکات؛ ڕۆژێک ناوی هونەرمەندێک دەنێت دەڵەسەگ و ڕۆژی دواتر باوک و براو هاوسەری ئەو ژنانەی لەچک بەسەر نین، بە ״گەواد״ ناودەبات. لە ناو ئەم دیمەنەدا کە خراپەکاریی و بەدڕەفتاریی دو خەسڵەتی بەرچاون، دەسەڵات و دەزگا یاسایی و جێبەجێکارەکانی و دامەزراوە سیاسییەکان، لە ڕوبەرێکی تەواو بێلایەنەوە دەڕواننە کێشەکان و کۆمەڵگە بەبێ کۆڵەکەو بێ بەرگریی یاسایی دەهێڵن.

ڕوبەری گشتی، کە جێگەی خەڵکی مەدەنی و عەلمانی و لیبرالی و ئیماندارو خاوەن باوەڕی ئاینی و مەزهەبی جیاوازی تیادەبێتەوە، شوێنێکی لەبیرکراو نیەو ڕۆڵی دەوڵەت تیایدا یەکلاکەرەوەیە. ئەویش لە ڕێگەی پاراستنی مافەکانی خەڵکەوە لەهەر دەستدرێژییەک. ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت دەوڵەت پشتیوانی بەرەیەک بێت لەسەر حیسابی بەرەیەکەی تر، بەڵکو ڕۆڵەکەی پاراستنی ڕوبەرە گشتییەکەیە لە پێناو زامنکردنی مافی هەمو لایەک، بەتایبەتیش ئازادییەکان و مافی دەربڕین. هەڵبەتە لێرەدا، بەدڕەفتاری و خراپەکاری و دەرچون لە سنورە ئەخلاقیەکان ناچنە خانەی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، چونکە جگە لەوەی ئازادی و ڕای بەشێکی زۆری خەڵک زەوت دەکەن، کەرامەت و هەستی هەمان خەڵکیش بریندار دەکەن؛ ئەگەریش لەسایەی بێدەنگیی دەوڵەتدا بەردەوام بن، ئەوا بەرەو ئاقارێک هەنگاو دەنێن، دور نیە ببنە هۆی شڵەقاندی نۆرمە گشتیەکان و هەڕەشەش لەسەرجەم داهاتوی کۆمەڵگە.

بەرامبەر ئەم بەرپرسیارێتییە، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا نەک ڕوبەری گشتیی نەپاراستوە، بەڵکو بەجێی هێشتوە بۆ چارەنوسێکی نادیار، تەنانەت لەناو ڕوبەرەکە خۆیدا بۆچونێک هەیە کە ئەو خراپەکاری و بەدڕەفتارییەی هەندێ مەلای ئاینیی پێی هەڵدەستن، بەشێکن لە یارییەکی دەسەڵات خۆی؛ کە ئامانجی لاوازکردنی هەمو لایەک بێت و لەبیربردنەوەی کێشە گشتییەکان. لەگەڵ ئەم بێدەنگی و بێلایەنییەی دەسەڵات و دامەزراوە یاساییەکانیدا بەرامبەر ڕەوتێکی سەلەفی، کەناڵە کاریگەرەکانی میدیا لە کوردستاندا کە هەمویان موڵکی حزب یان موڵکی کەسایەتی باڵادەستی ناو حزبەکانن، لەباشترین حاڵەتدا خراپەکار دەهێننە سەر شاشەو ماوەی ئەوەی ئەدەنێ پاکانە بکات و ئەو <ئیهانە> و بێشەرمییەی کردی، لەبیری خەڵک بباتەوە. بەشێکی زۆری کەناڵەکانیش، وەک ئەوەی لاسایی دەسەڵات بکەنەوە یان بڕیارەکانی جێبەجێ بکەن، بێدەنگییان لەئاست بەجێهشتنی خەڵکدا هەڵبژاردوەو بەشێک نین لە چەلەحانێکان.

ئەم بێلایەنییە بەرامبەر کێشەکانی ناو ڕوبەری گشتی، پاشەکشێی دەزگاکانی دەوڵەتە لە پاراستنی هاووڵاتیان و زامن نەکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتییە، چونکە ئامادە نەبونی دەزگاکانی دادو جێبەجێکار لە ڕوبەری گشتیدا، بە ڕوبەری پلاتفۆڕمەکانی میدیای کۆمەڵاتیشەوە کە زۆرترین و خێراترین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە، ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات بەشێکی کۆمەڵگە ببێتە دوژمنی بەشەکەی تر، بەڵام لە بەرژەوەندیی ڕەوتێکی سەلەفیی تاریکخوازدا.

بەکورتیەکەی، تەنها ئەوە بەس نیە هەندێ لە چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران ڕوبەری گشتی لە خراپەکارو بەدڕەفتارەکان بپارێزن، بەڵکو دەبێت داواکاری گشتی پێش هەمو لایەک بەم کارە هەڵسێت.

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure